کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا
From Wikipedia, the free encyclopedia
کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا (بە ئینگلیزی: Kurdistan Students Society in Europe), (KSSE) (١٩٥٦–١٩٧٥) ڕێکخراوەیەکی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا بوو[1] کە لەلایەن عەبدولڕەحمان قاسملوو و نوورەدین زازا و عیسمەت شەریف وانلی و کۆمەڵێک خوێندکاری تر، لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیای فێدراڵ (ئەڵمانیای ڕۆژاوا) دامەزرا.[2] کۆمەڵە بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسی-ڕێکخراوەییە نوێیە بوو کە کورد لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا، پێکی ھێنا و لە ڕاستیدا ھەر لەقێکی ڕۆڵی باڵوێزخانە و نوێنەرێکی دیپلۆماتیکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی دەگێڕا.[3] کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا ناوەندێکی گرینگ بوو بۆ کۆکردنەوەی کوردان لە دەوری یەک و پاراستنی کلتور و ناسنامەی کوردی و ناساندنی کورد و بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە بزاڤ و شۆڕشەکانی لە دەرەوی وڵات[4] و دیموکراتانە کاری دەکرد، تا ڕادەیەک کە پەرلەمانتارێکی بریتانی کە بانگهێشتی یەکێک لە کۆنگرەکان کرابوو، وتوویەتی: «ئەو دیموکراسییەی لەناو ئەو کۆنگرەیەدا دیتوومە، لەناو پەرلەمانی بریتانیادا نییە»[5] و ھەتا ساڵی ١٩٧٠ بۆ ھەموو کوردان بوو و خوێندکارانی ھەر چوار پارچەی کوردستانی لە خۆیدا کۆ کردبۆوە و ھەر ھەموویان توانیبوویان ناکۆکییە حیزبییەکان وەلا بنێن و یەکدەنگ بن[6] و ئەمەش بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراو، ڕووداوێکی گرینگ و دەگمەن بوو. ھەرچەند لە دەرەوە لەلایەن خوێندکارانی فارس و تورک و عەرەبەوە دژایەتییان دەکرا و نکۆڵییان لە کۆمەڵە دەکرد و بڕوایان وا بوو کوردەکان دەبێت ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی ئەو وڵاتانە بن. سەرەڕای ئەوەیکە ئەوکاتی کورد خاوەن چەندین کۆمەڵەی خوێندکاریی تر بوو لە ئەورووپا و بەگشتی دەرەوەی وڵات، بەڵام ھیچکام لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا بەھێزتر و بەنرختر و دەستڕۆیشتووتر نەبوون. بەیاناتی کۆمەڵە حیسابی بۆ دەکرا و خۆیشی لەگەڵ پتر لە سەد ڕێکخراوەی خوێندکاری و غەیری خوێندکاری لە پەیوەندیدابوو و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٤یشەوە ببوو بە ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی جھیان.
کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا (KSSE) | |
![]() | |
دامەزران | ئابی ١٩٥٦ |
تێکچوون | ئابی ١٩٧٥ |
ئامانج | ناساندنی گەلی کورد و وڵاتی کوردستان بە جیھان |
ناوچەی چالاکییەکان | وڵاتانی ئەورووپا |
ماڵپەڕ | KSSE Archive |