ئیلۆمیناتی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئیلۆمیناتی یان ڕۆشنگەرەکان (Illuminati ناوی کۆ بۆ وشەی لاتینی illuminatus بە واتای کەسێکی ڕۆشنبین و دەروونپاک) وەک ناو ئاماژەیە بۆ چەند گرووپ و کۆمەڵە، کە ھەندێکیان ڕاستەقینەن و بوونیان ھەبووە و ھەندێکی دیکەشیان وەھمی و خەیاڵین و تەنیا ناویان ھەبووە. لەباری مێژوویییەوە ئەم ناوە زیاتر ئاماژەیە بۆ ئیلۆمیناتی باڤاریا، کە کۆمەڵێکی نھێنی و شاردراوی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و ڕۆژی یەکەمی ئایاری ساڵی ١٧٧٦ لە باڤاریا دامەزراوە، باڤاریا ئەمڕۆ بەشێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا. ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵە بریتی بوون لە بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدان بەرامبەر بە ئەفسانە و نەزانین و دابەزاندنی کاریگەرییەکانی ئایین لەسەر ژیانی گشتی و ھەروەھا دژایەتی و بەرخۆدان بەرامبەر بە بەکارھێنانی خراپی دەسەڵات و دەوڵەت. لە یاسای گشتی خۆیاندا نووسیوویانە: ڕێکخستن و سەقامگیری ئەو ڕۆژەیە کە فێڵ و گزی و فزییەکانی نادادپەروەران کۆتاییان پێھاتبێت، و بەبێ ئەوەی کە زاڵ بین بەسەر ئەو دەستەدا کۆنترۆڵ کرابن." ئیلۆمیناتییەکان و ھەروەھا ماسۆنەکان و کۆمەڵە نێھنییەکانی دیکە بە فەرمانی چارڵز تیۆدۆر، ھەڵبژێردراوی باڤاریا و پاش ھاندانی کڵێسای کاسۆلیک، لە ساڵەکانی ١٧٨٤، ١٧٨٥، ١٧٨٧ و ١٧٩٠ وەک کۆمەڵەی نایاسایی ناسێندران. دواتر کەوتنە بەر لۆمە و ڕەخنەی توندی کۆمەڵە پاوانخواز و ئایینییەکان و ئەو تاوانەشیان خرایە پاڵ کە بەشێوەی نھێنی ھێشتا بەردەوامن و دەستێوەردانیان کردووە بۆ شۆڕشی فەڕەنسا.[1]
![Thumb image](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/5/58/Adam_Weishaupt01.jpg/220px-Adam_Weishaupt01.jpg)
زۆرێک لە ڕۆشنبیرە کاریگەر و ڕامیارە پێشکەوتنخوازەکان وەک ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە ھەژمار دەکرد و دەتوانین ئاماژە بدەینە کەسانی وەک فێردیناند لە برۆنسویک و دیپلۆماتکاری وەک فرانز زاڤەر ڤۆن زاک کە ناوی وەک کەسایەتی دووھەمی فەرمانەکە ئاماژەی پێدراوە. ئەدیب و ھۆنەری وەک یۆھان وۆڵفگانگ ڤۆن گووتێ و یۆھان گاتفرێد ھێردەر و دوکی فەرمانڕەوای گۆتا و وایمار لایەنگری ئیلۆمیناتی بوونە و ئەو بیرۆکەیە ئەم کەسانەی ڕاکێشی خۆی کردووە.[2]
ئیلۆمیناتی دواتر وەک ئاماژە بووە بۆ ڕێکخراوە و بنکەی جیاواز و جۆراوجۆر کە گوایە وەک درێژەپێدەری ئیلۆمیناتی ڕەسەنی باڤاری جووڵاونەتەوە (ئەڵبەت ھیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی پێوەندیی نێوانیان لە ئارادا نەبووە). لە زۆر نموونەدا ڕێکخراوەی لەم چەشنە تاوانی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری جیھان پیلانگێڕانیان کردووە، نوێنەر و بریکاریان لە میری و کۆمپانیا گەورەکان داناوە و بە مەبەستی بەدەستھێنانی دەسەڵات و کاریگەریی ڕامیاری و ئۆردەر و ڕێکخستنێکی نوێی جیھانی جووڵانەوە و ھەڵسوکەوتیان ھەبووە. ئیلۆمیناتی وەک ناوەند و بەرپرسی ھەندێک لە بیردۆزە ئاڵۆزەکانی پیلانگێڕان ئاماژەی پێدەدرێ و دەڵێن بۆسە و کۆڵیتی داناوە و زنجیر و تەنافەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و کۆنترۆڵیان دەکات. ئەم جۆرە تێڕوانینە تا ناو خەڵکی ئاسایی و چاندی گشتییش دزەی کردووە و لە دەیان ڕۆمان و فیلم و دراما و کۆمیدی و کایەی ئەلکترۆنی و ھتددا ئاماژەی پێدراوە.