دیاردەناسی
میتۆدی فەلسەفی و قوتابخانەکانی فەلسەفە / From Wikipedia, the free encyclopedia
دیاردەناسی یان فینۆمینۆلۆژی تاوتوێکردنی شتەکانە ئەو جۆرەی کە دیاری دەدەن و خۆیان بۆ ئەزموونی مرۆڤ دەردەخەن.[1] بە واتایەکی تر، دیاردەناسی بریتییە لە شەرح و گێڕانەوەی ئەوەی مرۆڤ دەیئەزمووێ. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئێتمونت ھووسرڵ وەک بزاڤێکی فەلسەفی دایمەزراند و، دواتر، کۆڕی شوێنکەوتووانی لە زانستگاکانی گۆتینگن و میونیخدا، پەرەیان پێ دا. پاشان، بە فەڕانسە و ئەمریکا و شوێنی تردا بڵاو بۆوە، ئەڵبەت زیاتر لە تانوپۆگەلێکدا دوور لە کار و مەبەستە سەرەتایییەکەی ھووسرڵ.[2]
دیاردەناسی بزاڤێکی یەکپارچە و یەکشێوە نییە؛ لە ڕاستیدا، نووسەرانی جیاجیا وێڕای ئەوە کە وەکوو ئەندامانی یەک بنەماڵە لە ڕواڵەتدا ھاوبەشن، گەلێک جیاوازیی بەرچاویشیان ھەیە. گابریێلا فارینا دەڵێ:
لەبەر ئەوەی کە دیاردەناسی لەو کوانووە گەرمە بێبەشە کە گشت باس و بابەتەکانی لە دەور خڕ بێتەوە، پێناسەیەکی تاقانە و یەکلاکەرەوە بۆی، مەترسیدار و ڕەنگە تەنانەت بێمانا و بەکارنەھاتوو بێ. لە واقیعدا، نە دوکتۆرینێکە و نە قوتابخانەیەکی فەلسەفیشە، بەڵکوو زیاتر شێوازێکە بۆ تێفکرین، میتۆدێکە، ئەزموونێکی کراوە و ھەمیشە نوێیە بە ئاکامگەلی جیاجیاوە و، ئەمە لەوانەیە ھەر کەس بیەوێ مانای دیاردەناسی دەسنیشان بکا بە لاڕێدا بەرێ. [3]
دیاردەناسی، بە بۆچوونی ھووسرڵ، پێش ھەموو شتێ دەبێ کەڵکەڵەی ئەوە بێ کە پێکھاتەکانی ھۆش و دیاردەگەلێک کە لە کردارەکانی ھۆشدا[تێبینی 1] خۆ ئاشکرا دەکەن بەرێکوپێکی لێک بداتەوە و تاوتوێ بکات. دەکرێ دیاردەناسی زۆر بەڕوونی لە میتۆدی شیکردنەوەی دێکارتی جیا بکرێتەوە کە جیھانی بە لاوە کۆمەڵێ ئۆبژەی کارلەیەککەرە.