From Wikipedia, the free encyclopedia
مەسعوود پزیشکیان (بە فارسی: مسعود پزشکیان؛ لەدایکبووی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤) پزیشک و سیاسەتوانێکی چاکسازیخوازی ئێرانییە کە لە ئێستادا وەک سەرۆک کۆماری ئێران کار دەکات. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ ھەتا ٢٠٢٤، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمان بووە. پزیشکیان لە کابینەی محەممەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠١ ھەتا ٢٠٠٥، وەزیری تەندروستی بوو. ئەو ھەروەھا وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٦ ھەتا ٢٠٢٠ کاری کردووە.[1]
مەسعوود پزیشکیان مسعود پزشکیان | |
---|---|
پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٢٤ | |
نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران | |
دەستبەکاربوون ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٤ | |
جێگری سەرۆک | محەممەدڕەزا عارف |
ڕێبەر | عەلی خامنەیی |
دوابەدوای | محەممەد موخبیر (کاتی) |
ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژی ئیسلامی | |
لە پۆستدایە | |
گرتنە دەست ٢٧ی ئایاری ٢٠٠٨ | |
ناوچەی بەربژێری | تەورێز، ئوسکوو و ئازەرشەھر (ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات) |
زۆرینە | ٢٦١٬٦٠٥ (٣٦٫٢٧٪) |
وەزیری تەندروستی، دەرمان و ڕاھێنانی پزیشکی | |
لە پۆستدا بووە ٢٢ی ئابی ٢٠٠١ – ٢٤ی ئابی ٢٠٠٥ | |
سەرۆک کۆمار | محەممەد خاتەمی |
پێشینە | محەممەد فەرھادی |
پاشینە | کامەران باقری لەنکەرانی |
وردەکاریی تاکەکەسی | |
لەدایکبوون | مەھاباد، ئێرانی پەھلەوی | ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤
پارتی سیاسی | سەربەخۆ |
خوێندن لە | زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران |
کار | نەشتەرگەریی سینگ |
لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠١٣ خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر کشایەوە و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە کە لە ھەڵبژاردنەکە بێبەش کرا.[2] پزیشکیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ٢٠٢٤ سەرکەوتنی بەدەستھێنا و جارێکی تر وەک نوێنەری تەورێز ھەڵبژێردرایەوە. دوای مردنی ئیبراھیم ڕەئیسی لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، بەھۆی کەوتنەخوارەوەی ھەلیکۆپتەرەکەی لە ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات لە باکووری ڕۆژاوای ئێران، ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە بەرێوەچوو کە لە خولی یەکەم و دووەمدا پزیشکیان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی، سەعید جەلیلی بەدەستھێنا و لە خولی دووەم لە ٦ی تەممووزی ٢٠٢٤دا وەک سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران دەستنیشان کرا.[3]
پزیشکیان لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤ لە شاری مەھاباد بەوتەی خۆی لە خێزانێکی ئازەربایجانی لەدایک بوو.[4] بەڵام بەپێی ھەندێک سەرچاوە باوکی ئازەربایجانی و دایکی کورد بووە.[5][6][7] ئەو کاتی گەورەبوونی بە ھەردوو زمانی ئازەربایجانی و کوردی قسەی کردووە.[8] دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە ساڵی ١٩٧٣، ڕووی لە زابۆل کرد بۆ ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی ئەنجام بدات، ھەر لەم ماوەیەدا حەزی لە پزیشکی بوو. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ھەم سەرباز و ھەمیش پزیشک بوو.
پزیشکیان لە ساڵی ١٩٨٥، خولی پزیشکیی گشتی تەواو کرد و لە کۆلێژی پزیشکی دەستی بە وانەوتنەوە لە فیزیۆلۆژی کرد. لە ساڵی ١٩٩٠، پسپۆڕیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز بەدەستھێنا. ئەو لە نەخۆشخانەی شەھید مەدەنی لە تەورێز دامەزرا و دواتر بووە بەرپرسی نەخۆشخانەکە. لە ساڵی ١٩٩٣، پسپۆڕیی لاوەکی لە نەشتەرگەریی دڵ لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرت.[9]
پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ لە کابینەی محەممەد خاتەمیدا بووە وەزیری تەندروستی. لە ساڵی ٢٠١٠دا ھەوڵەکانی بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان شکستیان ھێنا.[10] پزیشکیان ھەروەھا مامۆستای قورئان و بێژەری نەھجولبەلاغەیە کە دەقێکی سەرەکییە بۆ شیعەکان.[11] لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٨ لە تەورێزەوە وەک یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ھەڵبژێردرا. ئەو لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦ ھەتا ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٠، وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کاری کردووە. پزیشکیان ھەتا ئێستا نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران و ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵگەی ھاوڕێیەتیی ئێران و تورکیایە.[12]
پزیشکیان لایەنگری سپای پاسدارانە و سپای ئێستای بە «جیاواز لە ڕابردوو» ناوبردووە. ناوبراو ئیدانەی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠١٩دا کرد.[13] دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن ئێران لە ساڵی ٢٠١٩، پزیشکیان حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە تیرۆریست ناوبرد و کارەکەی سپای پاسدارانی بە «مستێکی توند لە دەمی سەرکردەکانی ئەمریکای تاوانکار» وەسف کرد.[14] لە کۆبوونەوەیەکی زانکۆدا و لە وەڵامی ھەندێک ڕەخنەدا، پزیشکیان جلوبەرگی سپای پاسدارانی لەبەر کرد و ڕای گەیاند کە جاری دیکەش لەبەری دەکاتەوە.[15]
پزیشکیان داوای کردووە کە ماددەی ١٥ی دەستووری ئێران بۆ ھەموو نەتەوەکان جێبەجێ بکرێت. ئەم ماددەیە دەڵێت: «زمان و ڕێنووسی فەرمی و ھاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامەکان، نامەنووسییەکان، دەقە فەرمییەکان و کتێبە دەرسییەکان دەبێت بەم زمان و ڕێنووسە بێت، بەڵام بەکارھێنانی زمانە خۆماڵی و ئێتنیکییەکان لە ڕاگەیاندن و میدیا گشتییەکاندا و فێرکردنی وێژەی ئەم زمانانە لەگەڵ زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا ڕێگە پێدراوە». ئەو جێبەجێکردنی ماددەکەی بە ئاستەنگێک لەبەردەم بەخشینی بیانوو بە جیاخوازان و ناڕازییەکان زانیوە.[16] پزیشکیان ھەروەھا پاڵپشتی لە فێرکردنی زمانی ئازەربایجانی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەکات.[17]
یەکەم سەردانی نێونەتەوەییی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمار لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ بۆ عێراق بوو ئامانجی سەردانەکە واژووکردنی ١٤ ڕێکەوتنامەبوو لەگەڵ حکومەتی عێراق .[18]دواتر وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە ھەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبووەوە.[19][20][21] [22]
ھاوسەری پزیشکیان پزیشکیی ژنان بوو.[23] لە ساڵی ١٩٩٤ بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە ھاوسەرەکەی و یەکێک لە منداڵەکانی گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەش پزیشکیان ھەرگیز ھاوسەرگیریی نەکردەوە.[24] کچەکەی بەناوی زەھرا خاوەنی بڕوانامەی ماستەری کیمیایە لە زانکۆی سەنعەتیی شەریف و پێش ھاتنە سەرکاری حکوومەتی ڕۆحانی لە کۆمپانیای پێترۆکیمیای جەم کاری دەکرد. پزیشکیان ھاندەری یانەی تۆپی پێی تراکتۆرە.[25]
جگە لە زمانی فارسی بزیشکیان بە چەندین زمانی تر قسە دەکات، لەوانە کوردی و ئازەربایجانی و عەرەبی و ئینگلێزی[26][27][28]
سەرچاوەکان خێزانەکەی بە دوور لە پەراوێز دەزانن و خۆی لە بابەتە ئابوورییەکاندا خاوەنی پێشینەیەکی ڕوونە؛ بەڵام نەیارانی سیاسیی پزیشکیان وەک عەلیڕەزا زاکانی تۆمەتباریان کردووە کە لە کەسانی گەندەڵ بەرگری دەکات.[29][30]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.