فەیلەسووفی یۆنانی From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەرەستوو (بە یۆنانی: Ἀριστοτέλης، ئاریستۆتێلیس؛ ٣٨٤ی پ. ز - ٣٢٢ی پ. ز)[1] فەیلەسووفێکی یۆنانی بوو؛ ئەو قوتابیی ئەفلاتوون و مامۆستای ئەسکەندەری مەزن بوو. نووسراوەکانی زۆر بابەتیان گرتووەتە خۆ، وەک فیزیک، مێتافیزیک، شیعر، شانۆ، مۆسیقا، لۆژیک، سیاسەت، حکوومەت، ئەخلاق، و ھتد. ھاوڕێ لەگەڵ ئەفلاتوون و سوقرات (مامۆستای ئەفلاتوون)، ئەرەستوو یەکێک لە گرنگترین بناغەداڕێژانی فەلسەفەی ڕۆژاوایییە.
ئەرەستوو، Aristotélēs | |
---|---|
ناوەکانی تر | ئەرەستوو |
لەدایکبوون | ئەریستۆتڵ ٣٨٤ پ. ز ستاگیرا، کالسیدیس |
مردن | ٣٢٢ پ. ز (٦١ یان ٦٢ ساڵ) وابییە |
نەتەوە | یۆنانی |
سەردەم | فەلسەفەی کۆن |
ناوچە | فەلسەفەی ڕۆژاوایی |
قوتابخانە | فەلسەفەی ئەرەستوو قوتابخانەی ئەرەستوو |
بایەخی داوە بە | فیزیا، مێتا فیزیا، ھۆنراوە، شانۆ, مۆسیقا، ڕەوانبێژی، ڕامیاری، حکوومەت، ڕەوشتناسی، زیندەزانی، زیندەوەرزانی |
بیرۆکە گرنگەکان | ڕێژەی زێڕین، ھۆش، بیرسایی، پێوەری ڕەھایی، خۆشەویستی |
کاریگەری بووە لەسەر
|
ئەرەستوو یان بە ئینگلیزی (Aristotle) ئەرەستوو لە ساڵی ٣٨٤ پ. ز لە شاری ستاگیرا لە کەناری دەریای ئیجە لەدایکبووە[2] و خێزانەکەی بە یەکێک لە بەناوباگترین خێزانەکانی یۆنان ناسرابوون و بە خێزانە پزیشکەکە ناو دەبران.
باوکی ئەرەستوو کە ناوی نیقۆ ماخوس بوو، پزیشکی تایبەتی پاشایی مەقدۆنی فیلیپی ٢ کە دەبێتە باپیری ئەسکەندەری مەقدۆنی و یەکێک بووە لە ھەرە پزیشکە سەرکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی خۆی، لەو ڕوانگەیەوە ئەرەستوو پەیوەندییەکی پتەو دروست دەکات لە نێوان خۆی و پادشای مەقدۆنیدا و پاشا فیلیپی ٢ بانگێشتی دەکات بۆ لای خۆی و دەیکاتە پەروەردەکاری ئەسکەندەری مەقدۆنی کوڕەزای لە ساڵی ٣٤٣ پ.ز.[3]
ئەرەستوو تەمەنی منداڵبوو کە باوکی لە دەستدا، دوا بە دوای مردنی باوکی یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆمەڵەی ئەسکیبیادسی پزیشکی، لە تەمەنی (١٨) ساڵیدا پەیوەندی دەکات بە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوون لە ئەسینای پایتەختی یۆنان[4] و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەسەر سەرجەم ھاوڕێیانیدا سەرکەوتن بە دەست دەھێنبێت، ئەرەستوو بۆ ماوەی بیست ساڵ فێرخوازی ئەفلاتوون بوو، لە سەرەتادا بە کەسێکی زۆر زیرەک و بیر فراوان ناسرا، ھاوکات لەبەر زیرەکی لێھاتوویی ئەرەستوو بووە مایەی سەرسووڕمان و تێڕامانی مامۆستا بلیمەتەکەی کە ئەفلاتوون بوو، ھەر بۆیە لای ئەفلاتوون بە شۆڕشی ھەست و شۆڕشی خوێندنەوە ناوبرا.
ئەم بیر فراوانە بلیمەتە ماوەی بیست ساڵ واتە تا ساڵی (٣٤٨/٤٧ پ. ز) وەک سەربازێک لە ئەکادیمیاکەی مامۆستای گەورەی بوونگەرایەتی ئەفلاتوون مایەوە،[4] چەندین زانیاری بەنرخ لەو ئەکادیمیایەوە فێربوو، تا ئەو کاتەی کە مامۆستای بیری نوێ و زانست و بوونگەرایەتی ئەفلاتوون گیانی لەدەستدا، ئیتر بۆ ھەمیشە ئەرەستوو ئەو ئەکادیمیایە جێ دەھێڵێت کە بە ماڵی خۆی دەزانی بڕیار دەدات کە ئەسینا جێبھێڵێت و بەرەو ئاسیای بچووک بەڕێبکەوێت و دواجار بریاڕ دەدات.
پاش ماوەیەکی زۆر کەم ھاوسەری ژیانی دەستنیشان دەکات، ئەرەستوو دووجار ھاوسەر گێری کردووە کە لە ھی یەکەمیان کچێکی دەبێت لە ھی دووەمیان کورێکی دەبێت ئەرەستوو ژنە یەکەمەکی بە سک پرییەوە مرد ئەرەستوو ھەرگیز عشقی ژنە یەکەمییەکی لەبیر نەدەکرد و وەسیەتی کرد کە لە دوایی مردنی لە تەک پیتیاس بینێژن. لە ڕوانگەی لەش و لارەوە ئەرەستوو کورتە باڵا و لاواز بوو چاوەکانی بچووک بوون دەم و چاوێکی پانی ھەبوو ھەمیشە وا دەھاتە بەر چاو کە بیردەکاتەوە جەستەی زڕ و مۆن بوو ھە میشە جل و بەرگی ڕێک بوو لە کاتی قسەکردندا زۆر شاعیرانە ئەدوا. بەڵام جار و بار دەمی دەگیرا ئەرەستوو بە ئەزموون و سەیرکدنی لایەنی زانستی و پراکتیکییەکان زیاتر گرنگی بە زانست دەدا لە کاتێک دا ئەفلاتوون ئایدیالیستئایدیالیستێکی پەتی بوو.
دوای چەند ساڵێک لە مانەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینای کانگای نوێگەرایەتی، ھەر لە ئەسینا قوتابخانەیەک لە یەکێک لە یاریگا وەرزشییەکاندا دادەمەزرێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتێکی زۆر ھەستیاربوو بۆ ئەرەستوو، چونکە پێداویستی دامەزردندنی وەھا قوتابخانەیەک ئەستەم بوو بۆ ئەو کاتەی ئەسینا، لەبەر ھەندێک فاکتەری گرنگی تر بڕیار دەدات لە پاڵ دیوارەکانی یاریگاکەوە، ھاوڕێیان و قوتابییەکانی بە پێوە خوێندن بخوێنن و پەرە بە خوێندن بدەن، دواتر لەبەر ئەوەی ڕێچکەی ڕێبازەکەی ئەرەستوو زۆر پەلی ھاویشت و قوتابییەکانی زۆر کارا و بلیمەت بوون، ئەرەستوو دامەزرێنەری قوتابخانەی ڕێ پێوەکان بوو قوتابخانەکەی ئەرەستوو ناونرا فەلسەفەی خوێندن بەپێوە کە ناودەبرا بە لیسیۆم.
شۆڕشەکەی ئەرەستوو زۆری نەخایاند، کە لەلایەن خەڵکی ئەسیناوە بە بێباوەڕ ناوەزەد کرا، دواجار سزای مەرگی بۆ دەرچوو، ھەر بۆیە بۆ ئەوەی کە زیانی پێنەگات بڕیار دەدات قوتابخانەکەی ڕادەستی یەکێک لە قوتابییەکانی بکات کە ناوی پاوفرا ئەستۆس بوو، دوای ئەوەی ئەسینا بۆ جاری دووەم جێ دەھێڵێت لە شاری خلسیس کە دەکەوێتە نزیک یەکێک لە دوورگەکانی وڵاتی یۆنان کە ناوی ئوبایە نیشتەجێ دەبێت، تا دوا جار لە ساڵی (٣٢٢ پ. ز)، بەھۆی شێرپەنجەی سروشتییەوە کۆچی دوایکرد. پێش مردنی وەسیەتی کرد کە لە پاڵ ھاوسەرەکەیدا بینێژن.[5]
ئەرەستووش بەم جۆرە پێناسەی فەلسەفەی کردووە، کە خۆشەویستی بێ بۆ دانایی. دیارە ئەرەستوو تەنھا لە ڕووی زمانەوانیی یۆنانییەوە توانیویەتی لێکدانەوە بۆ فەلسەفە بکا و پێناسەی بۆ بکا، چونکە لەو سەردەمەدا ئاستی زانستی و زانیاریی گریکەکان ھەر ئەوەندە بووە. بەڵام ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی زانست و زانیاریی زۆر لەو سەردەمەی ئەرەستوو زیاتر کەڵەکە بووە و کەوتووەتە بەردەست ئەو پێناسە کۆنە کۆن بووە و پێناسەی نوێ بۆ فەلسەفە دەبێ ھاوسەنگ بێ لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا، کە پڕ بووە لە ڕێباز و یاسای بیرسایی و کەڵەکەی زانین و زانیاری و زانستی و ئەزموون و پراکتیک و تەکنۆلۆژیا. واتە ئەمڕۆ فەلسەفە لە بریی ئەوەی تەنھا خۆشەویستی بێ بۆ دانایی، دەبێ بەرھەمھێنانی دانایی بێ.
بەپێی قۆناغە یەک بە دوای یەکەکانی بەرەو پێشچوونی فەلسەفە، بابەتەکانی فەلسەفە بەم شێوەیە ھاتوون:
دیارە ھەر لە کۆنەوە زۆربەی قوتابخانە فەلسەفییەکان، بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە یان ڕوانگەی ئایینییان ھەبووە، یاخود ڕوانگەی زانستی. بەڵام گرنگ ئەوەیە بە ھەر ڕوانگەیەک بێ، فەیلەسووفەکان پرسیاری زۆر گەورە و گرانیان لە بارەی سروشتی ئەو بیر و بۆچوونانەوە ورووژاندووە و خستووەتە ڕوو.
ئەرەستووش لە کتێبەکەیدا سیاسەت پەیوەندییە پتەوەکەی نێوان فەلسەفە و پەروەردەی ڕوونکردووەتەوە، کتێبەکە لە فەسڵە پەروەردەیییەکانیدا پراکتیکی دیدە فەلسەفییەکەیەتی ئەرەستوو لە نووسینەکانی لەژێر کاریگەری ئەفلاتووندا دەردەکەوێ، ڕەنگە ئەوەش لەوەدا خۆی دەربخات کە ھەردووکیان وەک ئەرکێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت بۆ پەروەردە دەڕوانن، لەبەر ئەوە دەبینین ھەردوکیان تووڕەن لە ئاست نەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی گشتی یەکگرتوو لە ئەسینادا، داوای ئەنجامدانی شۆڕشێکی گشتگیریان لە ڕێبازەکانی پەروەردەی نەوەی ئاییندەی ئەسینییەکاندا کردووە.
ئەرەستوو وەک لقێک لە سیاسەت بۆ پەروەردە دەڕوانێ و بۆ سیاسەتیش وەک ھونەری ئاراستەکردنی کۆمەڵگە دەڕوانی بە شێوەیەک کە مەزنترین خێر بۆ مرۆڤایەتی بەرھەم بھێنێ، تێبینیکراوەکە ئەرەستوو فەلسەفە دابەش دەکات بۆ (فەلسەفەی تیۆری و فەلسەفەی عەمەلی، سیاسەتیش کایەیەکە لە کایەکانی فەلسەفەی عەمەلی "کردەکی").
ئەرەستوو تێبنی ئەوەی کردووە کە سەرکەوتنی سیاسەتمەداران لە ھەوڵەکانیاندا لەسەر بوونی ئەو ماددە چاکە وەستاوە کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، واتە بوونی گەلێکی چاک بەمەش کار یەکەمی سیاسەتمەدار بووە بە ئامادەکردنی ھاووڵاتیان ئەرکی پەروەردەش پێگەیاندنی ئەم جۆرە کۆمەڵەیە لە ھاووڵاتیان.
پەروەردە بە تیۆرە فەلسەفییەکانی ئەرەستوو کاریگەر بووە، بەسوودمەندی دەزانین لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لەم شوێنەوارانە بکەین:
ئەم دیدە فەلسەفییە کاریگەری لەسەر پەروەردە ھەبووە بەوەش بووە بە پەروەردەیەک کە عەقڵی مرۆڤ ی کردووە بە ئامانج و مەبەست و گەشە بە فەزیڵەتە عەقڵییەکانی دەدات و ئەم جۆرەش لەپەروەردە لای ئەرەستوو فەیلەسوفەکان دەگرێتەوە
ئەرەستوو ھاورێیەتی بۆ سێ بە شەوە پۆلین دەکرد:
بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفان و لە ناویاندا ئەرەستوو، دادپەروەری بە گرنگترین بەشی ڕەوشت دەزانن، و لە ھەمان کاتدا ئەوان دڵنیامان دەکەنەوە کە مەیدانی ئەخلاق فراوانترە لە مەیدانی دادپەروەری. ئەفلاتوون و ئەرەستوو ھەردووکیان دادپەروەری بە چاکە (فەزیلەتێکی) تایبەتی دەناسێنن کە دەبێت لە چاکەی گشتی جیابکرێتەوە، ئەمەش ئەو جیاکارییەیە کە ئەمڕۆ لە فیکرو فەلسەفەدا دەبینرێت. بۆ نموونە، ئەگەر بڵێین ھەندێک کار وەکو کوشتن نادروست و خراپە، ھەرچەندە ناڵێین کوشتن بێ ویژدانییە یان نا دادپەروەرییە، بەڵکو دەڵێین کوشتن خراپەیەکی ڕەھایە. سیستەمی ئەخلاقی دەبێت چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕەوشانەدا ھەبێت کە لە ناویاندا تووشی بەرژەوەندی ناکۆک یان دژ دەبین، بەڵام چارمان نییە و دەبێت وەڵامی تایبەتیمان بۆ ھەر پرسیارێک ھەبێت کە کەسەکان دەبێ چیبکەن. مەبەست لەو وەڵامانەیە کە دەکەونە ناو مەیدان و پرسی دادپەروەرییەوە. چەمکی دادپەروەری ھەتا وردترو ڕۆشن تر پێناسە بکرێت، سوودمەنتر دەبێت.
دوو جیاوازی بونیادی کە پەیوەندارە بە عەدالەتەوە، سنوورداری و فراوانی ماناکەی دیاری دەکەن. یەکەمین جیاوازی بریتییە لەو جیاوازییەی کە ئەرەستوو لە دەفتەری پێنجەمی ئەخلاقی (چاکەدا) لە نێوان دادپەروەری دابەشکردن و دادپەروەری قەرەبووکردنەوەدا باسی دەکات. دادپەروەری دابەشکردنی مەبەست لە دابەشکردنی دارایییە لە نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵدا. ئەرەستوو بڕوای بە بنەمای بڕیاردانی ئەو بیروباوەڕە ھەیە کە دەبێت لەگەڵ بوونەوەری ھاوشێوەدا وەکو یەک ڕەفتاربکرێت، و دەڵێ دابەشکردنی دارایی و کاڵاکان یان دەبێت بەپێی شایستەیی بێت یان بەپێی ھەق، ئەو کەسانەی کە شایستەی بەشی یەکسانن دەبێت بەشی یەکسانیان بەربکەوێ و بە پێچەوانەشەوە، کەسانێک کە شایەنی بەشی نایەکسانن دەبێت بەشی نایەکسان، بەپێی شایستەیی ھەقی نایەکسان وەربگرن. عەدالەتی قەرەبووکردنەوە پەیوەندی بەو بابەتانەوە ھەیە کە لە ئەنجامی مامەڵەی نێوان خەڵک پەیدادەبێ, وەکو دانوستاندن لە بازاڕ یان لە شێوەکانی ئاڵوگۆڕی دوولایەنە و ھەموو پەیوەندی و دەرگیرییەکانی مەدەنی و جەزایی (سزایی). دادپەروەری قەرەبووکردنەوە گرنگی دەدات بە یەکسان کردنی ئامانجی کاری بەویژدان و کاری بێ ویژدان. مافناسی (ڕاستی ناسین) و چاکە لە بەرامبەر چاکەدا بە لایەنە گرنگەکانی دادپەروەری قەرەبووکردنەوە دەژمێرێ.
دووەمین جیاکردنەوە پەیوەندی ھەیە بەو بابەتانەی (زەمینانەی) کە دادپەروەری تیا دەرکەوێ. دادپەروەری یان لە نێوان تاکەکاندایە، یان دەربارەی دامودەزگا گشتی و کۆمەڵایەتییەکانە، دادپەروەری بەشێکە لە فەزیلەت و چاکەی تاک و کاریگەری و دڵنیایی لەسەر کارو ڕەفتاری کەسەکان دادەنێ. لە ئاستی گشتی و دامەزراوەکانیشدا، دادپەروەری لە پێکھاتەی سەرەکی کۆمەڵگادا دەخرێتەڕوو، واتە لە نیھاد و زەمینەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی.
مەسەلەی دابەشکردنی سامان و بەرژەوەندی و ھەلەکان، زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگە سەبارەت بە دادپەروەری کە لە باس و تیۆرەکانی ئەم سەردەمەدا بە زۆری ئامادەیی ھەیە. بەپێی ئەم ئاڕاستەیە پرسی دابەشکردن لە ئامانجی ھەر تیۆرییەک دەربارەی دادپەروەری دەبێت بڕیاردانی بنەما و یاسای وا لە خۆی بگرێت کە ھەر کەسێک بەھۆیانەوە بتوانێ بەھرەمەندی بەدەست بھێنی. لەبەر ئەوەی کە ئەم ئاڕاستەیە پەیوەندی بە شایستەیی دەروونی کەسەکانەوە ھەیە، بۆیە پرسی دشوار دەبێتە نادیار بوونی ئەو شتەی کە لە مامەڵەی کەسێکدا دەردەکەوێ. بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم دژوارییەدا، فەیلەسوفان دەربارەی پێویست بوونی ھێنانەدی پرسی فەلسەفی (واتە چی بوونی ناوەڕۆکی عەدالەت) بەڕێکەوتن گەیشتوون.
لەدیدگای مێژووییدا بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت سوود لەدوو ئاراستەی جیاواز وەربگرین. یەکێک لەوان ھەوڵدانە بۆ پەیداکردنی وەڵامی مەبەست لە زەمینەی یاسا سروشتییەکاندا. وئاراستەی دووەم لە ھەلومەرجی دادپەروەریدا پەیدا دەبێت، کە داڤید ھیۆم گرنگی پێداوە. باس و تیۆرەکانی ھاوچەرخ بۆ دادپەروەری لەم دوو ئاڕاستەیەدا (واتە مافی سروشتی، ھەلومەرجی دادپەروەری) پێشڕەوییان کردووە.
بەلای ئەرەستووە دەوڵەتی نموونەیی ئەو دەوڵەتەیە کە ژمارەی دانیشتووانی گونجاوی ھەیە لەگەڵ ڕووبەرەکەی و خێزان ڕۆڵی سەرەکی لە پێگەیاندنی نەوەکانیدا دەبینێت بە پێچەوانەی ئەفلاتوون بۆ چۆنایەتی دانیشتووان بڕوای بە پەروەردەیی خێزانی نەبووە، بەلای ئەرەستووە تاک یەکەی بنچینەیی پێکھاتەی کۆمەڵگە نییە بەڵکو خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە چونکە تاک بە سروشت ئاژەڵێکی مەدەنییە لە بارەی چۆنایەتی دانیشتووانەوە پێی وابووە کە خێزانی ئاسایی بریتییە لە ژن و مێرد و مناڵەکانیان وکۆیلەکانیان، دەبێت پیاو سەرکردایەتی خێزان بکات چونکە پیاو خاوەنی ئەقڵی تەواوو وردبینی وباشترین بۆچوونە لە ڕووی چەندایەتیشەوە ھەر وڵاتێک ئەگەر لە قەبارەی ئاسایی خۆی دەرچوو خەسڵەتەکانی دەوڵەت لەدەست دەدات و توانای خۆ بژێوی نابێت، ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگەش لەژێر کاریگەری دوو ھۆکاردا تێکدەچێت کە بریتین لە زۆر بوونی گرووپێک لە شاردا لە بەرامبەر کەمبوونەوەی گرووپێکی مرۆیی تردا و ھۆکارەکەی تریش کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانە لە ناکاو بە ھەر ھۆیەکەوە بێت، ڕەنگە ئەم بۆچوونەی ئەرەستوو بەھۆی ئەو جەنگ و نا ئارامی و شەڕ و بشێویە بووبێت لە سەردەمی ئەودا لە زۆربەی شارە یۆنانییەکاندا بەرپا بوو بوون، بۆیە بەلای ئەرەستووە دانانی دەستوورێک بۆ ڕێکخستنی دانیشتووان یەکێکە لە پێویستییەکان ولەگەڵ ھەر گۆڕانێکیشدا بەلای ئەمەوە دەبوو دەستوورەکە بگۆڕێت()، بۆ نموونە بەلای ئەرەستووە ھەتا ڕێگە لە ڕاپەرین و شۆڕش و نا ئارامی بگیرێت پێویستە بیر لە بەشکردنی خۆراک و داھاتی کۆمەڵگە بکرێتەوە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان و لە پێناو دەوڵەتێکی نموونەییدا پێی ڕەوابووە کە ئەم شتانە بکرێت:
تێڕوانینی ئەرەستوو بەرامبەر بە ئەدەب و بەھاکانی ئەدەب جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ تێڕوانینی فەیلەسووف و ڕەخنەگرانی سەردەمی خۆی، ئەوە گومانیش لەوە ناکرێت کە لەگەڵ ئەرەستوودا ڕەخنە بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکردوە، چونکە ئەرەستوو یەکەم کەس بووە کە کتێبێکی ڕەخنەیی نووسیوە، ھەربۆیەش بە یەکەم ڕەخنەگر دادەنرێت، دیدو تێڕوانینی ئەرەستوو بەرامبەر بە ئەدەب دید و تێڕوانینێکی ڕاستەقینەیە و ئەرەستوو پێی وایە کە ئەدەب گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ژیانی مرۆڤ ھەر ئەدەبیشە دەتوانێت گوزارشت لە ڕاستەقینەی مرۆڤ و دەوروبەری بکات، ھەروەھا لەدیدی ئەرەستوودا ئەدەب پڕییەتی لە شتە جوانەکان و ڕاستەقینەیییەکان و بەھا مرۆیییەکان، کاتێکیش ئەرەستوو دەیەوێت وەڵامی ھەموو ئەوانە بداتەوە کە وا دەبینن ئەدەب سوودی بۆ مرڤ نییە و پێیانوایە ئەدەب تەنھا شتی خەیاڵییەو لاساییکردنەوە و چەند شتێکی تێدایە کە سودێکی ئەوتۆیان نییە، ئەرەستوو وەڵامی ھەموو ئەوانەی داوەتەوە ھەم وەک ڕەخنەگرێک و ھەم وەک فەیلەسوفێک دیدو تێڕوانینی خۆی لە ھەمبەر ئەدەب و گرنگیی ئەدەب دەربڕیوە.
ھەڵبەتە ڕۆشنبیران و فەیلەسووفەکانی کۆن و نوێ ھەریەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان باسی دیموکراتی و بنەماکانی دەکات، ھەر بۆ نموونە ئەرەستوو ئەو پێی وابووە کە ئازادی گرنگترین فۆرمە بۆ دیموکراتی و ئەو دەڵێت کە ئازادی مافی ھەمووانە و ھەمووان دەبێت بەشداری لە تەواوی حوکم و دەسەڵاتدا بکەن و پۆستەکان ھی ھەمووان بێت و دەبێت ھەمووان حوکم لەو پۆستانەدا بکەن. تیۆرییەکانی ئەرەستوو خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە بۆ پێناسەی فۆرمی ئازادی کە ئەوانیش:
ئەرەستوو لە کتێبی سیاسەتدا دەستوورە جیاوازەکانی باس دەکات و دەڵێت باشترین دەستوور ئەنجامی باشترین بۆ چوونە و لێک گەیشتن و بەختەوەریش لە باشترین بۆچوونەوەیە، باشترین بەختەوەریش باشترین مرۆڤی سیاسی بەرھەم دەھێنیت؛ و بە سیاسی بوونی سروشتی مرۆڤ نابێت لە یاد بکرێت، چونکە مرۆڤ ھەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە سیاسی بووە مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە کە دەستووری داڕشتووە و حەزی لە بەختەوەری، ئازادی، لە دۆزینەوەی نھێنی، لە تێگەیشتن لە زانستەکان کردووە کە بەھۆی ئەمانەوە ھەوڵی بە دەست ھێنانی فەزیلەتی داوە. بەڵام تا ئێستاش مرۆڤ لە بەشی سیاسییانەی خۆی نەگەیشتووە. بە ڕای ئەرەستوو ڕۆحی مرۆڤ لێپرسراوە لە ژیانی و ڕۆحیش پێکھاتووە لە بەشی ئەقڵی و نا ئەقڵی بەشی عەقڵی توانا و ھزر وحیکمەت و پراکتیکە. نا ئە قڵانییەکەش سۆزوو ئارەزوو دەگرێتەوە، عەقڵانییەکەش کاریگەری ھەیە لە سەریان. ھەندێک جار بە ئاسانترین لێکۆڵینەوە لە سروشتی مرۆڤ تێ دەگەین کە لە کاتە نادرووستە کاندا سۆز ئیش لە مێشک دەکات (نا عەقڵی) و لە کاتە دروستەکاندا عەقڵ بڕیار دەدات بەسەر سۆز و ئارەزوودا. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پەروەردە یەکی سیاسیانە ئەقڵێکی بە ئەزموون دروست دەکات (ھیچ شتێک لە عەقڵدا نی یە ئەگەر پێشتر ھەستی پێ نەکرابێت یا ئەزموون نەکرابێت).
نووسینەکانی ئەرەستوو سەدان بەرھەمن ھەندێ نووسەری دێرین پێیان وایە کە ئەرەستوو چوار سەد کتێبی داناوە، و ھەندێکی تر وای بۆ دەچن کە ھەزار کتێبی داناوە بەڵام ئەو بەرھەمانە بەش بەش ماونەتەوە، بەرھەمەکانی ئەرەستوو زیاتر لە چوار بواردا خۆی دەنوێنێ کە ئەمانەن:
یەکێک لەفەلسەفە زۆرگرنگەکانی ئەرەستوو ئەوەیە کە دەڵێت: «سروشت جێگیرەو گۆڕانی بەسەردا نایەت».
ئەم لیستەی خوارەوە تەواوی کارەکانی ئەرەستووە کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە دانراوە[6] ئەم بەرھەمانە ھێشتا لەلایەن زانایانەوە بەکاردەھێنرێن. ھەروەھا ناوە لاتینییەکەشیان نووسراوە.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.