گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد (١٩٥٧–٢٠٠٠) From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەحمەد کایا (٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ لە مەلەتی، تورکیا – ١٦ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٠ لە پاریس، فەڕەنسا)[3][4] گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.[5][6] پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە[5] ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.[4]
ئەحمەد کایا | |
---|---|
لەدایکبوون | ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ |
مەرگ | ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠ ساڵ ژیاوە) | (٤٣
پیشە | شاعیر، گۆرانیبێژ، چالاکی سیاسی |
چالاکبوون | ١٩٨٥–٢٠٠٠ |
خەڵاتەکان | |
وێبگە | www.ahmetkaya.com |
کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی «مەگری کۆرپەکەم» بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.[ژێدەر پێویستە] ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.[4]
کایا لە مناڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا.[6] لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی.[6] ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.[1][7] لەیەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ. دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.[4]
کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە، و بۆ دۆزینەوەی کار ڕۆیشتووەتە مەلەدی. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان.[7] لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیوتن کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.[4]
دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد.[4] ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.
گولتەن کایا (پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە) دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی "تێکئاڵان بە ئازار" ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کایا. لە ساڵی ١٩٨٥دا گولتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک دەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نوسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو دەکاتەوە. لەدوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن، کایا دەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.[6]
ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا ڕێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆید دەبێت و براوەی خەڵاتەکە دەر دەچێت.[5] کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا پەخش دەکرێ وەردەگرێ، ڕای دەگەیەنێت: «من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە.»[7] دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە کە ھەڵبەستراو بوو.[8][9] دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات.[10] بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا:
"لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردووەتەوە کە چەندان میلیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە."..."لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم. تا تەمەنی چلودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردووەتەوە، بە تورکی گۆرانیم نوسیوە و گوتوە. ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنوردار نەکردوە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا. لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم."... "روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن".[11]
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس «پیرلاشیز»[3] بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانی «ناوی یڵماز»ەی بۆ وتوە. گویلتەنی خێزانی وتویەتی: «تا لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت».[3]
دوای خۆی، «گوڵتەن»ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی «گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم» بڵاوکردەوە. چەن ئەلبومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە «کرانەوەی دیموکراسی» ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.[12]
|
پاشمەرگ:
|
ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەکرێ ئەو ڕۆژە بۆ زیندان دەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی «ئاوازی شەبەق» دەڵێت و دەڵێ «ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و دەچنە زیندان»[10][13] بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکوم ئەوەی لە یاد بوە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت. لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، دەستەواژەی «ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون» بڵاو بوەوە کاتێ ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی دەکرد کە دەیانوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.[14]
عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی «گەورە»ی بەخشییە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا.[1] یەکێ لەو ھۆیانەی دەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.[10]
پێش دەرچوونی لە تورکیا، جگە لە دەرکەوتنی تر، ١٣ ئەڵقە بەرنامەی کەناڵ دیی تورکی لە ١٩٩٥ بەناوەوە بووە بەناوی «کەشتییەکەی کاک ئەحمەد» (بە تورکی: Ahmet Abinin Vapury).[15] ھەم بەھۆی ئاست و ئاخاوتنی لەگەڵ گوێگر، ھەم بەھۆی ڕووداوەکانی شەوی خەڵاتەکەوە، ناوبانگی کایا گەورەیە. جگە لەوەی ھەم ئەوانەی شەوی خەڵاتەکە ئازاریان دا دوای مەرگی داوای لێبوردنیان لێ کرد ھەم لەناو خەڵکیشدا باوە. ھەروا کتێبیش نوسراوە چ دەربارەی خۆی چ دەربارەی ھونەر و گۆرانییەکان، بۆ نموونە کتێبی «خوات لەگەڵ چاوەکەم» کە ھەمان ناونیشانی ئەلبومەکەی ٢٠٠١یەکە.[16] زۆر لە ھونەرمەندە تورکەکانیش گۆرانییەکانی کایایان وتووەتەوە و بەناوبانگتریان کردوە.[17]
زۆرێک لە گۆرانییەکان و کلیپەکانی کایا وەگێڕدراون بۆ سەر سۆرانی.[18] زۆرێک لە شوێنەکانی باشووری کوردستان بەناوی ئەحمەد کایاوە ناونراون، لەوانە شەقامی کایا و پارکی ئەحمەد کایا لە سلێمانی.[ژێدەر پێویستە] چەندین بەرنامە و دۆکومێنتاری لەسەر ژیانی کایا لەلایەن کەناڵە کوردییەکانیشەوە ئامادەکران و بڵاوکراونەتەوە. لەوانە، «کۆلارەکەم بوو بە تەلەوە» وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بەناوی «ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد قایا بوو» لە کەناڵی گەلی کوردستان.[19]
کاتێ گۆرانیبێژی ئینگلیز ئەدێڵ گۆرانی Million Years Ago - ملیۆنێک ساڵ لەمەوپێش -ی بڵاوکردەوە لە میدیاکانی بەریتانیا ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە دەکرێ ئەدێڵ ئاوازی «تێکئاڵان بە ئازار»ی کایای بەکارھێنابێ لەبەر لێکچوونی ئاوازەکان.[20] ڕەخنەگری تورک نەعیم دیلمەنەر بە تەلەگرافی بەریتانی وتوە: «باوەڕناکەم ئەدێڵ گوێی لە کایا گرتبێت».[20] دەکرێ ھەواڵەکان تەنھا وروژاندن بێ بەڵام دەری دەخات کە کایا دەنگێکی ناسراوە لەدەرەوەی تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.[21]
زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی شاعیری کورد یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم کردوونی بە گۆرانی. بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی کردوە بە گۆرانی کە لەگەڵ حەز و کەش و ھەوای ئەو دەمەی تورکیادا ئەگونجان. ئەمەش وای کردوە دوای خۆشی خەڵکێک لە تورکیا ھەن کە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئەو بە گوێگرتن لە کەسێکی «خائین و تیرۆریست» ناو دەبەن.[22] ناونیشانی ئەلبومەکانیش زیاتر ئەمە نیشان دەدەن، بۆ نموونە «تێکئاڵان بە ئازار»، «بەرم مەکەوە ئەسوتێی»[23] و ھتد. ھەروا دوای دەرچوونی لە تورکیاش ئاشکراتر خۆی وەک دژی سیستمی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی بۆ پەکەکە و جووڵانەوەی کورد لە تورکیا تۆختر کردەوە بۆ نموونە گۆرانیوتن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بە گۆڕینی وشەکانی گۆرانی «بیری ئاشتی دەکەین» لە ڤیستیڤاڵی ئازادی و دیموکراسی لە میونیخ.[24]
« | لەو چۆڵە، لەداریان بەستەوە
بەشێوەیەک چاوی لێکنا |
» |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.