لێپرسینەوە لە سەددام حوسێن
From Wikipedia, the free encyclopedia
لێپرسینەوەکانی سەددام حوسێن دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ دەستیپێکرد، لەکاتێکدا لەلایەن ئەمریکاوە لە گرتنگەی کرۆپەر لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕاگیرابوو. لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠٠٤ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە سەددام و بەرنامەی لێکۆڵینەوەکە ناوی ئۆپەراسیۆنی دووپشکی بیابانی لێنرا. لە ساڵی ٢٠٠٩ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی تۆماری لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ سەددام بە پێی یاسای ئازادی زانیاری و لەسەر داوای ئەرشیفی ئاسایشی نیشتمانی بڵاوکردەوە. لە بەڵگەنامەکاندا، سەددام وەک دەستبەسەرکراوێکی بەھا بەرز #١ (بە ئینگلیزی: High Value Detainee #1) ناسێنراوە، بە درێژایی دەستبەسەرکردنی، بیست چاوپێکەوتنی فەرمیی ئەنجامداوە، پاشان پێنج گفتوگۆی نافەرمیی. لێپرسینەوەکە پرسیاری ژیانی سیاسی خۆی لەخۆگرتبوو، و ژیانی لە ساڵی ٢٠٠٣ تا دەستگیرکردنی، ئەمە جگە لە ڕۆڵی لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ١٩٥٩.
لێکۆڵینەوە وردەکان بریتی بوون لە پرسیار سەبارەت بە شەڕی ئێران و عێراق و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دژی ئێرانییەکان. لە میانەی لێپرسینەوەکانیدا، دووپاتی کردەوە کە ھەرگیز ھاوکاریی لەگەڵ قاعیدە نەکردووە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە کارگێڕی جۆرج بووش سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی بۆ کرد بۆ پشتیووانی لە سیاسەتەکەی کە ئامانج لێی گۆڕینی ڕژێمی عێراق بووە. سەددام چەندین جار ڕەتیدەکردەوە کە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژی بێت، و ڕای گەیاند کە بانگەشەی ھەبوونی چەکی کۆمەڵکوژی دەکرد بۆ ئەوەی لەبەردەم ئێراندا لاواز دەرنەکەوێت. ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە قاعیدە دەترسێت و ئوسامە بن لادنی بە «کۆنەپەرست» وەسفکردووە.[1]
سەددام لێکۆڵینەوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ جۆرج پیرۆ، بریکاری ئێف بی ئای ئەنجامدا، کە بەڕەچەڵەک ئاشوورییە و یەکێکە لەو کەسە کەمانەی ناو ئێف بی ئای کە بە زمانێکی عەرەبی ڕەوان دەدوێت. پیرۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی ٦٠ خولەک لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٨دا باسی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە کرد لەگەڵ سەددامدا.