مەزهەبی شیعە From Wikipedia, the free encyclopedia
شیعە بە دووەم تائیفەی گەورەی موسڵمانان دەگوترێت کە عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب و نەوەکانی لە فاتیمەی ھاوسەری و کچی محەممەد بە پێشەوا دادەنێن و مل کەچی بۆیان بە پێویست دەزانن، بەپێی دەقی ئاسمانی و بە مەڕجەعی سەرەکیی موسڵمانانیان دادەنێن لە دوای کۆچی دواییی پێغەمبەر، ناوی پێشەوا یان ئیمامیان پێ دەڵێن و شوێنکەوتنیان بە پێویست دادەنێن بەپێی فەرموودەیەکی محەممەد کە لە چەند کتێبێکی ھەندێک لە تائیفە ئیسلامییەکاندا ھاتووە.
ئیسلامی شیعە | |
---|---|
ئایین | ئیسلام |
درێژبوونەوە | زۆرینە پێک دەھێنن لە؛ ئێران عێراق ئازەربایجان بەحرەین بەبەڕێژەیەکی زۆر لە وڵاتەکانی؛ پاکستان، تورکیا، یەمەن، کووەیت، ئاڵبانیا، کۆسۆڤۆ، لوبنان، سووریا، ئەفغانستان، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، قەتەر و لەم شوێنانەدا ھەن بە ژمارەیکی دیار؛ عەرەبستانی سەعوودی، ھیندستان، عومان، تاجیکستان و بە ڕێژەیەکی کەم لە وڵاتەکانی تر. |
ژمارەی بڕوادارانی | ١٥٤–٢٠٠ میلیۆن کەس[1] |
شوێنە پیرۆزەکان | مەککە، مەدینە، قودس، کەربەلا، نەجەف |
شیعە لە بنەڕەتدا لە زمانی عەرەبیدا بە واتای شوێن کەوتن دێت، و لە مێژووی ئیسلامیدا، زاراوەی شیعە بۆ زۆر لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەکارھاتووە وەک شیعەی عوسمان و شیعەی معاویە و ئەوانی تر، بەڵام وشەی شیعە بە تەنھا بە کاردێت بۆ شوێنکەوتووەکانی عەلی، و شیعە لەو بڕوایەدان کەوا ناونانە لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا ھاتووە لە وەڵامی پرسیارێکی عەلیدا؛ کێ باشترین کەسی سەر زەوییە؟، وەڵامی ئەداتەوە؛ «أنت وشيعتك»، واتە؛ تۆ و شوێنکەوتووەکانت. لەبەرەوە شیعە لەو بڕوایەدان کە شیعە لە دوای وەفاتی پێغەمبەر دەرنەکەوتووە بەڵکو شیعە خۆی ئیسلامی ڕاستەقینەیە، و ئەم فەرموودەیە بە گێڕانەوەی جیاواز لە ھەندێک لە کتێبەکانی شیعە و مەزھەبەکانی تردا ھاتووە.[2]
شیعە لەو بروایەدان کە ئەوان خودی ئیسلامن، و وایدانانێن ئەو مەزھەبە دوای ئیسلام دەرکەوتبێت بەڵکو بە خودی ئیسلامی دادەنێن، و لەو باوەڕەدان کە موسڵمانی لە خواترس دەبێت شوێنکەوتوو و ملکەچی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بێت، لەبەر ئەوە شوێنکەوتن بە یەکێک لە پایەکانی ئیسلام دادەنێن و پێغەمبەر لە ماوەی ژیانیدا بنەڕەتەکەی داناوە و پێش وەفاتکردنی لە ڕۆژی غەدیری خەم ویلایەتی عەلی ڕاگەیاندووە لە دوای خۆی بە پێی بیروباوەڕی شیعە، ھەروەھا تائیفە ئیسلامییەکانی تر بە دروستکراو دادەنێن و ئەڵێن لە لایەن فەرمانڕەوا و سوڵتانەکانەوە دانراوە و بۆ دوورخستنەوەی ئیسلام لەوەی پێغەمبەر محەممەد ویستوویەتی.
ھەندێک لە مێژوونوسان وایدادەنێن، کە سەرەتای شیعە دروستبوو لە پاش وەفاتی پێغەمبەر کاتێک موسڵمانان کۆبوونەوە لە سەقیفەی بەنی ساعدە بە ئامادەنەبوونی بەنی ھاشم بۆ نموونە عەلی کوڕی ئەبووتالیب و عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب کە خەریکی ناشتنی پێغەمبەر بوون، و کۆبوونەوەکەی سەقیفە کۆتایی ھات بە ھەڵبژاردنی ئەبووبەکر بە کۆبوونی پشتیوانان و کۆچەران لە سەری، لە دوای کۆبوونەوەکە کۆمەڵێکی بچووک لەوانەی ئامادەی نەبوون کۆبوونەوە لە ماڵی عەلی و ناڕازیی بوون لە ھەڵبژاردنی ئەبووبەکر.[3]
و ھەندێک وای دادەنێن کە ئەمە بەرەو پێشچوو لە سەردەمی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفاندا، کە ھەندێک لەو سیاسەتانەی کارگێڕەکانی لە شام و میسر پێی ھەڵدەسان بوو بە ھۆی تووڕەکردنی خەڵک و شۆڕشیان ڕاگەیاند لەگەڵ ئەوەی عەلی خۆی ویستی ڕێگەیان لێبگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا عوسمان کوژرا، و پاشان موسڵمانان کۆبوونەوە لە دەوری عەلی و داوایان لێکرد خەلافەت بگرێتە دەست. لێرەدا جارێکی تر بیرۆکەی ھاوسۆزبوونێکی نوێ دەستی پێکرد و عەلی کرا بە حاکمی فەرمیی موسڵمانان لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە.
لە سەرەتاوە ناکۆکی دەستی پێکرد لەگەڵ ھاوەڵەکانی وەک معاویە و تەڵحە و زوبێر، و زاراوەی شیعەی عەلی دەرکەوت کە بە ھاوەڵەکانی عەلی دەوترا کە پاڵپشتیان لێدەکرد لە بەرامبەردا کۆمەڵێکی تر دروست بوون و ناوی خۆیان نا شیعەی عوسمان و داوای ھەقی خوێنی عوسمانیان دەکرد و گەیشتە ئاستێک کە خەلافەتی عەلیان ڕەت دەکردەوە لەبەرەوەی خاو بوو لە بەدەنگەوەچوونی داواکەیان بۆ تۆڵە سەندنی عوسمان، لە سەرەوەی شیعەکانی عوسماندا معاویە کوڕی ئەبووسوفیان بوو لەلایەک و عائیشەی خێزانی پێغەمبەر بوو لە لایەکی تر و پاشان ڕووداوەکانی وەک شەری جەمەل و شەری سەفین لە نێوان لایەنگرانی عەلی و لایەنگرانی ھەقی عوسماندا کەوتەوە ھەروەھا کۆمەڵە نوێیەکانی وەک خەواریج دەرکەوتن، و عەلی کوڕی ئەبووتالیب لەسەر دەستی یەکێک لە خەواریجەکان کوژرا لە کاتی نوێژی بەیانیدا لە کووفە.[4][5][6]
ڕووداوی کەربەلا ئەو ڕووداوەی کە حسەینی کوری عەلی تیا شەھیدکرا و بە کورتی ڕووداوەکە لە ئەنجامی ئەوە کەوتەوە کە معاویە موبایەعەی جێ نشینی خۆی دا بە یەزیدی کوڕی، و حسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب ناڕازی بوو لەمە و سووربوو لەسەر ڕێگرتن لێیان و لە مەدینەوە ڕۆیشت بۆ کووفە بۆ بەرەنگاری یەزید، بە سەربازەکانی گەیشت لە کەربەلا، بەڵام لەکاتی گەیشتنی سوپای ئەمەوییەکان خەڵکی کوفە دەستیان ھەڵگرت لە فریاکەوتنی حسەین وتەنھا کەس وکاری لەگەڵی مانەوە، وسەرکردەی ئەمەوییەکان ھەوڵیدا حسەین ڕازی بکات بە موبایەعە دان بە موعاویە بەڵام ئەو رەتی کردەوەو شەڕ ڕوویدا لە نێوانیان و کۆتایی ھات بە کوژرانی حسەین وکەس وکاری، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی بەئازاری ھەبوو لە ھەموو جیھانی ئیسلامیدا و سەرەتای ھاوسۆزییەکی نوێ بوو بۆ گەشەکردنی بیری شیعە و کارەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە شۆڕشیان ڕاگەیاند بەسەر دەسەڵاتدا و حسەین بوو بە ھێمای شەھیدی ستەملێکراو لایان.
لە دوای ڕووداوی کەربەلا بیرۆکەی شیعە شێوازی شؤڕشی وەرگرت لە زۆر شوێنێک و حسەین بوو بە کەسایەتیەک کە شیعەی ھێمای ستەملێکراوی تیادا ئەبینن و دێڕە ناودارەکەیان ھەموو کات دووپات ئەکەنەوە (ھەموو ڕۆژێک عاشورایە و ھەموو خاکێک کەربەلایە).
بە پێی مێژونووسە شیعەکان، شیعە دابەش دەبێت بۆ دەستە و تائیفەی جیا کە بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک دەرکەوتن و ئەوانەی ناسراون لە مڕؤدا ئەمانەی خوارەوەن.
تائیفەی دوانزە ئیمامی باوەڕیان بە چواردە کەسی پارێزراو ھەیە لە ھەڵە و تاوان لە وانە دوانزەیان ئیمام (پێشەوای) پارێزراون، و باوەڕیان وایە کە محەممەد مەھدی کوڕی ئیبن حەسەن عەسکەری لەوانە، و ئەم کەسایەتیە چاوەڕێکراوە بەڵێنپێدراوەکەیە و لە بەرچاو دیارنەماوە پاشان ئەگەڕێتەوە تا زەوی پڕ دەکاتەوە لە دادپەروەری.
ئائیفەی دوانزە ئیمامی بە گەورەترین تائیفەی شیعە دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، و ڕێژەکەیان بە نزیکەی %٨٥ی شیعە مەزندە دەکرێت، و ئێران و عێراق و ئازەربایجان نزیکەی سێ بەشی شیعەی دوانزە ئیمامی لە خۆ ئەگرن ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی سەفەوییەکان ١٥٠١–١٧٣٦ کە شا ئیسماعیلی سەفەوی مەزھەبی شیعەی دوانزە ئیمامی سەپاند بەسەریاندا و ئەمەش بوو بە ھۆی ئەوەی نەتەوەکانی وڵاتی فارس و ئازەربایجان و ھەندێک لە تورکەکان ببن بە شیعە[7]»..
جەعفەر سادق زانست (فیقھی) شیعەی دانا و قوتابیەکانی بڵاویان کردەوە لە نیو خەڵکیدا و ھەزران قوتابی لەسەر دەست زانستیان وەرگرت و موسڵمانان بە گشتی بە ئەستێرەی نەتەوەی ئیسلامی دادەنێن لەبەرئەوە ئەم تائیفەیەبە (جەعفەریی) یش ناودەبرێن.
لە دوای وەفاتی ئیمام جەعفەری سادق شیعە کۆبوونەوە لە دەوری کوڕەکەی موسا کازم، بەڵام ھەندێک لە شیعە ڕایانگەیاند کە ئیمام ئیسماعیلی کوڕی جەعفەر سادق کە مردووە لە ژیانی باوکیدا، پێشەوایەتی و ئیمامی ئەبێت لە نەوەی ئەو بێت و پێشەوایەتی موسا کازمیان ڕەت ئەکردەوە، و دووەم دابەشبوون ھاتە ئاراوە کە بە ئیسماعیلی ناویان ھەیە، کە ئەمیش دوو لقی لێدەرچوو (نزاری – موستەعلی) و ھەتا ئێستا ماون.
ئیسماعیلیەکان بە چالاکیان ناسراون و توانیان ۆ یەکەم جار دوای کوژرانی عەلی کوڕی ئەبووتالیب دەوڵەتێکی شیعە دابمەزرێنن، پێشەواکان سەرکردایەتیان ئەکرد دوای سەرکەوتنی بانگەوازە نھێنیەکەیان و ئەیانووت ئەوانە لە نەوەی عەلین و دەوڵەتەکەش دەوڵەتی فاتیمی بوو.
لە باکووری ئەفریقا دەستی پیکرد و گەیشتە میسر و قاھیرەی پایتەخت لە سەردەمی ئەواندا گەورەترین شار بوو.
ئیسماعیلیەکان لە نەجەران لە باشووری شانشینی سعودیە و لە ھند و چەند وڵاتێکی تردا ھەن.
لە دوای کوژرانی حسەین و وەفاتی کوڕەکەی عەلی زەین عابدین کە دوو کوڕی ھەبوو ئەوانیش زەیدی کوڕی عەلی و محەممەد باقر بوون.
زەیدی کوڕی عەلی وەستا لە بەرامبەر ئەمەوییەکان و خەڵکانی شیعە لە دەوری کۆبوونەوە، و زەید دوا ھەناسەکانی کۆتایی ژیانی لە کارەساتێکی خەماوی وەک شەھیدبوونی حسەینی باپیرەی دا بوو، و لە دوای مردنی تائیفەیەکی تر لە شیعە جیابوونەوە کە پێشەوایەتیان لە محەممەد باقر نەئەبینی لە کاتێکدا شیعە بە ئیمامیان دائەنا پێشتر تاکو زەیدیش لە ژیاندا بوو، و ئەم تائیفەیە بە زەیدی ناسراون و ھەتاکو کاتی ئێستا ماون، ئەم تائیفەیە جیاوازن لە شیعەکانی تر بەوەی پێشەوایەتی بە دەق بۆ کەسێکی دیاریکراو دانانێن و بەڵکو بۆ نەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیبی دادەنێن.
و زەیدی بە نزیکترین مەزھەبی شیعە دادەنرێت لە سوننەوە لەبەر ئەوەی زانستی مەزھەبی شافعی وەرئەگرن.
دوانزە ئیمامی بە گەورەترین تائیفەی شیعە دادەنرێت، پاشان ئیسماعیلی دێت، پاشان زەیدی بە ڕێژەیەکی کەم، و ژمارەی شیعە لە جیھاندا لە نیوان ١٥٤ بۆ ٢٠٠ میلیۆن کەسدایە، بە ڕێژەی %١٠ بۆ %١٣ لە کۆی ژمارەی موسڵمانان لە جیھاندا، نزیکەی ١١٦ ١٤٧ ملیۆنیان لە قاڕەی ئاسیادا ئەژین، کە سێ بەشی ژمارەی موسڵمانانی شیعە دەکات بە گشتی، و بەشەکەی تریان لە باکووری ئەفریقادان، و ژمارەیان لە نێوان ٣٦ بۆ ٤٤ میلیۆن کەسدایە، و زۆربەی شیعە نزیکەی %٨٠-%٨٦ لە چوار وڵاتدا ئەژین (ئێران و پاکستان و ھیند و عێراق).[8]
شیعە چەندین شار و مەزارگەی پیرۆزیان ھەیە، ئارامگەی پێشەواکانیان ئەگرێتەوە و لەگەڵ سوننەدا کۆکن لەسەر پیرۆزی شارەکانی وەک مەککە و مەدینە و قودس بە شوێنە پیرۆزەکانیانەوە وەک کەعبەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی ئەقسا، بەڵام شیعە بۆ خۆیان چەندین شوێنی پیرۆزی تریان ھەیە کە مەزار و ئارامگەی پێشەوا و پارێزراوەکانیان ئەگرێتەوە بۆ نموونە؛
قوم؛ شارێکی ئێرانە و ئارامگەی فاتیمەی کچی پێغەمبەری لێیە لەگەڵ مزگەوتی جمکران.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.