گرێگری ھاوس
کەسایەتییەکی سەرەکیی زنجیرەی ئەمریکیی هاوس / From Wikipedia, the free encyclopedia
د. گرێگری ھاوس (بە ئینگلیزی: Dr. Gregory House) کەسایەتییەکی خەیاڵییە کە لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکیی ھاوسدا دەرکەوتووە. ئەم زنجیرەیە لەلایەن نووسەر دەیڤد شۆرەوە دروست کراوە. ئەکتەری ئینگلیزی، ھیو لۆری، ڕۆڵی دکتۆر ھاوسی گێڕاوە. ھاوس سەرکردایەتی تیمێک لە پزیشکانی دۆزەرەوە دەکات. ھەروەھا ئەو بەڕێوەبەری بەشی دۆزەرەوەی پزیشکییە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی پرینیستۆن-پلەینزبۆرۆدا، کە نەخۆشخانەیەکی خەیاڵییە لە پرینستۆنی نیوجێرسی.[1]
گرێگری ھاوس | |
---|---|
کەسایەتی ھاوس | |
یەکەم دەرکەوتن | زنجیرەی یەکەم، وەرزی یەکەم «ھەمووان درۆ دەکەن» |
کۆتا دەرکەوتن | زنجیرەی کۆتایی، وەرزی ھەشتەم «ھەمووان دەمرن» |
دروستکەر | دەیڤد شۆر |
ڕۆڵگێڕ | ھیو لۆری |
زانیاری | |
ناسناو(ەکان) | ھاوس |
جێندەر | نێر |
پیشە | سەرۆکی پێشووی بەشی دۆزینەوەی پزیشکی |
خێزان | جۆن ھاوس (باوکی یاسایی، مردوو) بلایس ھاوس (دایک) |
هاوسەر(ەکان) | دۆمینیکا بیتروفا |
خۆشەویست | ستەیسی وارنەر (ھاوڕێیەکی پێشوو، پێش ڕووداوەکانی زنجیرەکە) لیسا کادی (ھاوڕێیەکی پێشوو) لیدیا بوم (پەیوەندییەکی ڕۆشتوو) |
ئایین | ھیچ (بێخوایی) |
پەڕەی تایبەتی لەسەر بنکە دراوی فیلمەکان لەسەر ئینتەرنێت |
کەسایەتییەکە بە کینەی مرۆیی، گاڵتەچی، و نەرجسی پێناسە کراوە. ھاوس تاکە کەسایەتییەکە کە لە ھەموو ئەڵقەکانی زنجیرەکەدا دەرکەوتووە. ھەروەھا تاکە کەسایەتیی سەرەکییە کە لە ئەڵقەی یەکەم لە وەرزی شەشەمدا بە جۆرێکی بەرچاو دەرکەوتووە.
چۆنییەتیی ھەڵسوکەوت کردنی ھاوس لەگەڵ نەخۆشەکانی نائاسایییە. ئەم جۆرە ڕەفتارەی ھەموو کات لەگەڵ ھاوکارەکانیدا تووشی ناکۆکیی دەکات.[2] بە گشتی ھاوس ھاوسۆز نییە لەگەڵ نەخۆشەکانی، ئەمەش بەپێی قسەی خۆی، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کاتی ببێت تا شیکردنەوەی نەخۆشییە پزیشکییەکە بکات. کەسایەتیی ھاوس بەشێکی لە کەسایەتی شێرلۆک ھۆڵمزەوە وەرگیراوە.[3] زنجیرەکە بە شێوەیەکی سەرەکی دەربارەی ئاڵوودەبوونی ھاوس بە ڤایکۆدینە کە لەبەر سڕکردنی ئازارەکەی خووی پێداوە. ئەم ئازارە بەھۆی (إحتیشاء) لە ماسوولکە چوار سەرەکەیدا دروست بووە پێش ٥ ساڵ لە دەستپێکردنی زنجیرەکە، کە ناچاری دەکات گۆچان بەکاربھێنێت. یەکێک لە لێکچوونەکانی لەگەڵ ھۆڵمزدا، ئاڵودەبوونێتی بە ماددە ھۆشبەرەکان، کە بە شێوەیەکی ئاسایی کۆکایینی بەکار دەھێنا.[4]
لە کاتی پەخشکردنی زنجیرەکەدا، کەسایەتییەکە چەندین بۆچوونی ئەرێنی وەرگرتووە. ھەروەھا لە چەند خشتەیەکی باشترین کەسایەتییەکاندا دەرکەوتووە.[5][6] تۆم شیلز لە ڕۆژنامەی واشینگتن پۆستەوە کەسایەتییەکەی بە «سەرنجڕاکێشترین کەسایەتیی چەندین ساڵی ڕابردووی سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن» پێناسە کردووە. لۆری چەندین خەڵاتی بردەوە بۆ بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکە. گرنگترینی ئەو خەڵاتانە بریتی بوون لە گۆڵدن گڵۆب بۆ بەشی باشترین ئەکتەر لە زنجیرە درامای تەلەڤیزیۆنیدا، خەڵاتی ڕێکخراوی ئەکتەرەکانی شاشە بۆ بەشی باشترین ئەکتەر لە زنجیرە درامادا، خەڵاتی ساتیلایت بۆ ھەمان بەش و ھەروەھا خەڵاتەکانی ڕەخنەگرانی تەلەڤیزیۆن بۆ بەشی باشترین کاری تاکەکەسی لە بواری درامادا. لۆری شەش جار بووە بە کەندیدای وەرگرتنی خەڵاتی ئێمی بۆ بەشی باشترین ئەکتەر لە زنجیرە درامادا کە دوا جاری لە ساڵی ٢٠١١دا بوو.