ئایدۆلۆژیایەکی ڕامیاری-کۆمەڵایەتییە From Wikipedia, the free encyclopedia
کۆمۆنیزم یان کۆلاگری (communis, 'common, universal')[1][2] فەلسەفەیەکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتییە، ھەروەھا بزووتنەوەی ڕامیاری، ئابووری و ئایدۆلۆژییە کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی کە تێیدا خاوەندارییەتی ھاوبەش و ئامرازەکانی بەرھەمێنان بێنە کایەوە، ھاوکات چینەکانی کۆمەڵگا، پارە[3][4] و دەوڵەت نەمێنێت.[5][6] کۆمۆنیزم بە فۆرمێکی تایبەت دادەنرێت لە ناو سۆسیالیزم.
کۆمۆنیزم چەندین قوتابخانەی بیرۆکەیی و فەلسەفیی جیاواز لە خۆدەگرێت، بە گشتی خۆی لە مارکسیزم و ئەنارکۆ-کۆمۆنیزمدا دەبینێتەوە لەپاڵ ئایدۆلۆژییە ڕامیارییەکانیش کە لە دەوری ھەردوو ھزردان، بەپێی کۆمۆنیزم پێکھاتەی کۆمەڵگای ئێستا سەرچاوەی لە سەرمایەداری، ھەروەھا شێوازی ئابووریی و ڕژێمی بەرھەمھێنانەکەی گرتووە. کۆمۆنیزم پێی وایە کە لەم شێوازەدا دوو چینی کۆمەڵایەتیی سەرەکی ھەن کە سەرچاوەی ھەموو کێشەکانن لەناوخۆی کۆمەڵگادا، ئەم کێشانەش لەڕێی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی چارەسەر دەکرێن.[7] دوو چینە سەرەکییەکە پێکدێت لە پرۆلیتاریا (چینی کرێکار و زەحمەتکێش)، کە زۆرینەی دانیشتووان پێکدەھێنن لەناو کۆمەڵگادا، ھەروەھا زۆرترین کار و زەحمەتی دەبینن، لەبەرامبەردا بۆرژوازی (چینی سەرمایەدار)، کەمینەیەکن کە قازانج وەردەگرن لەسەر پشتی چینی پڕۆلیتار و خاوەنداریی تایبەتیان ھەیە. بەپێی شیکارییەکان شۆڕش وادەکات کە چینی کرێکار دەسەڵات بگرنە دەست و خاوەندارییەتی ھاوبەش (سۆشیال) لە بەرھەمھێنان دابمەزرێنن، ئەمەش بەبنەمای سەرەکی دادەنرێت لە گواستنەوەی کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیزم.[7]
لە ساڵی ١٩١٧، کۆمەڵێک وڵات خۆیان بە وڵاتی کۆمۆنیستی ڕاگەیاند: ئەو وڵاتانە لە ژێر بنەمای مارکسیزم-لێنینیزم یان بەبەشێک لەوە بەڕێوەدەبران.[8] دواتر لە ساڵانی بیستەکان، ھاوشانی سۆشیال دیموکراسی ئەوا کۆمۆنیزم بووە خواستێکی نێونەتەوەیی لەناو بزووتنەوە سۆسیالیزمییەکان.[9] بەرفراوانبوونی یەکێتیی سۆڤیەت وەک یەکەم قەوارە و دەوڵەتی کۆمۆنیستی وایکرد کۆمەڵەی مارکسیزم-لێنینیزم و مۆدێلی ئابووریی سۆڤیەت بە جیھاندا بڵاوببێتەوە.[1][lower-alpha 1][10] زاراوەی "دەوڵەتی کۆمۆنیستی" زیاتر لەلایەن مێژوونووس و شارەزایانی زانستە ڕامیارییەکان و میدیا ڕۆژاواییەکان بەکاردێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن لایەنێکی کۆمۆنیستی بەڕێوە دەبردرێن، بەڵام خودی ئەو وڵاتانە ئەو زاراوەیە بۆخۆیان بەکارناھێنن یانیش ئەوە ڕاناگەیەنن کە گەیشتوونەتە بەدەستھێنانی کۆمۆنیزم، ئەو وڵاتانە خۆیان بە وڵاتێکی سۆشیالیستی دادەنێنن و خۆیان وا دەنوێنن لە پڕۆسەی بنیاتنانی سۆسیالیزمن.[11][12][13][14] ئەو وڵاتانە چەمکەکانی دیموکراسی نەتەوەیی، دیموکراسی گەل، وڵاتی سۆشیالیستی ھەروەھا وڵاتی کرێکاران و ڕەنجدەرانیان لە خۆناوە.[15] ھەندێک لە ئابووریزانان و بیرمەندان مشتوومڕی ئەوە دەکەن کە لەبواری جێبەجێکردندا ئەوا بەشێک لەو وڵاتانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست زانیوە ئەوا لە ڕاستیدا لە فۆڕمی وڵاتێکی کاپیتالیست(سەرمایەدارن).[16][17][18] یانیش چەمکی ئابووری کۆمۆنیزمیان جێبەجێ نەکردووە،[19][20] بەو پێیەی کە زۆربەی پێناسەکان دەربارەی کۆمۆنیزم ئەوە پشاندەدەن کە بریتییە لە بیرۆدزێکی ئابووری.
بەگوێرەی قسەی ئەکادیمی و مێژوونووس ڕیچارد پایپیس، ڕەچەڵەکی بیرۆکەی چینەکان و یەکسانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن.[21] بزووتنەوەی مازداک کە لەناوچەی ئێرانی ئەمڕۆدا بوون لە سەددەی پێنجەم، بە "کۆمۆنیستیک" وەسف دەکرێن بەھۆی ئالنگاریکردن لە دەسەڵات و سەرمایەی چینی باڵا و ڕەخنەگرتنیان لە خاوەنداریی تایبەت؛ ھەروەھا بۆ ئەو ھەوڵانەشیان کە کێشایان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان.[22][23] دواتر یەک یان دوو کۆمەڵگای کۆمۆنیستی درووست بوون کە زیاتر لەژێر کاریگەری دەقە ئاینییەکان درووست بوون.[24] لە سەدەکانی ناوین، لەژێر دەسەڵاتی کڵێسای کریستیان ھەروەھا ئایینە ڕەھبانییەکان فەرمانی ھاوبەشیکردنی موڵک و خاوەندارێیەتییەکان درا.
دواتر بیرۆکەی کۆمۆنیزم لە سەدەی شازدەھەم گەڕایەوە، ئەمەش لەلایەن نووسەری ئینگلیز تۆماس مۆری بوو. لە ساڵی ١٥١٦، مۆری لە نامەی توێژینەوەکەیدا بەناوی ئوتۆپیا ئەوا وێنای کۆمەڵگای کرد لەسەر بنەمای خاوەندارییەتی ھاوبەشی موڵک کرد، کە تێیدا کەسی فەرمانڕەوا بەڕێوەی دەبرد لەڕێی پێشکەشکردنی داواکاریی و ھۆکار. لە سەدەی حەڤدەھەم، بۆ جارێکی دیکە کۆمۆنیزم دەرکەوتەوە ئەوەش کاتێک بوو لە ئینگلتەرا لەلایەن گرووپێکی کریستیان بەناوی دیگەرز داوای لەناوبردنی خاوەندارییەتی تایبەت بۆ زەوی کرا.[25] لە کتێبی کرۆونێل و کۆمۆنیزم (١٨٩٥)، ئێدوارد بەرنشتاین مشتوومڕی ئەوە دەکات کە چەند کۆمەڵەیەک لەماوەی شەڕی ناوخۆیی ئینگلتەرا کۆمەڵێک بیرۆکەی کۆمۆنیستی (بەتایبەت لەلایەن کۆمەڵەی دیگەرز) ھاتنە پێشەوە. ڕەخنەگرتن لە خاوەندارییەتی تایبەتی بەردەوامی ھەبوو لە سەردەمی ڕووناکبیریی سەدەی ھەژدەھەم، لە نموونەشدا بیرمەند ژان ژاک ڕوسۆ لە فەڕەنسا. لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا، کۆمۆنیزم وەک ڕێبازێکی ڕامیاریی دەرکەوت.
لە سەدەی نۆزدەھەم، کۆمەڵێک چاکسازی کۆمەڵایەتی لە فۆرمی کۆمۆنیزم دەربارەی خاوەندارییەتی ھاوبەش پەیدا بوون، ئەو کۆمەڵانە کاریگەریی و ھێزی ئایینیان بە کاری چاکەکاری و مرۆیی گۆڕی.[26] لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەو سەدەمە، ڕۆبێرت ئۆین بوو کە کە لە ساڵی ١٨٢٤ شارۆچکەی نیوھارمۆنی، ئیندیانای لە ئەمریکا کڕی بۆ درووست کردنی کۆمەڵگایەکی ئەپتۆپیا؛ شارل فووریێ کەسایەتییەکی دیکەی ئەو سەردەمە بوو، کە شوێنکەوتووەکانی لە ساڵی ١٨٤١ کۆمەڵگایەکیان بەناوی برووک فارم پێکھێنا.[1]
دواتر لە سەدەی نۆزدەھەم لە ئەورووپا، کۆمۆنیزم لەناو بزووتنەوەی سۆسیالیزم گەشەی سەند. ھەر کە شۆڕشی پیشەسازی دەرکەوت، سۆسیالیستەکان لۆمەی کاپیتالیزمیان دەکرد لەمەڕ کێشەکانی پڕۆلیتاریا. لەناو ئەو ڕەخنەگرانەش لە دیارترینیان کارل مارکس و ھاوڕێکەی فرێدریش ئەنگڵس بوون. لە ساڵی ١٨٤٨، مارکس و ئەنگلس بەیەکەوە پێناسەیەکی نوێیان بۆ کۆمۆنیزم کرد لەڕێی بڵاوکراوەکەیان کە مانیفێستی کۆمۆنیزم بوو.[1]
لە ساڵی ١٩١٧، بە سەرکەوتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەوا پارتی بۆلشێڤیک بەڕێبەرایەتی ڤلادمیر لێنین دەسەڵاتی وڵاتی لە ڕووسیا گرتە دەست، بەمەش بۆلشێڤیک بووە یەکەم پارتی کۆمۆنیستی بگاتە ئەو پلەیە. دوای شۆڕش، دەسەڵاتەکانی وڵات ڕادەستی کۆنگرێسی سۆڤیەتی کران کە بۆڵشێڤیکییەکان زۆرترینی پێکھاتەکەی بوون.[27][28][29] ئەم ڕووداوە لە ناوخۆی بزووتنەوەی مارکسیزم بووە جێی مشوومڕ. مارکس پێشبینی ئەوەی کردبوو کە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەلایەن دەوڵەتێکی سەرمایەدار و گەشەسەندوو ھەڵدەقووڵێت. بەڵام، ئەو ھەڵقووڵانە لە ڕووسیا ڕوویدا کە یەکێک بووە لە ھەژارترین وڵاتی ئابووری لە ئەورووپا و لەڕووی پیشەسازیشەوە بچووک بوو. مارکس ئەوەشی گوتبوو کە دەشێت ڕووسیا لە قۆناغی دەسەڵاتی بۆرژووازی پازبدات.[30]
مێنشێڤیکەکان کۆمەڵەیەکی بچووک بوون، ئەوان بەر لە لێنین پلانی ئەوەیان ھەبوو کە شۆڕشێکی سۆسیالیزمی لە ڕووسیا ڕابپەڕێنن ئەمەش پێش ئەوەی کە ڕژێمی سەرمایەداری لە وڵاتەکە گەشە بسێنێت. بۆلشێڤیک لەڕێی درووشمی "ئازادی، نان و زەوی" گەیشتنە دەسەڵات، کە ئەمەش لەوکاتەدا بۆچوونی خەڵکی گشتی لەگەڵدا بوو بۆ کۆتایی ھێنان بە بەشداریی ڕووسیا لە جەنگی جیھانیی یەکەم. لەو دەمە چینی جوتیاران داوا چاکسازیان لە ڕێساکانی زەوی دەکرد.[31] دواتر لە ساڵی ١٩٢٢، یەکێتیی سۆڤیەت دامەزرا.
دوابەدوای چەسپاندنی شێوازی دیموکراتی ناوەندی لێنین، ئەوا پارت ڕژێمی ھەڕەمیی دامەزراندن بۆ ئەندامان و شانە چالاکەکان کە تەنیا لەو کادیرانە پێکھاتبوون کە لەلایەن ئەندامانی باڵای پارتەوە جێی متمانەبوون.[32]
لە ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٨ لە دادگاییەکانی مۆسکۆدا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی بۆلشیڤیک کە پێشتر ڕۆڵی بەرچاویان ھەبوو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و یانیش لە حکوومەتەکەی لێنین بەدواوە؛ لەنێویاندا لێڤ کامینیڤ، گریگۆری زینۆڤیڤ، ئەلێکسی ریکۆڤ و نیکۆلای بوکارین بە تاوانبار لە قەڵەمدران بە درووستکردنی پلانگێڕی لەدژی یەکێتیی سۆڤیەت، دواتریش لەسێدارە دران.[33]
لە جەنگی جیھانیی دووەمدا، یەکێتیی سۆڤیەت وەک وڵاتێکی کاریگەر و زلھێزی پیشەسازیی دەرکەوت، ھێزی سۆڤیەت لە بەرەی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپادا بوو لەگەڵ بەشێکی ئاسیا. لە ئەنجامی جەنگەکەدا، کۆلۆنیالیزیمی ئەورووپی و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی لەناوچوو بۆئەمەش بزاڤی سەربەخۆیی، چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵی بەرچاویان لەوەدا ھەبوو. مۆدێلی حکوومەتی مارکسی-لێنینی بەھاوکاری یەکێتیی سۆڤیەت گەیشتە وڵاتانی بولگاریا، چیکۆسلۆڤاکیا، ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات، پۆلەندا، ھەنگاریا و ڕۆمانیا. ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە لە یووگۆسلاڤیا، جۆزیپ برۆز تیتۆ حکوومەتێکی مارکسی-لێنینی ڕاگەیاند، بەڵام ڕامیاری سەربەخۆی تیتۆ وایکرد کە سیستمی وڵاتەکە لە فۆرمێکی کۆمۆنیزمی بباتە تیتۆیزم. ھەر لەدوای جەنگی جیھانیی دووەم، ئەلبانیاش وەک وڵاتێکی دیکە بەشێوەی سەربەخۆ بە مۆدێلی مارکسی-لێنینی بەڕێوەدەچوو.[34] لەو دەمە واتە لە سەدەی بیستەم، کۆمۆنیزم وەک دژ و ھەڕەشەیەک تەماشا دەکرا بۆ زۆرینەی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژاوا.[35]
لە ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١، بڕیاردرا یەکێتیی سۆڤیەت ھەڵبوەشێندرێتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی بڕیارنامەی ١٢٨-ھ بوو کە لەلایەن دادگای باڵای یەکێتیی سۆڤیەت دەرچوو.[36]
ئەم بڕیارە بووە ھۆی سەربەخۆبوونی ھەریەکێک لەو کۆمارانەی کە یەکێتیی سۆڤیەت لەخۆی گرتبوون. میخائیل گۆرباچۆڤ (ھەشتەم و کۆتا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت) دەستی لەکارکێشایەوە و کۆتایی بەو پۆستە ھێنا، ھەروەھا کۆنتڕۆڵی سیستمی چەکی ناوەکیی سۆڤیەت و سەرۆکایەتی دا بە سەرۆکی ڕووسیا بۆریس یێڵتسین. لە ئێوارە کاتژمێر ٧:٣٢ خولەک، ئاڵای سۆڤیەت لە کۆشکی کرملین لە مۆسکۆ ھێنرایە خوارەوە و لەجێگای ئەو ئاڵای ڕووسیا بەرزکرایەوە کە پێش دامەزراندنی سۆڤیەت ھەبوو.[37]
بەر لەو ڕووداوانە، لە ماوەی مانگەکانی ئاب بۆ کانوونی یەکەمی ١٩٩١، ھەموو کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لەو یەکێتییە ھاتنە خوارەوە. حەفتەیەک بەر لە ھەڵوەشاندنەوەی فەرمی، یانزدە لەو کۆمارانە واژوویان لەسەر پڕۆتۆکۆڵی ئەلما ئەترا کرد کە سەربەخۆیی بەو وڵاتانە دا و لە سۆڤیەت دەرچوون.[38][39]
لە ئێستادا، ئەو وڵاتانەی کە بەڕێوەدەچن لەژێر ئایدۆلۆژیای مارکسی-لێنینی و لە ژێر کۆنتڕۆلی سیستمی تاک پارتن ئەوا ھەریەکە لە کۆماری گەلی چین، کووبا، لاوس، ڤیەتنام لە خۆ دەگرێت. لە ئێستادا کۆریای باکوور خۆی لە ژێر ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆی بەناوی جوچە دەبینێتەوە، کە ئایدۆلۆژیایەکی چەپە و بەگەشەپێدانی مارکسیزم-لێنینیزم دادەنێن.[40][41][42]
پارتە کۆمۆنیستییەکان لە وڵاتانی دیکە وەک لایەنێکی گرنگ ماونەتەوە. پارتی کۆمۆنیستی باشووری ئەفریقا ھاوبەشە لە سەرۆکایەتیکردنی کۆنگرێستی نیشتمانیی ئەفریقا. لە ھیندستان، پارتی کۆمۆنیست ڕێبەرایەتی لە ویلایەتی کێرالا دەکات. لە نیپال، پارتە کۆمۆنیستییەکان زۆرینەی پەرلەمانی وڵاتەکە پێکدەھێنن.[43] تا ٢٠١٦، پارتی کۆمۆنیستی بەڕازیل بەشێک بووە لە ھاوپەیمانە سەرەکییەکەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی ئەو وڵاتە.
کۆماری گەلی چین پێداچوونەوەی بۆ بەشێک لە ڕامیارییەتەکانی سەردەمی ماو کرد، لە ساڵی ١٩٧٨ چاکسازیی لە بواری ئابووری بەڕێبەرایەتی دینگ شیاوپینگ، سەرۆکی وڵات دەستی پێکرد، لەوکاتەدا ڕێژەی ھەژاری لە وڵاتەکە ٥٣٪ نزمکرایەوە بۆ تەنیا ٦٪ لە ساڵی ٢٠٠١،[44] دواتریش لە ساڵی ٢٠٢١ ئەوە ڕاگەیەندرا کە ڕێژەی ھەژاری گەیشتۆتە نزیکی ٠٪ لە دانیشتوان.[45] ھەندێکجار ئەم چاکسازییەی چین وە پاشەکشە و ھەنگاونان بۆ بوون بە وڵاتێکی ڕژێم سەرمایەداریی لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام پارتی کۆمۆنیستی چین لەبارەی ئەوە دەڵێت کە ئەو چاکسازییانە خۆگونجاندنن لەگەڵ سەردەمی دوای سۆڤیەت و جیھانی واقعییەتی ئەمڕۆ کە پێویستە قەبارەی بەرھەمھێنان زیاد بکرێت.
مارکسیزم میتۆدێکی شیکاری ئابووریی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا ڕژێمی سەرمایەداری لە چوارچێوەیەک دەبینێت کە دەسەڵاتەکەی بەخراپە بەکاردێنێت، مارکسیزم شیکردنەوە و وردبوونەوە لە پەیوەندییەکان، ناکۆکی و پێکدادانی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەش مارکسیزم پرسی ماتریالیزم بەکاردێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە بردەودان بە درووستکردنی شێوازی چینایەتی و بەتایبەتیش چینی سەرمایەدار، لەپاڵ ئەوانەش باس لە ڕۆڵی چینی زەحمەتکێش دەکات لە ناو ئابوورییەکی بە ڕژێمکراو، گۆڕانەکانی ناو سیاسەت و کۆمەڵ. مارکسیزم لەلایەن کارل مارکس و فرێدریچ ئەنگڵس لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم درووست بوو، ھەروەھا وەک یەکەمین و پێشەنگی ئایدۆلۆژیاکانی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیزم دەبینرێت.[46]
بە گوێرەی بیردۆزی مارکسیزم، ناکۆکی نێوان چینەکان لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکانەوە درووست دەبێت بەھۆی دژیەکبوون لە سەر بابەتی ماددی لەنێوان لایەنی خۆسەپێنەر و لایەنی پڕۆلیتاریای چەوساوە. مەبەست لە پڕۆلیتاریا ئەو چینەیە کە کاردەکات بۆ مووچە وەک کرێکارێک کە بەرھەم و خزمەتگووزاری دێنێتە کایەوە، ھەروەھا چینی بەرامبەر یان خۆسەپێنەر ئەوا چینی بۆرژوازییە، بریتییە لەو چیننەی کە دەسەڵات و خاوەندارییەتی بەسەر بەرھەم ھەیە، سەرمایەدار قازانج و سامانەکەی لەو زیادەبەرھەمانە دەردەھێنێت کەلەسەر ڕەنجی چینی پڕۆلیتاریا بەرھەم ھاتوون.
چەکوچ و داس(☭). نیشانێکە و بەگشتی پێوەندی بە کۆمۆنیزمەوە ھەیە. چەکوچ شاندەری کارە لە پیشەدا و داسیش نوێنەری کارە لە وەرزێڕیدا. لە ھەندێک لەو وڵاتانەی کە حیزبی کۆمۆنیست نایاسایین، ئەم نیشانەیە پاوان کراوە. ئەم وڵاتانە بریتین لە: مەجارستان، لاتڤیا و پۆڵەندا.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.