پارمێنیدیس
From Wikipedia, the free encyclopedia
پارمێنیدس فەیلەسووفێکی یۆنانیی سەر بە فێرگەی ئیلیایییەکانە کە لە سەدەکانی ٥ و ٦ی پێش زایینیدا ژیاوە. ئەو لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ناودار لە کۆلۆنیی یۆنانیی ئێلیا ھاتە دنیاوە. ڕێکەوتی لەدایکبوون و مردنی تەواو ڕوون نییە و یەکلایی نەبووەتەوە. دیۆژێنیس لائێرتیۆس دەڵێ بەر لە ۵۰۰ی پێش زایین گەورە و پێگەیشتوو بووە، کە ئەمە ساڵی لەدایکبوونی دەخاتە دەوروبەری ۵۴۰ی پێش زایینەوە. بەڵام، لە دیالۆگی پارمێنیدیسدا، ئەفلاتوون دەڵێ ئەو کاتەی پارمێنیدیس سەردانی ئاتینای کردووە ۶۵ ساڵی بووە، سوقراتیش لاو بووە، کە دەکاتە ۴۵۰ی پێش زایین. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ، ساڵی بەدنیاھاتنی دەبێتە ۵۱۵ی پێش زایین. ھەر چۆنێک بووبێ، وا بیر دەکرێتەوە کە لە ۴۷۵ی پێش زاییندا زیندوو و چالاک بووە.
پارمێنیدس Parmenides Παρμενίδης | |
---|---|
![]() پارمێنیدس | |
سەردەم | سەرەتای فەلسەفەی سوقراتی |
ناوچە | فەلسەفەی ڕۆژئاوایی |
بایەخی داوە بە | میتافیزیک، ئۆنتۆلۆجی |
بیرۆکە گرنگەکان | فەلسەفەی چارەنووسی، ڕاستی بنچینەیی |
تاقە کاری ناسراوی پارمێنیدیس شیعرێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی نەزانراوە، بەڵام، ئەغڵەب بە ناوی «لە بابەت سروشتەوە» دەناسرێ. تەنیا پارچەگەلێکیشی لێ ماوەتەوە. لەو شیعرەدا، پارمێنیدیس دوو ڕوانگە بۆ واقیع دەنوێنێ. یەکەم ڕوانگە لە ڕێگای ڕاستییەوە بۆی دەچێ و، دووەم ڕوانگە لە ڕێگای بیروڕاوە. لە ڕوانگەی یەکەمەوە، گشت واقیع یەکە و، گۆڕان دەستنەداوە و، ھەبوونیش ھەمیشەیی و یەکشێوەیە. لە ڕوانگەی دووەمەوە، جیھان جیھانی ڕواڵەتەکانە، کە تێیدا ھەستەکانی ئینسان بەرەو تێگەیشتنێکی ھەڵەی دەبەن و دەیخەڵەتێنن.
پارمێنیدێس وەکوو بناخەدانەری ئۆنتۆلۆجی ڕەچاو دەکرێ و، بەھۆی ئەو کاریگەرییە کە لەسەر ئەفلاتوون ھەیبووە، کاریگەری لەسەر گشت مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوایی داناوە.