کاتەگۆری (کانت)
From Wikipedia, the free encyclopedia
لە فەلسەفەی ئیمانوێل کانتدا، کاتەگۆری یا وتەزا بە ھەر کام لە چەمکە پەتییەکانی ھێزی تێگەیشتن دەوترێ، یانی ئەو چەمکانەی کە پێشینین و بە دەرھەستکردن و داڕووتاندنی ئەزموونە ھەستییەکان بە دەست نەھاتوون. ئەو چەمکانەی کە ھەرگیز ھیچ ئۆبژەیەک کە ھاودەق و ھاوتایان بێ لە ئەزمووندا نادۆزرێتەوە. چەمکی «پشیلە» چەمکێکی ئەزموونییە، چونکە پشیلە دەبینرێ و لە ئەزمووندا دەدۆزرێتەوە، بەڵام، چەمکی «بە ھۆی ئەوە کە ...» ئەزموونی نییە.[1]
لە ڕوانگەی کانتەوە، بەکارھێنانی چەمک دەرکردنی حوکمە بەو چەمکە.[2][3] لە بەر ئەوەی کە ھێزی تێگەیشتن ھێزی بەکارھێنانی چەمکەکانە، دەکرێ بڵێین ھێزی تێگەیشتن ھێزی دەرکردنی حوکمیشە. ئەگەر لەبارەی گیاندارێکەوە کە بۆی دەڕوانم بڵێم «ئەمە پشیلەیە»، ئاشکرایە کە چەمکی ئەزموونیی «پشیلە»م بە کار گرتووە تا ئەم حوکمە دەر کەم. مرۆڤ بێژمار چەمکی ئەزموونیی لە بەر دەستدایە تا بە ھۆیانەوە لە بابەت ئەوەی کە دەیبینێ و بەدیی دەکا قسە بکات. بەڵام، ئەوەی بۆ کانت گرنگ بوو چەمکە ئەزموونییەکان نەبوون، بەڵکوو چەمکە پێشینییەکان بوون، یانی چەمکە بنەڕەتییەکانی ھێزی تێگەیشتن.[1]