From Wikipedia, the free encyclopedia
دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان ئاماژەیە بە دەسەڵاتێکی ئیسلامی لە کوردستان کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) داوای کراوە. ھەروەھا کوردستان ھەندێک جاران لەلایەن داعشەوە وەکوو پارێزگا یان ویلایەتێک لە سنوورەکانی داواکراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا داندراوە.[2]
دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان | |
---|---|
ساڵانی چالاکیی | ٢٠١٤–ئێستا |
ئایدۆلۆژیا | سەلەفی سەلەفیی جیھادی تەکفیری وەھابییەت دژە–کوردایەتی دژە–سێکۆلاریزم دژە–شیعە دژە–مەسیحییەت دژە–ئێزیدی |
گرووپەکان | زۆرتر کوردەکان[1] |
سەرکردەکان | ئەبووبەکر بەغدادی (٢٠١٤–٢٠١٩) † (سەرکردەی داعش) ئەبوو ئیبراھیم ھاشمی قوڕەیشی (٢٠١٩–٢٠٢٢) † (سەرکردەی داعش) ئەبوو حەسەن ھاشمی قوڕەیشی (٢٠٢٢–٢٠٢٢) † (سەرکردەی داعش) ئەبوو حوسێن حوسێنی قوڕەیشی (٢٠٢٢–٢٠٢٣) † (سەرکردەی داعش) ئەبوو حەفس ھاشمی قوڕەیشی (٢٠٢٣–ئێستا) (سەرکردەی داعش) ئەبوو سادق[2] (ھەتا ٢٠٢١) † (والیی کوردستان) |
ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان | کوردستان |
بەشێکە لە | دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام |
دوژمنان | ھەرێمی کوردستان تورکیا عێراق ئێران سووریا سەنەسە ھەسەدە پەکەکە ئەنسارولئیسلام[3][4] کەتیبەکانی کوردستان[5] حیزبوڵڵای باکوور[6] |
جەنگەکان/شەڕەکان | شەڕی ناوخۆییی سووریا شەڕی عێراق (٢٠١٤–٢٠١٧) سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق (٢٠١٧‒ئێستا) تێکھەڵچوونی ڕۆژاوا و ئیسلامییەکان تێکھەڵچوونی تورکیا و داعش |
چەکدارێکی داعش کە بەڕەچەڵەک چیچانی بوو، ئاماژەی کرد کە دەوڵەتی ئیسلامی بەنیازە کوردستان بکاتە ویلایەتی فەرمی لە چوارچێوەی خەلافەتەکەیدا، ھەرچەندە بەھۆی ئەوەی ھیچ زەوییەکی بەرچاو لە کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە بەڕێوە نەبردرا، چەندین جاران ھەوڵەکە دواکەوت.[7] بەڵام چەندین ڕێکخراوە و گرووپ بە سەرکردایەتیی کوردەکان لە کوردستاندا ھەبوون، کە لە ڕێگەی دڵسۆزییان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بە یەکترییەوە گرێدرابوون.[1] دواتر دەوڵەتی ئیسلامی پۆستێکی ئیداری فەرمی کرد بە ناوی "والیەکەی کوردستان"، کە تیایدا کەسێک دیاری دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان و ڕاپۆرت دەداتەوە بە خەلیفە. والی حاکمی ویلایەتە، کە ناوچەیەکی ئیدارییە لەناو خەلافەتێکدا.[8]
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا، چەندین ڕاپۆرت بڵاوبووەوە کە دەوڵەتی ئیسلامی ھەوڵی پێکھێنانی ویلایەتی کوردستانی داوە. ویلایەتی داواکراوی کوردستان دەبوو لەژێر دەسەڵاتی چەکدارە باڵاکانی کورددا بێت، کە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتیان بۆ سەرکردە باڵاکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەدا. ئەو ویلایەتە داواکراوە، ناوچەکانی زۆرینەی کوردنشین لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێرانی لەخۆگرتبوو و پێکھێنانی ویلایەتەکە لەلایەن سەرکردەیەکی باڵای دەوڵەتی ئیسلامی لە نەینەوا بە ئاشکرا ڕاگەیەندرا.[9] ھەروەھا ئەلقاعیدە کە بیروڕایەکانی لەسەر بنەماکانی ئوسامە بن لادن دامەزراوە، کوردستانی وەکوو ویلایەتێک لەناو خەلافەتە پلان بۆ داڕێژراوەکەی خۆیدا دانابوو، کە دەوترێت ئیلھامبەخش بووە بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بۆ پێکھێنانی ویلایەتی کوردستان.[9][10][11]
دوای کەوتنی فەلووجە[12] و کەوتنی مووسڵ،[13] دەوڵەتی ئیسلامی لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، خەلافەتەکەی ڕاگەیاند و ئەبووبەکر بەغدادی وەکوو خەلیفە ھەڵبژێردرا.[14]
ئەنسارولئیسلام و کەتیبەکانی کوردستان کە دوو گرووپی هاوپەیمانی نزیک بوون، گرووپی سەرەکی جیهادی لە نێو کورددا بوون. ئەنسارولئیسلام لایەنگری قاعیدە بوو، لیواکانی کوردستانیش فراکسیۆنێکی فەرمی قاعیدە بوو. هەردووکیان هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق بوون کە لەو کاتەدا سەر بە قاعیدە بوو. دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ لیواکانی کوردستان هەڵوەشایەوە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراقیش لە نیسانی ٢٠١٣ هەڵوەشایەوە.[15] دەوڵەتی ئیسلامی لە ٧ی نیسانی ٢٠١٣ وەک جێنشینی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق دامەزرا و بوو بە دوژمنی قاعیدە و گرووپە سەر بە ڕێکخراوەکانی.[16][17] دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دامەزرا، ئەنسارولئیسلام شەڕی توندی لەدژی ئەوان دەستپێکرد، هەردوو گروپەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک تەقەیان ئاڵوگۆڕ کرد. دەوڵەتی ئیسلامی لەو ململانێیەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. دواتر لە مانگی تەمموزی ٢٠١٤ لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا کە پرسیار و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەنسارولئیسلام بەڵێنی بەیعەتیان بە دەوڵەتی ئیسلامی دا.[18] لە ٢٩ی ئابی ٢٠١٤، زیاتر لە ٥٠ فەرماندەی ئەنسارولئیسلام، و ئەندامانی پلە باڵا، بەیعەتیان بە ئەبوبەکر بەغدادی دا. ئەنسارولئیسلام سەرەڕای زیانە بەرچاوەکانی، بەردەوام بوو لە چالاکی و دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئیسلامی.[19][20] لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ وتەبێژی کەتیبەکانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕەخنەی لەو کوردانە گرت کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە کرد.[21]
لە نەورۆزی ٢٠١٥دا، دەوڵەتی ئیسلامی گرتەیەکی پرۆپاگەندەی ٢٤ خولەکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. وتاردەری سەرەکی لە گرتە ڤیدیۆیییەکەدا ئەبوو خەتاب ئەلکوردی بوو، کە بەڵێنی دا دەوڵەتی ئیسلامی «خەلافەت بھێنێتە کوردستان». گرتە ڤیدیۆیییەکە بە سەربڕینی سێ پێشمەرگە لە لایەن سێ چەکداری کوردی داعشییەوە کۆتاییی پێھات.[22]
ھەروەھا دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە دوو تەقینەوە لە حەسیچە کە ئاھەنگەکانی نەورۆزی کردە ئامانج گرتە ئەستۆ و لە ئەنجامدا ٤٥ کەس گیانیان لەدەستدا.[22]
چالاکوانێکی کوردی سووری کە بۆ ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا ژیاوە، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە کوردە پلە باڵاکانی ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردانی عێراق بوون، لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی ئێران، تورکیا و سووریا. ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوردەکانی سووریا زۆر کەمتر پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ھەبوو، ھەربۆیە زیاتر بڕوایان دەنگۆکان سەبارەت بە دەوڵەتی ئیسلامی ھەبوو، بەڵام بەمجۆرەش زۆرێک پەیوەندییان بە داعشەوە گرت. ھەرچەندە ئەو دژی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، بەڵام ئەو بانگەشەی پووچەڵ کردەوە کە دەوڵەتی ئیسلامی دژی کوردە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوان جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەبدا ناکەن. ھەروەھا ئەو وتی لەگەڵ کوردەکان بەھۆی ئەوەی کە کوردن شەڕ ناکەن، بەڵکوو ئەوان شەڕی کوردانی سێکۆلار و ناسیۆنالیست دەکەن چۆنکە دژی بیروباوەڕی ئایینیی داعشن.[23] لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی کورد لە دەوڵەتی ئیسلامی بە ٣ ھەزار کەس مەزەندە کرا.[24] کوردانی ئەندامی داعش بەھۆی ڕەتکردنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی، سووری، تورکی و ئێرانی و ھەروەھا ڕەتکردنەوەی دڵسۆزییان بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی، ناویان لێنرا «کوردەکانی خەلافەت».[25]
ئەبوو محەممەد ئەلعەدنانی، وتەبێژی داعش لە ئەیلوولی ٢٠١٤دا ڕای گەیاند: «ئێمە شەڕی کورد ناکەین چۆنکە کوردن. ئێمە تەنیا شەڕ دژ بە کافرەکانی نەتەوەکەیان دەکەین، ھاوپەیمانی خاچپەرستان و جوولەکەکان لە شەڕی دژ بە موسڵمانان. سەبارەت بە کوردە موسڵمانەکان، ئەوان برای ئێمەن لە ھەر شوێنێک بن. ئێمە خوێنی خۆمان دەڕێژین بۆ پاراستنی خوێنیان. کوردەکان لە ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا زۆرن و بەرامبەر بە کافرەکانی نەتەوەکەیان توندترین سەربازن.»[26]
مەلا شوان کوردی لە سەرەتای پەرەسەندنی داعشدا پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە کرد و دواتر بووە ئەندامێکی پلە باڵا.[27] مەلا شوان سەرەتای ساڵی ٢٠١٥، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە تێیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٠ پێشمەرگە و ١ سەربازی عێراقی ئەنجام دا کە لە قەفەسدا بەند کرابوون.[28]
بانگخوازێکی دیکەی بەناوبانگ بەناوی ئیسماعیل سوسەیی لە شاری ھەولێرەوە بەیعەتی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ڕاگەیاند و دوای ئەوەی دەستی لە ھێرشکردنە سەر فەرمانگە حکوومییەکانی ھەولێردا ھەبوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستبەسەر کرا.[29] ھەروەھا دەستبەر عوسمان، ھەرزەکارێکی کوردی ئەڵمانیا کە لە کاتی گەشتەکانیدا بۆ باشووری کوردستان سەردانی سوسەیی دەکرد، دوای ئەوەی ڕووی کردە باشووری کوردستان بە مەبەستی ئەوەی ببێتە زانیاریدەر بۆ ڕێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی، دەستبەسەر کرا.[30]
کاریگەریی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەمسوور و چەولیگ لە باکووری کوردستان بەخێرایی زیادی کرد، زۆرێک زێدەکەیان جێھێشت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە بکەن یان مانەوە و شانەی دەوڵەتی ئیسلامییان لە شارەکانیان پێکھێنا.[31][32] سەمسوور کوشندەترین شانەی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرانسەری تورکیادا ھەبوو و لە کۆی ئەو شانە ٢١ کەسییە، ١٨ کەسیان کوردی ڕەسەنی سەمسوور بوون، ئەمەش لە ڕاگەیاندنەکانی ئەو کاتەدا بووە ھۆی سەرسووڕمان بەھۆی پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ یەپەگە لەناو میدیا.[33] هەندێک کوردانی تورکیا ژیانی ژێر دەستی داعشیان پێ باشتر بوو لە ژیانی ژێر دەستی تورکیا، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە داعش هەرگیز ستەمیان لێناکات بەهۆی کوردبوونیی خۆیان.[34]
ئەو کوردانەی کاتی گەمارۆی کۆبانی ھاندەری دەوڵەتی ئیسلامی بوون، کە ھەم کوردانی کۆبانی و ھەم کوردانی ھاتوو لە شوێنەکاتی دیکەی لەخۆدەگرت، دەوڵەتی ئیسلامییان لە ڕێگەی بەربەستەکانی زەوی و زماندا ڕێنمایی کرد. بەشێک لە کوردانی کۆبانی لەبەر دژایەتیی پەیەدە، پێشوازییان لە داعش کرد.[35][36][37]
لە ساڵی ٢٠١٨دا، پیاوێکی کوردی ئێرانی بە ناوی ساریاس سادقی کە ئەندامێکی داعش بوو، لە مەزارگەی ڕووحوڵڵا خومەینی خۆی تەقاندەوە.[38] زۆرینەی ئەو کوردانەی ئێران کە ھاندەری داعش بوون، بە مەبەستی پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی داعشەوە ڕوویان کردە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، ھەرچەندە بەشێکی کەمیان بە مەبەستی پەیوەستبوون بە لقی خۆراسانی داعش چوونەتە ئەفغانستان.[39]
لە ساڵی ٢٠١٧، گرووپێکی کوردی ناسراو بە ئاڵا سپییەکان پەیدا بوو.[40] بەرپرسانی بەرگری و سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئاڵا سپییەکان یەکێتییەکی کوردانی پاشماوەی داعش و ئەنسارولئیسلام بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە تەنیا تۆمەتێک بوو، بەو پێیەی کوردانی دەوڵەتی ئیسلامی لەژێر شانە خەوتووەکاندا بەردەوام بوون لە شەڕکردن بۆ دەوڵەتی ئیسلامی.[40] ھەروەھا وتراوە کە ئاڵا سپییەکان ھاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسلامی بوون، کە تۆمەتانە بێبنەمان چۆنکە ئەو دوو گرووپە ھەرگیز پێکەوە ڕێک نەکەوتبوون. ئاڵا سپییەکان لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ناچالاکن. کۆدەنگی ھاوبەش ئەوە بوو کە ئاڵا سپییەکان فراکسیۆنێکی ئەنسارولئیسلام بوون کە ھەوڵیان دا دووبارە ناوی خۆیان بگۆڕن و شکستی خوارد.[41]
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١، والیی کوردستان، ئەبو سادق، کوژرا بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی عێراقی کە ئەبو یاسر ئەلعیساویش کوشت.[42][43]
لە مانگی تەممووزی ٢٠٢١، ھێزی تایبەتی عێراقی ھاوکاریی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری کوردی کرد بۆ سەرکوتکردنی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرانسەری وڵاتدا.[44] دواتر لە مانگی کانوونی دووەمدا، ھێزە ئەمنییەکانی کورد دەیان شانەی خەوتووی دەوڵەتی ئیسلامییان لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا پەک خست و ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە زۆربەی ئەندامانی شانەی دەوڵەتی ئیسلامی کە دەستبەسەریان کردوون کورد بوون. سەرۆکی شانەکە لە ١٣ی کانوونی دووەم، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوای ٧٢ کاتژمێر دەستبەسەر کرا، ئەوەش دوای دەستبەسەرکردنی ٢٥ ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی لە ھەڵەبجە سەید سادق، خورماڵ، سیروان و ھەولێر.[45]
دوو شانەی خەوتووی کوردانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئابی ٢٠٢٢دا پەک کەوتن و کوردستان وەکوو «زەوییەکی بەپیت» بۆ بیروڕای دەوڵەتی ئیسلامی یادی لێکرا.[46]
لە تەممووزی ٢٠٢٣، فەرماندەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی کە دەستی لە کۆمەڵکوژیی سپایکەردا لە سلێمانی ھەبوو، دۆزرایەوە و دەستبەسەر کرا.[47]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.