From Wikipedia, the free encyclopedia
لالەی دەریا یان جەلی ماسی (بە ئینگلیزی jellyfish-fish jellies) زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵە بونیان هەیە بەمەش[1] لە دایناسۆرەکان کۆنترن،لە سەرانسەری جیهاندا لە تەنکاوەکانی کەنار دەریاوە تا قوڵایی زەریاکان و لە ئاوی سوێر و سازگاریشدا دەژین هەروەها کۆنترین گیانداری فرەئەندامن،ناوی جەلی ماسی لە ساڵی ١٧٩٦ـەوە بەکار دەهێنرێت بەڵام سەرەڕای ناوەکەیان جەلی ماسی لە ڕاستیدا ماسی نین ئەوان بێبڕبڕەکانن واتە بڕبڕەی پشتیان نییە. پۆلێنکراوە لە پۆلی نایدەریا-Cnidaria بە مانای دەزووی پێوەدان دێت، لالەی دەریا (٪٩٥-٩٨)ی لەشی لە ئاو پێکدێت هەروەها دڵ، ئێسک، خوێن،[2]سییەکان و ناوەندی مێشکییان نییە، [3]لە جیاتی مێشک کۆمەڵێک دەماری هەیە کە پێی دەوترێت تۆڕی دەماری یان ئەڵقەی دەماری ئەم تۆڕە دەمارییە یارمەتییان دەدات بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکاری لەو ژینگەیەی تێیدا دەژین لەوانە پلەی گەرمی، هێزی کێشکردن، سوێری ئاو، چڕبوونەوەی ئۆکسجین، لەرینەوە و تەوژم ئەم دەمارانە وا دادەنرێت کە ڕێکخەری سەرەکی کردارەکانی جەلی ماسین، هەروەها کۆمەڵێک کۆتایی دەماری هەیە کە پێی دەوترێت ڕۆپالیا دیارترین پێکهاتەی هەستی لالەی دەریایە دەمارەخانە و خانەی کێشکردن و خانەی وەرگری ڕووناکی تێدایە و پێکهاتەی تایبەت بۆ هەستکردن بە ڕووناکی (خاڵی چاو) و جوڵە یان ئاراستە بە گوێرەی هێزی کێشکردن لەخۆدەگرێت.
چاوی جەلی ماسی لە ڕۆپالیادا دەدۆزرێتەوە، سیستەمی بینایییان دەتوانرێت لە چاوی سادە یان تەنانەت چاوی هاوێنەی ئاڵۆز پێک بێت، هاوشێوەی مرۆڤ، جەلی ماسی چوار جۆری جیاواز چاوی هەیە هەر جۆرێ بۆ مەبەستێک بەکاردێت [4]دەکەونە دەوری خوارەوەی زەنگەکەی، دوو جۆری چاو توانای دروستکردنی وێنەیان هەیە، لە کاتێکدا دوو جۆرەکەی تر یارمەتیدەرن لە مەلەکردن، خۆلادان لە بەربەستەکان و وەڵامدانەوەی ڕووناکی. سەرەتایترین کۆمەڵە تەنها ئاستی ڕووناکی دەدۆزێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک چاو ئاڵۆزترە و دەتوانێت ڕەنگ و قەبارەی تەنەکان بدۆزێتەوە.
هەندێکیان[5] بە سادەی خاڵی چاویان هەیە کە تەنیا ڕووناکی دەدۆزێتەوە، بەڵام هەندێکی تر لەوانە جەلی ماسی سندوق سیستەمێکی بینایی ئاڵۆزتریان هەیە کە پڕە لە هاوێنە، تۆڕی چاو و کۆرنیا، دەتوانن وێنەی لێڵ ببینن، چاوە ئاڵۆزەکان نەک تەنها ئامرازێکن بۆ گەڕان بە ژینگەی خۆیان، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگە بە لالەی دەریا دەدەن هێزی کێشکردن بدۆزنەوە.
لالەی دەریا بەپێی جۆرەکەیان ڕەنگیشیان جیاوازە کە بێ ڕەنگ و شەفافن یان دەتوانن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن باوترین ڕەنگیانی زەرد، مۆر، پەمەی، شینە.
قەبارەی بەگشتی زەنگەکە لەوانەیە کەمتر لە ئینجێک یان زیاتر لە پێیەک درێژ بێت، تیرەی هەندێک جۆریان دەگاتە حەوت پێ، درێژی قۆچەکانی بەپێی جۆرەکەی جیاوازە هەندێک جەلی ماسی درێژی قۆچەکانی زیاتر لە ١٠٠ پێ دەبێت.
ئەو جەلی ماسیانەی وەک سەری دەرزی بچووکن تەنها دەتوانن پلانکتۆن بخۆن کە بوونەوەری بچووک و سەرئاو کەوتوون، جەلی ماسی گەورەتر سەرچاوەی خۆراکی گەورەتری وەک ماسی و ڕۆبیان و قرژاڵ ڕاو دەکات.
نزیکەی [6](٪٥٠)ی لالەی دەریا دەتوانن ڕووناکی بەرهەم بهێنن کە لە تاریکیدا دەدرەوشێنەوە ئەم توانا سەرسوڕهێنەرە پێی دەوترێت “بریقەدار” یان “درەوشانەوەی زیندەوەری” لالەی دەریا بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرگری کردن لە ئاژەڵە دڕندەکان بەکاری دەهێنێت بۆ نموونە بۆ ترساندنی ئاژەڵە دڕندەکان و پێدانی کات بۆ هەڵاتن. ئەو ڕووناکییەی زیندەوەران دەتوانن بەرهەمی بهێنن بەهۆی کارلێکێکی کیمیاییەوە دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەم کاردانەوەیە ڕووبدات دەبێت هەڵگری گەردیلەیەک بن کە پێی دەوترێت لوسیفرین لەگەڵ یەکێک لەو دوو ئەنزیمە لوسیفیراز و فۆتۆپرۆتینی.
کاتێک لوسیفرین بە شێوەیەکی کیمیایی لەگەڵ ئۆکسجین کارلێک دەکات وزە لە شێوەی ڕووناکی دەردەدات، [7]باوترین ڕووناکی بەرهەم هێنان لە زەریادا سەوز و شینە چونکە ئەم درێژی شەپۆلانە زیاتر بەناو ئاودا دەڕۆن، هەندێک ماسی دەتوانن رووناکی سوور دروست بکەن.
بەشی سەرەوەی لەشی لەشێوەی زەنگی شێوە چەتردایە، بەشی دەرەوەی چەترەکە بە exumbrella ناونراوە هەروەها بەشی ناوەوەی بە subumbrella ناونراوە، لالەی دەریای پێگەیشتوو دەتوانێ جەستەیەکی خڕ یان چوارگۆشەی هەبێت کە قۆچەکانی پێوەدەلکێن. ناو و فرمانەکانیان:
چینی دەرەوە-epidermis: ئۆکسجین هەڵدەمژێت و ڕێگە دەدات لە هەموو لەشدا بڵاو ببێتەوە،ئەمە ڕێگە بە جەلی ماسی دەدات بەبێ سییەکان، دڵ و خوێن بژی.
چینی ناوەڕاست-mesoglea:ماددەیەکی جەلاتینی ئەستوورە کە زۆربەی لە ئاو پێکهاتووە لەگەڵ کۆلاجین و پرۆتین هەروەها بەرپرسە لە عەمبارکردنی ئۆکسجین بۆ ماوەیەکی درێژ و پاڵپشتی جەستە دەکات.
چینی ناوەوە-gastrodermis: چینێکە لە بەشی خوارەوەی زەنگی لالەی دەریادا ئەرکی سەرەکی هەرسکردنە و یارمەتی ئاڵوگۆڕی گازەکان دەدات.
کەلێنی گەدە-gastric cavity: شوێنی سەرەکی هەرسکردنی خۆراک و هەڵمژینی خۆراکەکانە، خواردن لە دەمدا تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو کەلێنەکە، لەناو کەلێنی گەدە پەردەی خانە بە دەوری گەردیلەکانی خۆراکدا دەپێچێتەوە و پاشان دەیانباتە ناو کەلێنی ناوەوە.
ئەندامی زاوزێ-Gonad: دەکەوێتە خوارەوەی گەدە، ڕژێنی زاوزێیە کە سپێرم لە نێر و هێلکە لە مێینەدا بەرهەم دەهێنێت.
کەناڵەکانی نیوەتیرەیی-radial canal: ئەم سیستەمە لە کەناڵەکان خزمەت دەکات بۆ دابەشکردنی خۆراک بۆ بەشەکانی دەرەوەی لەشی.
دەم-Mouth: لە ناو جەستەی زەنگییاندا کونێک هەیە کە دەمییەتی لە ڕێگەیەوە خواردن دەخۆن و پیسایش دەردەدەن.
بەشی خوارەوەی لەشی قۆچەکانی Tentaclesهەیە: ٨هێشووی قۆچی کە هەر هێشوویەک لەوانەیە زیاتر لە ١٥٠ قۆچی هەبێت وەک بەرگری و چەکێکی بەهێز بۆ گرتنی نێچیر کاردەکەن.
لە ناوەوەی قۆچەکاندا لالەی دەریا هەزاران خانەی پێوەدانی هەیە کە هەر یەکێکیان پێکهاتەیەکی تایبەتی تێدایە پێی دەوترێت کیسەی نێمەتسست، ٣٠ جۆری جیاوازی هەیە [8]ناوی “نێمەتسست-nematocysts ” بە مانای “کیسەی دەزوو” دێت کە وەسفی پێکهاتەکەی دەکات: بڕبڕەی تیژ بە لوولەیەکی درێژەوە بەستراوەتەوە لە کیسەیەکدا لەسەر ڕووی ئاژەڵەکە هەڵگیراوە، خانەی بچووکی پێوەدانن لە چەقۆی بچووک دەچن، چەکێکی خانەیی بەرچاون بۆ ڕاوکردن و بەرگری و هەندێ جار بۆ جوڵە بەکاردەهێنرێن. کیسەکان لە کەپسولێکی پەستانی پێک هاتوون کە دەزووێکی پێچراوەی وەک چەقۆ لەخۆ دەگرێت، کاتێک لالەی دەریا بە ئاماژەی کیمیایی یان میکانیکی هاندەدرێت واتە کاتێک هەست بە تێکچوونێکی جەستەیی یان کیمیایی دەکات پێکهاتەیەکی وەک سەرپۆش لەسەر ڕووی کەپسولەکە دەردەکەوێت کەپسولەکە بە تەقینەوە دەردەچێت و دەزووی پێچراوە دەردەهێنێت کە ئامانجەکە کون دەکات پاشان ژەهرەکە بەناو دەزووەکەدا تێدەپەڕێت و شانەکانی قوربانی ئیفلیج دەکات، بە خێرایی درێژ دەبێتەوە بە سوڕانەوەی ناوەوە بۆ دەرەوە لە پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت هەڵگەڕانەوە دواتر دەزووەکە لە کیسەکە جیادەبێتەوە، دەزووی هەندێک لە کیسەکانی نێمەتسست نێچیری بچووک دەگرن بە پێچانەوەیان.
دەرچوونی کیسی نێمەتسست [9]بە یەکێک لە خێراترین پرۆسەکانی زیندەوەرزانی و میکانیکی سروشت ناسراوە کە لە ماوەی ٣ میللی چرکەدا ڕوودەدات.
ژەهری لالەی دەریا پێکهاتووە لە پۆرینەکانی پرۆتینی بەهێز (ژەهری پەردەی خانە)، پێپتیدەکانی ژەهراوی دەمار، چەوری چالاک و گەردیلە بچووکەکانی تر، هەموو ژەهرەکانی جەلی ماسی “پۆرین”ی تێدایە ([10]پۆرینەکان گەردیلەی پرۆتینن کە لە بنەڕەتدا لە پەردەی دەرەوەی بەکتریای گرام نێگەتیڤ دۆزراونەتەوە) هێرش دەکاتە سەر خانەکانی ئەو کەسەی پێوەی دەدات، بەگوێرەی بڕ و ڕێژەی پۆرینەکان پێوەدانەکان دەبنە هۆی سوربوونەوە و هەڵئاوسان و نیشانەی جیاواز هەروەها [11]ژەهری لالەی دەریا کاریگەری لەسەر سیستەمە جۆراوجۆرەکانی جەستە هەیە وەک دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان و لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.
زۆربەی جۆرەکانی لالەی دەریا قۆچیان هەیە، بەڵام هەموویان کیسی نێمەتسستی بەهێزیان نییە.
قۆڵی دەمی-Oral arm: لەنێو زۆرێک لە قۆچەکانیان، هەندێک لالەی دەریا بەشێکیان هەیە کە پێی دەوترێت قۆڵی دەمی ئەم پاشکۆ درێژانە نێچیری گیراو دەگوازنەوە بۆ دەمی، کە بەزۆری دەکەونە بەشی خوارەوەی زەنگەکە.
بەدرێژایی سووڕی ژیانیان دوو شێوەی جیاوازی جەستە وەردەگرێت: مێدوسا و پۆلیپ. مێدیوسا (بەپیتاندنی هێلکەکان) سپێرم و هێلکە بەرهەم دەهێنێت بۆ زاوزێ، پۆلیپ (بە لەبەرگرتنەوەی خۆیان) بە ناڕەگەزخوازی زاوزێ دەکات.
قۆناغی یەکەم: مێدیوسای پێگەشتوو بە کۆمەڵی گەورە کۆدەبنەوە [12]سپێرم و هێلکەی نەپیتێنراو بەردەدەن بۆ ناو ئاوی دەوروبەریان، کرداری پیتاندن ڕوودەدات و هێلکە پیتێنراوەکان بەزۆری جێدەهێڵرێن بۆ ئەوەی بە ئازادی لە تەوژمی زەریاکاندا بسوڕێنەوە، بەڵام هەندێک لالەی دەریا هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ پاراستنی هێلکەکانیان، بۆ نموونە جەلی ماسی مانگ ڕێگە بە هێلکە پیتێنراوەکان دەدات بە قۆڵەکانی دەمی بنوسێن و بیانپارێزن تا ئەو کاتەی ئامادە دەبن بۆ ژیان لە قۆناغی داهاتووی ژیانیاندا.
قۆناغی دووەم: ئەم هێلکە پیتێنراوانە گەشە دەکەن و دەبنە سپۆرێکی پلانکتۆنی کە پێی دەوترێت کرمۆکەی پلانولا، دەتوانێت بە ئازادی مەلە بکات و لە کرمێکی تەختی مایکرۆسکۆبی دەچێت کە بە مووی بچووک داپۆشراوە ڕێگە بە پلانولا دەدەن مەلە بکات، پلانولا بەردەوامە لە گەشەکردن و کاتێک گەورە بوو هەوڵ دەدات ڕووکەشێکی ڕەقی گونجاو بدۆزێتەوە تا پێوەی بنوسێت لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت لەوانەیە خۆیان بە ئاژەڵەکانی ترەوە ببەستنەوە بەتایبەتی جەستەی جەلی ماسی پێگەیشتوو، کاتێک شوێنێکی گونجاوی دۆزیەوە پلانولا دەچێتە قۆناغی سێیەم: دەگۆڕدرێن بۆ پۆلیپ، پۆلیپ دەتوانرێت وەک ئاژەڵێکی قەدی بچووک دابنرێت کە پێکهاتەیەکی لولەکی هەیە، سەرێکی لەسەر زەوی جێگیرە و لە بەشی سەرەوەی دەمی و قۆچەکانی دەوروبەرین، لەم قۆناغەدا سیستەمێکی هەرسکردنی تەواو گەشەسەندوی هەیە و قۆچەکانی دەتوانێت نێچیر بگرێت، زۆربەی کاتەکانی بەخواردن بەسەردەبات، بەگوێرەی جۆرەکەی پۆلیپەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ و چەند ساڵێک لەم قۆناغەدا بمێننەوە چاوەڕێ دەکەن تاکو هەلومەرج بۆ قۆناغی داهاتوو گونجاو دەبێت.
قۆناغی چوارەم: کاتێک بارودۆخەکە نمونەیی بێت پۆلیپ دەست دەکات بە زاوزێ بە شێوەیەکی ناڕەگەزی بە لەبەرگرتنەوەی خۆی، پۆلیپەکە درێژ دەبێتەوە و چەند پارچەیەک پێکدەهێنێت کە لە کۆتاییدا گەشە دەکەن و ئاژەڵی سەربەخۆ یان پۆلیپی زیاتر دروست دەکەن، لەم پرۆسەیەدا پۆلیپ پێی دەوترێت سیفیستۆما.
قۆناغی دواتر لە قۆناغی پێنج: کاتێک ئاو گەرم دەبێت پۆلیپەکان دەست دەکەن بە گەشەکردن و قۆچەکانی نامێنێت پێیان دەوترێت خونچەی پۆلیپ پاشان دەگۆڕێن بۆ سترۆبایلا ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت سترابلەیشن کە تێیدا دەگۆڕێت بۆ ئێفیرا و دەچێتە قۆناغی شەشەم: ئەم کۆپیە بچوکە ئێستا مەلەی ئازادە و پێی دەوترێت ئێفیرا (مێدیوسای پێنەگەشتوو)، لەگەڵ گەورەبوونی ئێفیرا بە خێرایی دەست دەکەن بە خواردنی پلانکتۆنەکانی تر و بەردەوام دەبن لە گەشەکردن زەنگەکەی شێوەی تایبەتی وەردەگرێت و قۆچەکان و قۆڵی دەمی گەشە دەکەن بۆ شێوە تایبەتەکانی ڕەگەزەکەی، قۆناغی شەشەم و کۆتایی ئەم شێوە پێگەیشتووانە پێی دەوترێت مێدیوسا.
قۆناغی لالەی دەریای پێگەیشتوو واتە مێدیوسا ئەو قۆناغەیە کە زۆربەی خەڵک پێی دەڵێن “لالەی دەریا” لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنها بەشێکی زۆر بچووکی ژیانی لالەی دەریایە.
زانایان ٢٠٠٠ جۆریان لە سەرانسەری جیهاندا دەستنیشان کردووە و لەو باوەڕەدان کە بەلایەنی کەمەوە ١٠٠٠ جۆری تر هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
١-جەلی ماسی شێر-lion's mane jellyfish: گەورەترین و درێژترین جۆری جەلی ماسییە، گەورەترین نموونەی ناسراو درێژی ١٢٠ پێ (٣٦.٥مەترە) لە سەرەوە تا خوارەوەی قۆچەکانی، کە نزیکەی ٢٣ پێ درێژترە لە درێژترین نەهەنگی شین کە تا ئێستا پێوانە کرابێت، بەمەش درێژترین ئاژەڵە کە تا ئێستا تۆمارکراوە، [13]جەلی ماسی شێر لە ناوچە ساردەکان دەژی لە باکووری ئۆقیانووسی ئارام هەروەها لە جەمسەری باکوور، زەریای ئەتڵەسی و کەناراوەکانی ئەوروپا، پلانکتۆن و ماسی و توێکڵی بچووک و تەنانەت جەلی ماسی تر دەخوات، چاوی نییە بۆیە پشت بە خانەکانی دەمار دەبەستێت بۆ هەستکردن و کاردانەوەی بەرامبەر خواردن یان مەترسی و پێوەدانی لەوانەیە ئازاربەخش بێت بەڵام بە دەگمەن کوشندەیە.
٢-جەلی ماسی مانگ-Moon jelly: بەربڵاوترین و باوترین جۆرە کە واناونراوە بەهۆی شێوەکەیەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە زەنگێکی شەفافی هەیە گرنگترین بەشی جەلی مانگ پێکهاتەی شێوە ناڵی ئەسپە لە ناوەڕاستی زەنگەکەیدایە ئەندامەکانی زاوزێن ڕەنگییان پەمەیی یان پرتەقاڵییە هەروەها قۆچەکانی کورتن، [14]جەلی ماسی مانگ ٨ رۆپالیای هەیە کە هەریەکەیان دوو چاوی سادەی هەیە، مەترسییەکی کەمی لەسەر مۆرڤ هەیە پێوەدانیان ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت پێستی مرۆڤ ببڕێت بۆیە دەستیان لێدەدرێت و سەلامەتن بەڵام ژەهریان هەیە وە توانای پێوەدانیشیان هەیە، کاتێک خۆراک سنووردار و کەم بێت جەلی ماسی مانگ دەتوانێ بچووک ببێتەوە بۆ دەیەکی قەبارەکەی بۆ پاشەکەوت کردنی وزە، ناوی زانستی ئۆرێلیا ئۆریتا یە “Aurelia aurita”
٣-جەلی ماسی سندوق-Box jellyfish: کوشندەترین جەلی ماسییە ناسراوە بە [15]“زەردەواڵەی دەریایی”، بەهۆی شێوەی لەشیانەوە ناونراون لە زەنگێکی شێوە سندوق دەچێت لەگەڵ کۆمەڵە قۆچەکان لە هەر سووچێکی زەنگەکەوە [16]دەردەکەون هەروەها ٤ رۆپالیای هەیە کە هەریەکەیان ٦ چاوی هەیە دوو چاوی هاوێنە و چوار چاوی سادە بە کۆی گشتی ٢٤ چاوی هەیە هەندێک لەو چاوانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاڵۆزن و هاوێنەیان هەیە، لە کاتێکدا جەلی ماسی لە ئاوی کەناری گەرم لە سەرانسەری جیهاندا دەژین بەڵام جۆرە کوشندەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی هیندۆ پاسیفیک و باکووری ئوسترالیا دەژین ئەمەش جەلی ماسی سندوقی ئوسترالی دەگرێتەوە، ژەهری سندوقی جەلی ماسی یەکێکە لە کوشندەترین ژەهرەکان لە جیهاندا، ژەهری تێدایە کە هێرش دەکاتە سەر دڵ، کۆئەندامی دەمار و خانەکانی پێست. [17]ژەهری ئەوەندە هەڵدەگرێت کە زیاتر لە ٦٠ مرۆڤ بکوژێت لەوانەیە تووشی ئیفلیجی و جەڵتەی دڵیان بکات، نیشانەکانی پێوەدان بریتین لە ئازاری وەكو سووتان و قامچی لەسەر پێست هەروەها بە لایەنی کەمەوە ١٤ جۆری جەلی ماسی سندوق پێوەدانیان دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی ئیرەکانجی[18].
• جەلی ماسی سندوقی ئوسترالی-Chironex fleckeri: گەورەترین جەلی ماسی سندوقییە کە قەبارەی لەشی دەگاتە یەک پێ و قۆچەکانی ئەستوورە و درێژییەکەی دەگاتە ١٠ پێ، بە ژەهراوی ترین ئاژەڵی دەریای دادەنرێت.
• جەلی ماسی ئیرەکانجی- Irukandji jellyfish: جۆرێکی جەلی ماسی سندوقە و بچوکترین لالەی دەریایە لە جیهاندا، ناوی زانستی کروکیا بارنێسی یە “Carukia barnesi “.
زەنگەکەی قەبارەی بچوکە و ڕەنگی شەفافە زۆر قورسە لە ئاودا ببینرێت، زۆرجار شێوەی لاکێشەییان هەیە، تیرەی زەنگەکەی ١-٣ سانتیمەترە و درێژی قۆچەکانی لە چەند سانتیمەترێکەوە تا زیاتر لە یەک مەتر دەبێت، بە قەبارەی بچووک و پێوەدانی ژەهراوی ناسراوە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئاوی گەرمدا دەژین بە درێژایی کەناراوەکانی باکووری ئوسترالیا بەتایبەتی لە دەریای مەرجان بە درێژایی کوینزلاند لەگەڵ بەشێک لە خولگەیی ئەتڵەسی و هیندی و زەریای هێمن. یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی ئیرەکانجی [20]نیشانەکانی بریتین لە ئازاری زۆر، گرژبوونی ماسولکەکان، ڕشانەوە و بەرزی پەستانی خوێن.
٤- جەلی ماسی تۆپ-Cannonball Jellyfish: بەهۆی شێوەی زەنگەکەی ناونراوە کە قەبارە مامناوەندە لە گوللەی تۆپ دەچێت وەک گومەز هەروەها ناسراوە بە جەلی ماسی سەری کەلەرم[21] ناوە زانستییەکەی”Stomolophus meleagris“.
بە زەبەلاحی نەرم و نیان لە جیهانی جەلی ماسی ناونراوە، لە هاوتاکانی خۆی جیا دەکاتەوە بە زەنگێکی پتەو، نەرم و بەهێز کە پانییەکەی ٧-١٠ ئینجە و بەرزییەکەی نزیکەی ٥ ئینج دەبێت، ڕەنگی زەنگەکە بە گشتی سپییە، لێوارەکەی زۆرجار ڕەنگی قاوەیی سوورباوە، جەلی ماسی تۆپ لە زەریای هێمن ڕەنگیان شینە [22]. قۆچی درێژی نییە لەجیاتی ئەوە کۆمەڵێک باڵی دەمی هەیە کە بە دەوری دەمیدا درێژ دەبنەوە، کاردەکەن بۆ جوڵاندنی و یارمەتیدانی بۆ گرتنی نێچیر. گۆشتخۆرێکە هێلکەی ماسی و کرمۆکەی ماسی و کرمۆکەی پلانکتۆنی نەرم و هێلکە شەیتانۆکەکان دەخوات هەروەها بە مژین ئاو دەخواتەوە کاتێک زەنگەکەی گرژ دەبێت.
لەکاتێکدا زۆربەی جۆرەکانی لالەی دەریا پشت بە شەپۆلەکان و بـا دەبەستن بۆ جوڵە، بەڵام جەلی ماسی تۆپ قۆڵی دەمی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ مەلەکردن وە دەتوانێت هەست بە ڕووناکی، هێزی کێشکردن و بەرکەوتن بکات.
لالەی دەریای تۆپ لە جۆگەکان و بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک، ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ئۆقیانووسی ئارام، ڕۆژئاوای ئەتڵەسی، لە نیو ئینگلاند تا بەرازیل، لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن لە کالیفۆرنیاوە تا ئیکوادۆر و لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن لە دەریای ژاپۆنەوە تا دەریای باشووری چیندا دەژین، لە ئاوی سوێری خولگەیی بۆ نیمچە خولگەیی گەشە دەکات لەگەڵ پلەی گەرمی لە دەوروبەری ٧٤ پلەی فەهرنهایت.
بە وشککراوی وەک خۆراکی پڕ پرۆتین و دەرمانی تەقلیدی لە ئاسیادا خواستی لەسەرە، لە کاتێکدا جەلی ماسی تۆپ دەتوانێت ژەهر دەربکات، هەرچەندە پێوەدانەکەی بە شێوەیەکی ئاسایی سووکە بەڵام هێشتا ئامۆژگاری دەکرێت لەکاتی ڕووبەڕوبونەوەیان ئاگادار بیت لە حاڵەتە دەگمەنەکانی پێوەدانی ئەو ژەهرەی لێوەی دەردەچێت دەبێتە هۆی کێشەی دڵ لە مرۆڤ و ئاژەڵدا.
نیشانەکانی پێوەدانی:
نیشانەکانی پێوەدانی بەندە بە جۆری ئەو جەلی ماسیەی کە بەرکەوتنت لەگەڵدا کردووە، ئەگەر پێوەدانێکی بچووکی جەلی ماسی هەبێت لەوانەیە هەست بە ئازارێکی سووک، خوران، سوتان بکەیت، لەسەر پێستت لەوانەیە پەڵەی وەک لیر و پەڵەی سوور، مۆر یان قاوەیی دەربکەوێت.
پێوەدانی جەلی ماسی مەترسیدارتر زیانی گەورەتر دەبێت، پێویستە دەستبەجێ داوای یارمەتی پزیشکی بکەی ئەگەر ئەم نیشانانە دەرکەوتن:
•سەختی هەناسەدان
•ئازاری سنگ
•گرژبوونی ماسولکەکان
•سڕبوون
•ڕشانەوە
•قورسی قوتدان
•ئارەقکردنی زۆر
چارەسەرەکان:
چارەسەری پێوەدانی لالەی دەریا [23]بریتییە لە چارەسەری سەرەتایی و چارەسەری پزیشکی.
چاودێری فریاگوزاری سەرەتایی لە ماڵەوە زۆربەی پێوەدانی جەلی ماسی بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێت:
١- بە موکێشێک قۆچەکانی بە وریاییەوە لێبکەرەوە.
٢- شوێنی پێوەدانەکە بە سرکە بۆ ماوەی ٣٠ چرکە بشۆ، سرکە سەلامەت و کاریگەرە بۆ هەموو جۆرەکانی پێوەدانی لالەی دەریا، بە خێرایی هەزاران خانەی بچووکی پێوە نەگیراو ڕادەگرێت کە لەسەر ڕووی پێست بەجێماون پاش بەرکەوتنی قۆچەکان.(ئەگەر سرکە بەردەست نەبوو، دەتوانرێت شوێنی پێوەدانەکە بە ئاوی زەریا بشۆرێت).
ئاگاداربە: ئاوی سازگار و کهول بەکارمەهێنە بۆ شوێنی پێوەدانەکە.
٢- پێویستە شوێنی پێوەدانەکە لە ئاوی گەرمدا تەڕ بکەیت بۆ ماوەی (٢٠-٤٥ خولەک)، پلەی گەرمی ئاوەکە دەبێت نزیکەی (٤٢-٤٥ پلەی سەدیی) بێت.
٣- شوێنی پێوەدانەکە بپارێزە و مەیخشێنە لە لمدا، هیچ پەستانێک مەخەرە سەری و مەیڕوشێنە.
٤- پاش خوساندنی لە ئاوی گەرمدا، دژە هیستامین یان کرێمی ستیرۆید وەک کرێمی کۆرتیزۆن بەکار بهێنە، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئازار و خوران، هەروەها دەتوانیت پاکەتی سەهۆڵ یان ئاوی گەرم بەکار بهێنیت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەڵئاوسان.
چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە:
هەندێک [24]پشکنین ئەنجام دەدەن لەوانە پشکنینی میز، خوێن و تیشکی سنگ هەروەها پێوانی ڕێژەی لێدانی دڵ، هەناسەدان، پلەی گەرمی و پەستانی خوێن دەکەن لە ئەگەری هەبونی هەر کێشەیەک چارەسەر دەکرێن.
ئەو دەرمانانەی پزیشک بەکاری دەهێنێت ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
•ئازارشکێنەکان: یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
•دژە ڤێنین: دژە ڤێنین یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی کاریگەری ژەهر.
دژە ژەهری سندوقی جەلی ماسی بەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆش دەکەون دوای پێوەدانیان لەلایەن سندوقی جەلی ماسی هەروەها بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە ئازاری زۆریان هەیە و بە دەرمانی ئازارشکێن کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
•دژە هیستامین: دژە هیستامینەکان یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی خوران و لیر.
زۆربەی پێوەدانی لالەی دەریا دوای چەند کاتژمێرێک کەسەکە چاک دەبێتەوە، بەڵام هەندێک پێوەدان دەبێتە هۆی وروژاندنی پێست یان لیر کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، پێوەدانی جۆرە مەترسیدارەکان لە ماوەی ٤-٤٨ کاتژمێردا دەبێتە هۆی مردن، هەندێک پێوەدانی سندوقی جەلی ماسی دەتوانێت مرۆڤ لە ماوەی چەند خولەکێکدا بکوژێت.
خۆپاراستن:
١- مەلە مەکە لە ناو ئاوێکدا کە لەوانەیە جەلی ماسی تێدابێت و لۆشنی پارێزەر بەکاربهێنە.
٢- جلی پارێزەر بپۆشە.
٣- هەرگیز دەست لە جەلی ماسی مەدە، تەنانەت ئەگەر مردبێت هێشتا دەتوانێ پێوەت بدات چونکە پێکهاتەی خانەکانی کیسەکانی نێمەتسست بۆ ماوەیەکی درێژ پاش مردنی لالەی دەریا هەر دەمێننەوە.
سەرچاوەی خۆراکی:
لە هەزاران جۆر لالەی دەریا لە سەرانسەری جیهاندان تەنها ١١ جۆر دۆزراونەتەوە کە شیاوی خواردنن بۆنمونە جەلی ماسی مانگ، وەک پێکهاتەیەک لە خواردنە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنرێن، لە وڵاتانی ڤێتنام، ژاپۆن، چین و کۆریا دەخورێن، چەندین جۆری خواردن دەتوانرێت بە جەلی ماسی ئامادە بکرێت لەوانە زەڵاتە، سوشی بەگشتی لە هەندێک وڵاتی ئاسیا بە خواردنێکی خۆش دادەنرێت.
تایبەتمەندی خۆراکی زۆر باشی هەیە، کابۆهیدرات و کالۆری کەمە بەمەش دەبێتە هەڵبژاردەیەکی پەسەند بۆ دابەزاندنی کێش، سەرچاوەیەکی باشی توخمە سەرەکیەکان، دژە ئۆکسیدەکان، کانزاکان و خۆراکە گرنگەکانی دیکەیە.
سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ پرۆتین کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی ماسولکەکان لەکاتی ڕێجیمدا هەروەها دەوڵەمەندە بە ترشە ئەمینی کە بەشێکی دانەبڕاوەیە لە گەشەکردن و چاککردنەوەی خانەکان، تایبەتمەندی دژە ئۆکسیدیان زۆرە کە ڕێگە لە زیانی خانەکان دەگرێت و فشاری ئۆکسجین کەم دەکاتەوە و مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە ئەم دژە ئۆکسیدە بەهێزانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنی تەندروستی گشتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی هەوکردن، بوونی ترشە چەوری “ئۆمیگا ٣” وایان لێدەکات خۆراکی تەندروستتر بن چونکە ترشە چەورییەکانی “ئۆمیگا ٣” ڕێگری لە چەوری دەکەن بە درێژایی دیواری خوێنبەرەکان و یارمەتیدەرن بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ.
[26]یەک کوپ (٥٨گرام) جەلی ماسی وشک پێکهاتووە لە:
کالۆری: ٢١
پرۆتین: ٣ گرام
چەوری: ١ گرام
سیلینیۆم: ٪٤٥ ی بەهای ڕۆژانە
کۆلین: ٪١٠ی DV
ئاسن: ٪٧ی DV
سەرچاوەی دەرمان:
دەوڵەمەندە بە کۆلاجین پرۆتینێکی گرنگە کە پاڵپشتی نەرمی پێست و تەندروستی جومگەکان و چاککردنەوەی شانەکان دەکات شایەنی باسە کۆلاجین پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی پێستی گەنج و یارمەتیدەر بۆ چاکبوونەوەی برینەکان.
ژەهری لالەی دەریا بە سەرچاوەیەکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت لە پەرەپێدانی دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
لەکاتی ڕاماڵین بەناو ئاودا لالەی دەریا پەناگە و پاراستن بۆ هەندێک جۆری ماسی دابین دەکات و وایان لێدەکات خۆیان لە ئاژەڵە دڕندەکان بشارنەوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بووکی دەریا تێدایە. |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.