From Wikipedia, the free encyclopedia
ھەزارئەسپ، ھەزارئەسپان یان ئەتابەگەکانی لوڕی مەزن[1] (١٤٢٤–١١٥٥ز) خانەدانێکی کورد بوون[2][3] کە حوکمی بەشێک لە ناوچەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسی لە باشووری ڕۆژاوای وڵاتی ئێرانی بەدەستەوە بوو، بەتایبەت لوڕستان و بەشگەلی ئاقاری فارس کە پاش سەلجوقییەكان، ئێلخانییەکان، موزەفەرییەکان و سەردەمی تەیموورییەکان گەشایەوە، بەدەستەوە بوو.[4]
ئەگەر چی بنیادنەری حکوومەتی ھەزارئەسپی تاھیر کوڕی محەممەد بوو، ئەم خانەدانە دواتر بە ناوی کوڕی دووھەم و جێنشینی، مەلیک ھەزار ئەسپ ناسرا. ناوی ئەم ماڵەمیرە ڕیشەی کوردیی ھەیە و بە واتای خاوەنی ھەزار ئەسپانە.[5]
بنیاتنەری ماڵەمیرەکە ئەبی تاھیر کوڕی محەممەد بوو، لە تۆرەمەی شوانکارە سەرخێڵی فەزلەوییەی کورد، ئەو سەرەتا فەرماندەری سەلغورییەکانی فارس بوو و لە لایەن ئەوانەوە وەک پارێزگاری کوھگیلوویە دیاری کرابوو،[6] بەڵام لە ئەنجامدا توانی لە لوڕستان سەربەخۆیی بەدەست بھێنێ و پەرە بە دەسەڵاتی خۆی تا نزیکی ئەسفەھان بدا و نازناوی شکۆمەندی ئەتابەگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.[7] کوڕەکەی، مەلیک ھەزارئەسپ لە ھێرشێکی سەرکەوتووانە دژ بە سەلغوورییەکانی فارس شەڕی کرد و یارمەتی جەلالەدین خارەزمشای لە شەڕی دژ بە مەغۆل دا. تەکلە حاکم و میرێکی تری ھەزارئەسپی، لە گەڵ ھۆلاکۆ لە سپاکەی چوو بۆ بەغداد، بەڵام بە ھۆی کوشتنی دوایین خەلیفەی عەبباسی بەجێیان ھێشت. لە ئەنجامدا ئەو بە ئەمری ھۆلاکۆ گیرا و لە سێدارە درا.
یووسف شای یەکەم لە لایەن ئیلخان ئەباقا وەرگیرا و حکومەتی ئەو پەژرێندرا و چەسپا و خووزستان، کوھگیلوویە، فیرووزان (نزیک ئەسفەھان) و گوڵپایەیەگان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یووسف شای یەکەم زیاد کرا. ئەفراسیاوی یەکەم ھەوڵی دەدا دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕۆخ و کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی درێژ بکاتەوە بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتی توندی مەغۆلەکان بووەوە و سپاکەی لە کوھرودی نزیک کاشان تێک شکێنرا. حکومەتی ئەو لە لایەن ئیلخان گەیخاتوو دامەزراوە بەڵام لە لایەن غازانەوە لە تشرینی یەکەمی١٢٩٦ لە سێدارە درا.[8]
پایتەختی ھەزارئەسپیان ئیزەج بوو کە ئەمڕۆکە لە باکووری خووزستان ھەڵکەوتووە. یووسف شای دووھەم شارگەلی شووشتەر، ھۆوەیزە و بەسرەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی چواردە پەیوەستی خاکی خۆی کرد.[9] لە ماوەی دەسەڵاتی شەمسەدین پەشەنگ، ھەزارئەسپیان ڕووبەڕووی ھێرش و تاڵانی موزەفەرییان بوونەوە و ئیزەجی پایتەخت بۆ ماوەیەک کەوتە دەستی ئەوان، تا ئەوەی کە داگیرکەران بە ھۆی شەڕی ناوخۆی خۆیان ناچار بە پاشەکشێ بوون.
ساڵی١٤٢٤. ز، حاکمی تەیمووری شاھروخ میرزا دوایین حاکمی ھەزارئەسپی غیاسەدین دەبەزێنێت و لە ئەنجامدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ماڵەمیرە کوردە دەھێنێ.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.