مێژووی ژاپۆن
From Wikipedia, the free encyclopedia
مێژووی ژاپۆن (بە ژاپۆنی: 日本の歴史) مێژووی دوورگەکانی ژاپۆن و خەڵکی ژاپۆن لەخۆ دەگرێت و مێژووی ئەم وڵاتە وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە سەردەمی پێش مێژووەوە تا مێژووی نوێ دەگرێتەوە. یەکەم ئاماژەی نووسراوی ناسراو بۆ ژاپۆن لە سەدەی یەکەمی زایینیدایە و لە کۆکردنەوەی دەقی چینی «بیست و چوار مێژوو» دەدۆزرێتەوە؛ بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ لە کۆتایییەکانی سەردەمی بەردینی کۆنەوە لە دوورگەکانی ژاپۆن ژیاوە. تا کۆتاییی دوایین سەردەمی بەستەڵەک، ژاپۆن لە ڕێگەی وشکانییەوە بە کیشوەری ئەوراسیا بەسترابووەوە.
توانەوەی سەھۆڵەکە بووە ھۆی جیابوونەوەی دوورگەکانی ژاپۆن لە کیشوەری ئۆراسیا. نەخشە جێگیرەکانی ژیان و نیشانەکانی شارستانییەتی لەگەڵ کولتووری جۆمۆن (لە کۆتاییی سەردەمی بەستەڵەک تا ھەزارەی یەکەمی پێش زایین) دەرکەوتن، و لە دەوروبەری ٥٠٠ پێش زایین، لە ماوەی ئەوەی بە سەردەمی یایۆی ناسراوە، سەردەمی ئاسن دەستی پێکرد. لە کۆتاییی ئەم ماوەیەدا دانیشتووانێکی زۆر لە نیمچەدوورگەی کۆریاوە کۆچیان کرد بۆ ژاپۆن.
لە دەوروبەری سەدەی سێیەمی زایینییەوە، لەگەڵ سەردەمی کوفون (نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٥٣٨ ز) قۆناغی پێش مێژووییی ژاپۆن کۆتایی دێت و سەردەمی مێژووی دێرینی ئەم خاکە دەست پێدەکات. ئەو کولتوورەی لەم قۆناغەدا دروست بووە، لەسەر بنەمای ئایینی شینتۆ دامەزراوە. لە سەردەمی ئاسوکا (٥٣٨ تا ٧١٠ ز) ڕێنووسی چینی بۆ نووسینی زمانی ژاپۆنی ھەڵبژێردرا و ئایینی بوودیزم لە ڕێگەی خاکی کۆریاوە ناسێندرا. ئەم ڕێوڕەسمە لە سەردەمی دواتردا لەلایەن ئیمپراتۆرەوە قبوڵ کرا، کە پێی دەوترێت سەردەمی نارا (٧١٠ بۆ ٧٩٤ ز) و بە فەرمانی ئەو، مەزارگەی بوودایی شایستەی وەک پەرستگای تۆدایجی دروست کرا.
سەردەمی ھێیان (٧٩٤ تا ١١٨٥ز) سەردەمی سەرھەڵدانی بنەماڵە بەھێزەکانی وەک بنەماڵەی فوجیوارا، کە بە کردەوە دەسەڵاتی سەربازی دەگرنە دەست و ئەمەش ھاوواتای کۆتاییھاتنی مێژووی کۆن و سەرەتای سەردەمی دەرەبەگایەتییە لە مێژووی ژاپۆندا. لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆگنەکان لە سەردەمی کاماکورا (١١٨٥ بۆ ١٣٣٣ی زایینی)، دیکتاتۆری سەربازی کاماکورا دامەزرا. ھەر لەو ماوەیەدا مەغۆلەکان دووجار ھێرشیان کردە سەر ژاپۆن و ھەرجارەیان کەشتی و کەرەستەی سەربازییان لەدەست دا و بەھۆی زریانێکی توندەوە کە بە کامیکازێ ناسراوە شکستیان ھێنا. کەمێک دواتر و لە سەردەمی مرۆماچی (١٣٣٦ تا ١٥٧٣ز) و لە سەردەمی شەڕە ناوخۆیییەکان، کەشتییە پورتوگالییەکان ڕێگەی خۆیان بۆ کەنارەکانی ڕۆژاوای ژاپۆن دۆزییەوە و پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا دەستی پێکرد.
لەگەڵ کۆتاییھاتنی شەڕە ناوخۆیییەکان، سەردەمی ئازوچی-مۆمۆیاما (١٥٦٨ تا ١٦٠٠ز) و سەردەمی سەقامگیریی سیاسی گەیشتە دەست. لە سەردەمی ئێدۆ (١٦٠٣ تا ١٨٦٨ز)، ھەوڵی ستەمی سەربازی تۆکوگاوا بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسیی کۆن و کۆنی ئەم وڵاتە شکستی ھێنا و لەگەڵ ھاتنی کەشتییە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرماندەیی کاپتن ماتیۆ پێری لە کەنداوی تۆکیۆ لە ساڵی ١٨٥٣، سەردەمی دەرەبەگایەتیی ژاپۆن کۆتایی ھات. لە سەردەمی ھاوچەرخدا، ژاپۆن بە خێرایی ڕێگای بە مۆدێرن بوونی گرتەبەر و لە سەردەمی مێیجی (١٨٦٨ تا ١٩١٢)، دوای شکستی ڕووسیا بوو بە زلھێزێکی جیھانی. لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا کە لە سەردەمی تایشۆ (١٩١٢ تا ١٩٢٦ زایینی) ڕوویدا، ژاپۆن لایەنگری شانشینی یەکگرتوو و فەڕەنسا و ڕووسیای کرد و کورسییەکی ھەمیشەیی لە ئەنجومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکان بەدەست ھێنا؛ بەڵام ناڕوونی لە دەستووری مێیجیدا بووە ھۆی ئەوەی دەسەڵات ڕوو لە سەربازی و فراوانبوونی سەربازیی ژاپۆن بکات. پرۆسەی بەسەربازیکردن لە سەردەمی شۆوا (١٩٢٦ تا ١٩٨٩) بووە ھۆی داگیرکردنی چین. ژاپۆن ناڕەزایەتیی کۆمکاری گەلانی قبوڵ نەکرد و ئەم ڕێکخراوەی بەجێ ھێشت. دوای دەستپێکردنی جەنگی جیھانیی دووەم، دوای گەمارۆی نەوتی ئەمریکا، ژاپۆن ھێرشی کردە سەر پیرل ھاربەر. لە ئەنجامدا ئەمریکا ھاتە ناو جەنگەوە و بە وێرانکردنی ھێرۆشیما و ناکازاکی بەھێرشی ئەتۆمیی لە ساڵی ١٩٤٥ ژاپۆنی ناچار کرد تا خۆی ڕادەست بکات.
بە کۆتاییھاتنی شەڕ و داگیرکردنی حەوت ساڵەی ژاپۆن، ئەم وڵاتە چاکسازیی دیموکراسی بەرفراوان و بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئابوورییەکانی بەدەست ھێنا. بە واژووکردنی پەیمانی ئاشتیی سانفرانسیسکۆ، ژاپۆن سەربەخۆییی خۆی وەرگرتەوە. لەم ماوەیەدا ژاپۆن گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی و بوو بە ھێزێکی گەورەی ئابووری. لە سەردەمی ھێیسێی کەمی ڕێژەی سوود و زیادبوونی بەھێزی یەنی ژاپۆنی لە ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا بووە ھۆی لێشاوی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ئەم وڵاتە؛ بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا پشکەکانی ئەم وڵاتە دابەزی و بەناو ئابووری ژاپۆن کۆتایی ھات. لە ساڵانی دواتردا، فراوانبوونی پیشەسازییەکانی ھەناردەکردنی کۆریا و چین بەشێکی لە بازاڕە جیھانییەکانی ژاپۆن وەرگرت و ئەمڕۆش لە ھەڵسەنگاندنی ئەم ساڵانەدا، ھەندێکجار بە دەیەی لەدەستچوو ناودەبرێت؛ بەڵام ھێشتا ژاپۆن سێیەم گەورەترین ھێزی ئابوورییە لە جیھاندا و بەرھەمی ناوخۆیی زیاتر لە پێنج ترلیۆن و نیو دۆلارە.[1]