پێرستی ئەڵقەکانی ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا
پێڕستی ئەڵقەکانی زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا / From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ئەنیمەیشنی ئەمریکییە کە لەلایەن مایکڵ دانتێ دیمارتینۆ و برایان کۆنێتزکۆ دروست کراوە. بۆ یەکەمجار لە ٢١ی شوباتی ٢٠٠٥ لە کەناڵی نیکلۆدیۆن پەخشکرا.[1][2] زنجیرەکە ھەر وەرزێکی بە «پەڕتووک» ناودەبرێت، کە تێیدا ھەر ئەڵقەیەکیش بە «بابەتێک» (Chapter) ناودەبرێت. ھەر «پەڕتووکێک» ناوی خۆی لە یەکێک لەو توخمانەی وەرگرتووە کە ئانگ، پاڵەوانی زنجیرەکە، دەبێت شارەزا بێت لێیان: ئاو، زەوی و ئاگر.[1] دوو وەرزی یەکەمی زنجیرەکە ھەریەکەیان لە ٢٠ ئەڵقە پێکھاتووە، وەرزی سێیەمیش ٢١ ئەڵقەی ھەیە. جگە لە سێ وەرزەکە، دوو پوختەی ئەڵقە و سێ کورتەی ھەبوو.[3] تەواوی زنجیرەکە بە شێوەی دی ڤی دی لە ھەرێمی یەک و ھەرێمی دوو و ھەرێمی چوار بڵاوکراوەتەوە.
لە گەردوونی ئەڤەتار: کۆتا ملکەچپێکەری ھەوادا، کەسانێک ھەن کە توانای دەستکاریکردن، یان ملکەچپێکردنی چوار توخمەکە سەرەکییەکەیان ھەیە: ھەوا، ئاو، زەوی (خاک) و ئاگر. ھەروەھا توخمە لاوەکییەکانیش ھەن، وەک کانزا و سەھۆڵ و وزە و زۆری تر. ھاوکات لەگەڵ چوار توخمەکەدا، چوار نەتەوە ھەن کە لەگەڵ ھەر توخمێک لەو توخمانەی سەرەوە خۆیان گونجاندووە، مەرجیش نییە ھەموو کەسێک بتوانێت ملکەچ پێکردن بکات؛ بەڵام ئەڤەتار توانای دەستکاریکردنی ھەر چوار توخمەکەی ھەیە، ھەروەھا دەشتوانێت پەیوەندی بکات لەگەڵ ڕۆحەکاندا. لەدوای مردنی ھەر ئەڤەتارێکیش، ئەڤەتارێکی نوێ لەدایک دەبێتەوە لە ھەر نەتەوەیەکی زیندوودا. زنجیرەکە دوای ١٠٠ ساڵ لە ڕاگەیاندنی شەڕی نەتەوەی ئاگر دژی ھەموو گەلانی دیکە ڕوودەدات، نەتەوەی ئاگر کە حوکمێکی دیکتاتۆریی پەیڕەو کردووە، ھەموو ئەو ملکەچپێکەرانی ھەوا جینۆساید دەکات. ئەڤەتار کە ١٠٠ ساڵە لەناو سەھۆڵێکدا گیری خواردووە، ھیچ شتێک دەربارەی شەڕەکە نازانێت. زنجیرەکە بە ئازادکردنی ئانگ لەلایەن کاتارا دەست پێدەکات، کە ملکەچپێکەرێکی ئاوە لە ھۆزێکی ئاوی باشوور. پاشان زنجیرەکە بەدوای سەرکێشییەکانی ئانگ و ھاوڕێکانیدا دەڕوات، کاتارا، سۆکا و دواتریش تۆف، کاتێک ھەوڵدەدات شارەزا بێت لە ھەر چوار توخمەکە و شکست بە نەتەوەی ئاگر بھێنێت. ھەروەھا گرنگییەکی لاوەکی بەھێزیشی ھەیە لەسەر زوکۆ، شازادەی جێنشینی دوورخراوی نەتەوەی ئاگر، و دەیەوێت ئەڤەتار ئانگ دەستگیر بکات، کە پێیوایە بەم ڕێگایە دەتوانێت شەرەفی خۆی لەلای باوکی بەدەست بھێنێتەوە.