From Wikipedia, the free encyclopedia
ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (بە ئینگلیزی: Emily Elizabeth Dickinson) ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠–١٥ی ئایاری ١٨٨٦) شاعیرێکی ئەمریکی بوو. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە.[3] ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری وێژەیی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە لە ئاستی کەسانێک وەک واڵت ویتمەن و بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازیی ھۆنراوەی ئەمریکی دادەنرێت. ھەروەھا ھۆنراوەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نووسەرانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسۆن بە یەکێ لە گرنگترین ھەڵبەستوانانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.[4][5] جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیامانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ دروست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەند تاکە ھۆنراوەیەک، ھیچ کارێکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی لە دوای مەرگی لە چاپ دران.
ئێمیلی دیکینسۆن | |
---|---|
لەدایکبوون | ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠ ئەمھێرست، ماساچووسیتس، ئەمریکا |
مردن | ١٥ی ئایاری ١٨٨٦ ساڵ ژیاوە) ئەمھێرست، ماساچووسیتس، ئەمریکا | (٥٥
پیشە | شاعیر |
دەرچووی زانکۆی | مۆنت ھاڵیۆک |
ھەرچەندە ئێمیلی نووسەرێکی بەرھەمدار بوو، لەو کاتەی لە ژیاندا بوو تەنیا ١٠ لە نزیکەی ١٨٠٠ شیعر و یەک نامەی لە سەدان نامەکەی بڵاو کرانەوە.[6] شیعرەکانی زۆر جار دەستکاری دەکران تاوەکوو لەگەڵ تایبەتمەندیی شیعری ئەو سەردەمە گونجابان. بەرھەمەکانی ئێمیلی بۆ ئەو سەردەمە جیاواز بوون؛ ڕستەی کورتیان تێدا بەکار دەھات و سەردێڕیان نەبوو. بە گشتی سەروای جیاواز لە شیعرەکانیدا بەرچاو دەکەوێت و نیوەقافییەیان تێدایە. شیعرەکانی پیتی گەورە و خاڵبەندیی تایبەتیان تێدا بەدی دەکرێت.[7] زۆرینەی بەرھەمەکانی دەربارەی مردن و نەمرییە، ئەم دوو بوارە لەو نامانەی بۆ ھاوڕێکانی نووسیویەتی ڕوونتر دەردەکەون. چەند ناوەرۆکێکی دیکە لە نووسراوەکانی ئێمیلدا زۆر دەبینرێن، لەوانە جوانیناسی، کۆمەڵگە، سروشت، ژن و ڕۆحانییەتن.[8]
لە ١٨٨٦، دوای مردنی ئێمیلی، خوشکە بچووکەکەی واتە لاڤینیا کۆمەڵەیەک لە شیعرەکانی ئێمیلیی دۆزییەوە و بە یارمەتیی چەند کەسێک لە چاپی دان. بەم جۆرە بەشێک لە شیعرەکانی لە ١٨٩٠ لەلایەن تۆماس وێنتوەرت ھیگینسن و مەیبڵ لوومیس تۆدەوە دەستکاری و چاپ کران. لە ١٩٥٥، تەواوی شیعرەکانی ئێمیلی لەلایەن تۆماس ئێچ. جۆنسن بڵاوکرانەوە لەژێر ناوی شیعرەکانی ئێمیلی دیکینسۆن.[9] لە ١٩٩٨، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکیان لەسەر بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای ژێرسوور لەسەر شیعرەکانی ئێمیلی نووسی. ئەو توێژەرانە بۆیان دەرکەوت کە زۆربەی دەقەکان ناوی «سووزان»یان تێدا سڕابووەوە. بە لایەنی کەم یانزدە لە شیعرەکانی ئێمیلی بۆ سووزان ھەنتینگتۆن گیلبێرت دیکینسۆن نووسرابوون. سووزان براژنی ئێمیلی بوو. دەنگۆیەک ھەیە کە تۆد لە کاتی دەستکاریکردنی شیعرەکان ناوەکانی سڕیوەتەوە.[10] ئەو سانسۆرکردنە لەوانەیە بەھۆی شاردنەوەی پەیوەندی نێوانیان بووبێت (بەشێکی زانایان بڕوایان وایە کە پەیوەندییەکەیان خۆشەویستی بووە). جگە لەوەش مەیبڵ لوومیس تاد پەیوەندیی ڕۆمانتیکی لەگەڵ ئاستینی برای ئێمیلی و مێردی سووزان ھەبووە.[10]
لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسێتسدا لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ناوداردا لە دایک بوو. ئێدوارد دیکینسۆنی باوکی پیاوێکی مەسیحیی وشک بوو. ئێدوارد لە سەردەمی خۆیدا یەکێ لە پیاوە بەناوبانگەکانی ئەمھێرست بوو. پیشەی سەرەکیی بریکاری بوو، بەڵام بۆ جارێک بوو بە نوێنەری ئەمھێرست لە کۆنگرێسی ئەمریکادا. ئێدوارد جگە لە ئێمیلی دوو مناڵی تریشی ھەبوو: ئاستین و لاڤینیا.[11] ئاستین لە ئێمیلی گەورەتر بوو و لاڤینیا لەو گەنجتر. ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیای خوشکیدا بۆ خوێندن ڕووی لە ئاکادیمیای ئەمھێرست کردووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەوێدا خوێندوویەتی. لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا نزیکەی حەوت ساڵ خوێندوویەتی و زانستی ئەو سەردەمە، وەکوو ڕووەکناسی، مێژوو، وێژەی ئینگلیزی و لاتین فێر بووە. جگە لەوە بۆ ماوەیەکی کەمیش، واتە نزیکەی ساڵێک، لە قوتابخانەی مۆنت ھاڵیۆک وانەی ئایینیی خوێندووە. تەنیا دە مانگ لەو خوێندنگەیەدا مایەوە، کە تەنیا کچان بۆیان بوو تێیدا بخوێنن. ھەرچەندە لەگەڵ کچەکانی خوێندنگەکە کۆک بوو، بەڵام دیکنسۆن لەوێ ھیچ ھاوڕێیەتییەکی بەردەوامی بۆ ساز نەبوو. چەند بۆچوونێک ھەن لەسەر ئەوەی بۆ خوێندنەکەی لەوێ ھێندە کورت بووە: بڕێک گوتوویانە چون نەخۆش کەوتووە، باوکی ویستوویەتی لە ماڵەوە بێت. بڕێکیش دەڵێن چون حەزی لە جۆری وانەگوتنەوەی مامۆستایە وشکەکانی ئەو خوێندنگەیە نەبووە و بڕێکیش دەڵێن تاسەی ماڵەوەی کردووە. ھۆکارەکانی جێھێشتنی مۆنت ھالیۆک ھەرچی بووبێتن، ئاستینی برای لە ٢٥ی ئازاری ١٨٤٨ چوو بۆ ئەوە بە ھەرجۆرێک بووبێت بیباتەوە بۆ ماڵەوە. دیکینسۆن دوای گەڕانەوە خۆی بە کاری ماڵەوە سەرقاڵ کرد. کەیک و نانی دروست دەکرد و بەشداریی لە کۆبوونەوە و بۆنەیە جۆراوجۆرەکاندا دەکرد.[3]
لەوانەیە لە تەمەنی لاویدا ئێمیلی حەزی لە لاوێکی بریکار بە ناوی نیوتۆن کردبێت. نیوتۆن وەکوو ھاوکارێکی باوکی ئێمیلی، ڕێزێکی زۆری لە ئێمیلی گرتووە. ئەوی بۆ نووسینی ھۆنراوە ھانداوە و لەگەڵ کاری نووسەرە ھاوچەرخەکاندا (بۆ نموونە ڕالف والدۆ ئێمەرسۆن و وادزوۆرس) ئاشنای کردووە.[11] باپیری ئێمیلی، ساموێل دیکنسۆن، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆلێژی ئەمھێرست بووە و لە ساڵی ١٨١٣شدا کۆشکێکی گەورەی دروست کرد لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەکەیان.
ئێمیلی لە تەمەنی لاوێتیشدا کچێکی ھێمن و بە ڕەوشت بوو. لەکاتێکدا کە خێزانەکەی سەردانی مانسنیان کرد، ئێمیلی تەنھا دوو ساڵ بوو. کەچی پووری بە «زۆر باش و دڵخۆش» وەسفی کرد و وتی کە ئێمیلی «مناڵێکی زۆر باشە و کێشەی کەمە». دواتر پوورکی ھەروەھا ئاماژەی بە تواناکانی ئێمیلی کردووە لە ڕووی مۆسیقییەوە لەگەڵ شارەزایییەکەی لە ئامێری پیانۆدا.[5] وەک پێشتر وترا، لە ٧ی ئەیلوولی ١٨٤٠دا، ئێمیلی و خوشکەکەی، لاڤینیا، بەیەکەوە دەستیان بە خوێندن کرد لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا. شیاوی باسە کە ئەو خوێندنگەیە لە پێشوودا تایبەت بوو بە کوڕان، بەڵام ھەر دوای دوو ساڵ پێشوازیان لە قوتابییە مێینەکانیش کرد.
لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا ئێمیلی دیکینسۆن کەوتە ژێر کاریگەریی بێنجامین فرانکلین نیوتن کە ھاوڕێیەکی خێزانی دیکنسۆن و ھاوکارێکی باوکی بوو. بەپێی نامەکانی دیکنسۆن بۆمان دەردەکەوێت کە نیوتن نزیکی دوو ساڵ لەگەڵ باوکی کاری کردووە. ھەرچەندە ڕەنگە پەیوەندییەکەی نێوانیان ڕۆمانسی نەبووبێت، بەڵام نیوتن کاریگەرییەکی بەرچاوی بووە لەسەری و ھانی داوە بۆ نووسین. نیوتن یەکێک لەو پیاوانەیە دیکنسۆن بە شێوەیەکی جیاواز ئاماژەی پێکردووە لە نامەکانیدا وشەی وەک مامۆستا و ھاندەری بۆ بەکارھێناوە.[3] لەوانەیە دیکینسۆن لە ڕێگەی ئەم لاوەوە ئاشنایی لەگەڵ ھۆنراوەکانی شاعیرانی ھاوچەرخی خۆی وەک ڕالف والدۆ ئێمەرسۆن و ویلیام وادزوۆرس پەیدا کردبێت، چون نیوتن کتێبی ئەم شاعیرانەی بە دیاری بە ئێمیلی دیکینسۆن داوە.
دیکنسۆن شارەزایی باشی لە کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان (واتە پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ) بوو و ئاشنای ئەدەبیاتی ھاوچەرخی ئینگلیزیش بوو. ئاستینی برای بەرگێک ڕۆمانی کاڤانای ھێنری وادزوۆرس لانگفێلۆی بەدزییەوە بۆ ھێنابووەوە و دابووی پێی (چون باوکی حەزی نەدەکرد کچەکەی ئەم کتێبانە بخوێنێتەوە)[12] و ھاوڕێیەکی لە کۆتایی ساڵی ١٨٤٩دا ڕۆمانی جەین ئێری شارلۆت برۆنتێی بە قەرز پێدا. کاریگەریی ئەم ڕۆمانە لەسەر دیکینسۆن تەواو دیار بوو بە جۆرێک کە کاتێک کە شاعیر یەکەم و تاکە سەگەکەی خۆی ناو نا کارلۆ بە ناوی سەگی کارەکتەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانی جەین ئێرەوە.[13] ھەروەھا لە کۆمەڵێک لە نامەکانییەوە بۆ ھیگینسۆن و سووزانەوە دەردەکەوێت کە بەردەوام نووسراوەکانی ویلیام شکسپیری خوێندووەتەوە. لە نامەیەکی تردا بۆ ھاوڕێیەکی (بە ناوی جۆزێف لیمەن) نووسیویەتی "جگە لەمانە (واتە نووسراوەکانی شێکسپیر) کتێبی ترمان بۆچییە؟"[14]
ئێمیلی زۆربەی ژیانی لە ئەمھێرستدا بەسەر برد و جگە لە چەند گەشتێک، کە یەکێکیان بۆ فیلادێلفیا بوو، لە زێدەکەی دوور نەکەوتەوە. یەکێ لەو دوورکەوتنەوانە لە ساڵی ١٨٥٥دا ڕووی دا، کە ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیا و دایکیدا ڕووی لە شاری واشینگتن کرد. ئەم سەفەرە لەبەر ئەوە بوو کە باوکی لەوێدا نوێنەری کۆنگرە بوو. ئەمە یەکێک لە دوور و درێژترین سەفەرەکانی ژیانی ئێمیلی بوو و پێش ئەمە، ئەو بە دەگمەن لە ئەمھێرست دوور کەوتبووەوە. لە دوای سێ حەفتە واشینگتنیان بەجێھێشت و بۆ دیتنی ئاشنا و خزمەکانیان ڕوویان لە فیلادێلفیا کرد. یەکێک لە بەرھەمەکانی ئەم گەشتە ئاشنا بوونی ئێمیلی بوو لەگەڵ چارڵز وادزوۆرسدا، چارڵز قەشەیەکی بەناوبانگ بوو لە فیلادێلفیادا. دۆستایەتیی ئەو و ئێمیلی، کە وا دیارە سۆزداریش بووبێت، ھەتاکوو ساڵی ١٨٨٢ درێژەی بوو و بە مردنی چارڵز کۆتایی پێ ھات. ئێمیلی لە بڕێک لە نووسراوەکانیدا ئاماژەی بە ئەو کردووە و بە نازناوگەلێک وەکوو «فیلادێلفیای من»یان «ئازیزترین ھاوڕێ خاکییەکەم» ناوی بردووە.[11] شیاوە بوترێت کە چارڵز وادزوۆرس ھاوسەری ھەبوو.
دیکینسۆن لە نیسانی ساڵی ١٨٦٢دا نامەیەک دەنێرێت بۆ ھیگینسۆن و کە بۆچوونی ئەو سەبارەت بە ھۆنراوەکانی خۆی بزانێت. تۆماس وێنتوۆرس ھیگینسۆن کە نووسەر و ڕەخنەگرێکی ئەدەبی بوو لە ئەو ساڵەدا لە گۆڤاری مانگانەی ئاتلانتیکدا وتارێکی وەک بانگەواز نووسیبوو و داوای لە نووسەرە لاوەکان کردبوو کە بەرھەمەکانیان بنێرن بۆ بڵاوکردنەوە. ئێمیلی لەگەڵ نامەیەکدا چەن شێعرێکی خۆی بۆ نارد. دەقی نامەکە ئەمەیە:
ئایا ئێوە ئەوەندە سەرقاڵن کە ناتوانن بە من بڵێن کە شێعرەکەم زیندووە یان نە؟
مێشکی مرۆڤ ئەوەندە لە خۆیەوە نزیکە – کە ناتوانێت ئەوە ببینێت – منیش کەسی ترم نییە کە ئەمەم پێ بڵێت –
بە بڕوای ئێوە ئایا ھۆنراوەی من ھەناسە دەکێشێت – ئایا ئێوە کاتی ئەوەتان ھەیە کە بە من بڵێن – گەر وایە من سپاستان دەکەم –
ئەگەریش من ھەڵە دەکەم – ئەوەی کە بێپەردە پێم بڵێن – بۆ من مایەی شانازی دەبێت و ڕێزتان لە لای من کەم ناکات
ناوی خۆشم دەنێرم بۆتان – تکایە – بەڕێز– بە من بڵێ کام لەم بیرۆکانە ڕاستە؟
پێویست نییە داوا بکەم – کە خەیانەتم لێ نەکەن – چون شەرافەتی ھەرکەس بە خۆیەوە بەستراوە –[11]»
دیکینسۆن نامەکەی واژوو نەکردبوو، بەڵام ناوی خۆی لەگەڵ چوار ھەڵبەستدا خستبووە ناو پاکەتێکی ترەوە و ڕەوانەی کردبوو. ھیگینسۆن شێعرەکانی بەدڵ بوو و تاریفی دان؛ بەڵام چون عادەتی بە شێعری کلاسیک بوو، لە لایەنە نوێکانی ئێمیلی دیکینسۆن بە باشی تێنەگەیشت، بۆیە داوای لێکرد کە کاتی چاپکردنی ھۆنراوەکانی دوا بخات و ھۆنراوەی زیاتر بنووسێت تا دەستی ئازاتر بێت. ئێمیلی دیکینسۆن وڵامی دایەوە کە بیری لە چاپ دانی ھۆنراوەکان ئەوەندە لە مێشکی ئەو دوورە کە زەوی لە ئاسمان. ھەروەھا بۆی نووسی:
ئێمیلی لە ساڵە دوایینەکانی ژیانیدا گۆشەگیر و بێدەنگ بووە و حەزی بە میوان و ناو خەڵک نەبووە. ھیچ کاتێکیش ھاوسەرگیریی نەکردووە. ژمارەیەکی کەم ھاوڕێ و ناسراوی ھەبوو و لەگەڵ ئەوانیش زۆر جار بە نامە گۆڕینەوە قسەی کردووە. دیارە لە دەستچوونی ئەو ژمارە کەمەی ئازیزانی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئێمیلی دیکینسۆن ھەبوو. دەھەی ١٨٨٠ بۆ بنەماڵەی دیکینسۆن پڕ لە ئێش و ئازار بوو. جگە لە مردنی قازی لۆرد و چارڵز وادزوۆرس کە دوو ھاوڕێی ئازیزی بنەماڵەی دیکینسۆن و ئێمیلی بوون، لەم ساڵانەدا پەیوەندیی نێوان ئاستین و سووزانی ژنی بەرەو ساردی چوو. ئاستین بنەماڵەکەی بەجێھێشت و سووزانی ژنبرای ئێمیلی لە خەفەتدا تووشی نەخۆشی بوو. دایکی ئێمیلیش لە دوای ساڵانێکی زۆر نەخۆشی لە ساڵی ١٨٨٢دا کۆچی دوایی کرد. ھەمووی ئەم ڕووداوانە زیاتر و زیاتر ئێمیلی دیکینسۆنیان ژاکاند. لە پاییزی ساڵی ١٨٨٤دا ئێمیلی دەنووسێت:
لە ڕۆژێکی ھاوینی ساڵی ١٨٨٤دا ئازارێک ھات بە جەستەی ئێمیلیدا کە تووشی گەشکەی کرد و تا نیوەی شەو بێھۆشی خست. دواتر کە ھاتەوە بە ھۆشدا کەوتە ناو جێگەوە. دوای ئەوە بە زۆری نەخۆش و لە ناو جێگەدا بوو، بەڵام لە بەھاری ١٨٨٦دا توانیی بڕێک نامە بۆ ھاوڕێکانی بنێرێت. دوایین نامەیەک کە ناردی دوو ڕۆژ بەر لە مردنی بوو، کە تێیدا بەجۆڕێک خەبەری مەرگی خۆی دا بە کچە پوورەکانی.[15][12] لە نامەکەدا نووسرابوو
ئێمیلی.»
دوو ڕۆژ دوای ئەمە لە ١٥ی ئایاری ساڵی ١٨٨٦دا ماڵاوایی لە دنیا کرد و لە تابووتێکی سپیدا لە زێدەکەی خۆی ئەمھێرست نێژرا و لەسەر کێلی قەبرەکەی نووسرا ئێمیلی دیکینسۆن: بانگکرایەوە لە ١٥ی ئایاری ١٨٨٦دا.[11]
ژمارەیەکی ھەرە کەم لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی لە سەردەمی ژیانیدا بڵاو کرانەوە. ئەو ژمارە کەمەش لەلایەن ئەو کەسانەوە کە چاپ دەکران گۆڕانکاریی زۆریان تێدا دەکرا. ئەو خۆی ڕقی لە ئەو دەستکارییانە بوو؛ ئەمە ڕەنگە یەکێک لە ئەو ھۆکارانە بووبێت کە ھیچ کات ھۆنراوەکانی بە جۆرێکی بەرفراوان بڵاو نەکردەوە. لە یەکێک لە ھۆنراوەکانیدا چاپی ھۆنراوە بە مەزات و تاڵانی ھەستی نووسەر لە قەڵەم دەدات؛ بۆیە ھەڵبەستەکانی لەسەر لاپەڕەی بچووک نووسیبوو و دووریبوونییەوە بە یەکەوە و کتێبێک لە ھەڵبەستی لە دۆڵابەکەیدا شاردبووەوە. ھەم جانسۆن و ھەم فرانکلین یەکەم ھۆنراوەی دۆزراوەی ئێمیلی دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٨٥٠. ئێمیلی زۆربەی ھەڵبەستەکانی و باشترینەکانی لە ماوەی ساڵەکانی ١٨٦١ تا ١٨٦٥دا نووسیوە. بە جۆرێک کە ئەگەر ھۆنراوەکانی بکەین بە سێ بەشەوە تا ساڵی ١٨٦٥ دوو بەشی نووسیبوو. وەک تێد ھیووز ھەڵبەستوانی بەناوبانگی ئینگلیز جەختی لەسەر دەکاتەوە لە سەرەتای ئەم ساڵانەدا ڕووداوێکی گرنگ ژیانی ئێمیلی دەگۆڕێت، کە چەند بیردۆزە و گریمانەیەک لەسەری ھەیە.[12]
ھیوا جۆرێک باڵندەیە —
کە لە ڕۆحدا مەنزڵ دەکات —
بێ وشەیەک دەچریکێنێت —
لە چریکە ناوەستێ — ھیچ کات —
خۆشترین نەغمەکانی — لە تۆفاندا — دەبیسرێت
ئەو تۆفانەش دەبێ سەخت بێت —
کە بتوانێت ئەو باڵندە بچکۆلەیە ببزوێنێت
کە ئەویش بۆ دڵ و سەری گەلێک کەسان تین بھێنت —
من لە ڕچاوترین خاکەکاندا دەنگی ئەم مەلەم بیستوە —
لە نامۆترین دەریاکاندا گوێم لە ئاوازەکەی بووە —
بەڵام تاکوو ئێستاکە ئەو، لە تەنگانە و ناچاریدا
تەنانەت وردە نانێکی — لە من داوا نەکردوە
شیاوی باسە کە ئێمیلی دیکینسۆن وەسێتی کردبوو کە ھەمووی نامەکانی لە دوای مردنی بسووتێنن، بۆیە لاڤینیای خوشکی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی نامەکانی سووتاند، بەڵام دواتر کە کتێبی ھۆنراوەکانی دۆزییەوە، ناردی بۆ ھیگینسۆن، چونکە ئێمیلی لە وەسێتەکەیدا باسی ھۆنراوەکانی نەکردبوو؛ بۆیە، یەکەمین کتێبی ھۆنراوەی چوار ساڵ لە دوای مردنی، لە ساڵی ١٨٩٠دا، بە لێکدانەوەی ھیگینسۆن و مەیبڵ لوومیس تاد لە چاپ درا، ئەگەرچی ئەو دوو کەسەش گۆڕانکاریی زۆریان لە ھۆنراوەکانیدا کردبوو. لە ساڵی ١٩٥٥دا بۆ یەکەم جار کۆبەرھەمی نەگۆڕدراوی ھەڵبەستەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لەلایەن توماس جانسۆنەوە بڵاو کرایەوە. دواتر لە نەوەدەکاندا فرانکلینیش کاری لەسەر دەستنووسەکانی ئێمیلی کرد و بڕێک ھۆنراوەی تازەی لێ دۆزییەوە و لە چاپی دان.[16] ھۆنراوەکانی بە زمانی ئینگلیزین، بە زۆری کورتن، زۆر بە دەگمەن ناوی تایبەتیی خۆیان ھەیە و لە کتێبەکاندا بە ژمارە پیشان دەدرێن. ئەو ھۆنراوانەی کە لە ئێمیلی بە جێ ماون کەم نین، ژمارەیان دەگاتە نزیکی ١٨٠٠ ھۆنراوە. بڕێک لە ھۆنراوەکانی ڕەنگی ڕۆمانتیسیزمیان ھەیە، لە بڕێکیشیاندا ھەست بە ترانسێندێنتاڵیزم دەکەین، بە تایبەت کە ئێمیلی خۆی ھۆنراوەی ئێمەرسۆنی خوێندووەتەوە و بە دڵی بووە. ھەرچەند ڕەنگە ئێمیلی دیکینسۆن بە تەواوی نەخرێتە ڕیزی ھیچ قوتابخانەیەکی ئەو سەردەمەوە. ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی وەک وترا بەربڵاون. ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی بە زۆری بریتین لە ژیان، مردن،[17] ژن و مافی ژن، سروشت، ئایین، ئەوین و عیرفان.[18][19]
کۆمەڵێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لە ساڵی ٢٠١٦دا وەرگێڕدراونەتە سەر کوردی.[20] ئەم کۆمەڵە شێعرەی ئێمیلی بە وەرگێڕانی مادێح پیریۆنسی لەژێر ناوی شاژنی وەنەوشە شەرمنەکاندا لە ئێران چاپ بووە.[12][20] ھەروەھا کاوە نەمر دەفتەرێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆنی وەرگێڕاوە بە کوردیی کرمانجی و لەژێر ناوی ئەڤ نامەیا منە ژ جیھانێ ڕە (ئەو نامەی منە بۆ جیھان) چاپی کردووە.[21]
ھۆنراوەکانی ئێمیلی ناویان نییە و بە ژمارە دیاری دەکرێن و چون دەقەکەی جانسۆن یەکەمین دەقێکە کە بێ گۆڕانکاری ھۆنراوەکانی ئەوی تێدا لە چاپ دراوە، ژمارەی ھۆنراوەکانی بەپێی ئەو دەقە دەنووسرێن.
(١٧٦٥)
ئەوەی کە عەشق ھەموو شتێکە
تەواوی ئەو شتەیە کە ئێمە لە عەشقی دەزانین
ئەمەمان بەسە، چونکە جامێک
دەبێ ئەوەندەی تێکرێ کە دەیگرێ[22]
(٢١٤)
من شەرابێک دەخۆمەوە کە دەستکردی دەستێک نییە
لە پەرداخێکدا کە بە جامی مرواری پڕ دەبێت
ھەموو خومرەکانی لێوارەی ڕاین
مەیی وەھایان تیا نییە
من لە بۆنی ھەوا مەستم
لەگەڵ ئاونگ پەیمانی عەشق دەبەستم
لە ڕۆژانی بێکۆتایی ھاویندا مەست و شێواو
بە کاروانسەراکانی ئاسماندا تێدەپەڕم
کاتێک کە خاوەن باخەکان ھەنگە مەست و سەرخۆشەکان
لەسەر خوانی کاسەگوڵەکان دەر دەکەن
ئەو کاتەی کە پەپوولەکان، لەبەر مەستی، دەست ھەڵدەگرن لەجامەکان
من ھەر زیاتر دەخۆمەوە
تا فریشتەکان، کڵاوە بەفرینەکانیان ڕادەوەشێنن
تا قیددیسەکان بەرەو پەنجەرەکان ھێرش بێنن
کە وردی ئەم مەیکەشە بچووکە ببنەوە
کە بە مەستی لە پێش تاودا ڕاکشاوە.[11][23]
(١٣٧٧)
میوەی قەدەغە کراو چێژێکی ھەیە
کە گاڵتە بە باخستانە حەڵاڵەکان دەکا
چ شیرین و شەھوانی تۆو لە دڵی تۆودانێک ڕاکشاوە
کە بە قفڵی وەزیفە داخراوە[24]
دیکینسۆن بە یەکێک لە گرنگترین شاعیرەکانی سەدەی ١٩ی ئەمریکا دادەنرێت.[25] و یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە لە فەرھەنگی عامەدا (واتە لە قسەی ڕۆژانە و فیلم و مۆسیقادا) ئاماژەی زۆری پێدەکرێت و ڕەنگە کەم شاعیر وەکوو ئەو لە سەدەی بیست و یەکدا ناسرابێتن.[26] ماڵەکەی دیکینسۆنەکان لە ئەمھێرست کراوە بە مۆزەخانە و بە مۆزەخانەی ئێمیلی دیکینسۆن بەناوبانگە و ساڵانە خەڵک سەردانی دەکەن.[27] لە ساڵی ١٩٧١دا، لە وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پوولی نامە بۆ ڕێزگرتن لە ئێمیلی چاپ کراوە. لە سەدەی بیست و یەکدا چەندین فیلم دەربارەی ژیانی دروست کراوە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٦دا فیلمێکی ئەمریکی-ئینگلیزی بە ناوی سۆزێکی بێدەنگ سەبارەت بە ژیانی ئێمیلی دیکینسۆن دەرچوو[28][29] دوابەدوای ئەوە فیلمی دۆکیومەنتەریی نامەکەی من بۆ جیھان[30] و دواتر لە ساڵی ٢٠١٨دا فیلمی کۆمێدیی شەوانی وەحشی لەگەڵ ئێمیلی دروست کرا.[31] جگە لەمانە ئەپڵ تیڤی پڵاس لە ساڵی ٢٠١٩دا زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنیی دەربارەی ئەم شاعیرە دروست کرد بە ناوی دیکینسۆن.[32]
ھەروەھا چەندین شانۆ،[33] ڕۆمان و کتێبی جۆراوجۆر لەسەر ژیان و ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن نووسراوە. کتێبەکانی جێرۆم چەرن لە نموونەی ئەو کتێبە لێکۆڵینانەوە[34] و فیکشنانەن[35] کە دەربارەی ئێمیلی نووسراون.[36][29] وەک نموونەیەک ژیانی نھێنیی ئێمیلی دیکینسۆن ڕۆمانێکی چەرنە کە ساڵی ٢٠١٤ چاپ بووە[35] و نووسەر تێیدا باسی ژیانی تایبەتی دیکینسۆن و لایەنە نەبینراوەکانی ژیانی وەک سێکشواڵێتی و پەیوەندیی لەگەڵ ڕەفیقەکانی و بنەماڵەکەی دەکا.[37] لە ساڵی ٢٠١٧دا پیشانگایەکی تایبەت بە ئێمیلی دیکینسۆن لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مۆرگەن لە نیویۆرکدا دانرا. پیشانگاکە بریتی بوو لە ھۆنراوەکان، دەستنووسەکان، فلۆراکان و جلەکان و ھەمووی ئاسەوارەکانی ئەو شاعیرە.[38]
کۆمەڵێکی زۆر لە مۆسیقازان و ئاوازدانەرانی دوو سەدەی ڕابردوو وەک ساموێڵ باربەر، ئارن کۆپلەند و جۆن ئادەمز لەسەر شێعرەکانی کاریان کردووە و مۆسیقایان بۆ داناون.[39] ڕەنگە یەکەم مۆسیقازانێک کاری لەسەر شێعرەکانی دیکینسۆن کردبێت کلارێنس دیکینسۆن مۆسیقاری سەدەی نۆزدە و بیستی ئەمریکا و ئامۆزای ئێمیلی دیکینسۆن بووبێت کە لە ساڵی ١٨٩٨دا مۆسیقای بۆ شەش دانە لە شێعرەکانی داناوە.[40]
ژمارەیەک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی کراون بە گۆرانی و گۆرانیبێژان خوێندوویانەتەوە. گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی تەیلۆر سویفت کە دەبێت بە ئامۆزای بڕبڕەپشتی ئێمیلی دیکینسۆن[41] گوتوویەتی کە بڕێک لە گۆرانییەکانی لەژێر کاریگەریی نامەکان و شێعرەکانی دیکینسۆندا نووسیوە.[42] ھەروەھا ھۆنراوەکانی ئێمیلی بەشێکی گرنگی وێژەی ئەمریکایە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا. ئەو کەسانەی کە ستایشی ھۆنراوەی ئێمیلییان کردووە یا نووسراوەکانی ئێمیلی لە سەریان کاریگەریی ھەبووە کەم نین. تێد ھیووز ھەڵبەستوانی ئینگلیز، ئێمیل جۆران نووسەری ڕۆمانیایی و کامی پالیا ڕەخنەگری ئەمریکی ڕەنگە لە بەرچاوترین نموونەکانیان بن.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.