شارەزوور
From Wikipedia, the free encyclopedia
دەشتی شارەزوور دەکەوێتە باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى سلێمانى و بەگرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت، تێکڕاى درێژی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا نزیکەى (٤٥) کیلۆمەترە و پانیەکەى لەنێوان (١٥-٢٠) کیلۆمەتر و لەهەندێ شوێن دەگاتە (٢٥) کیلۆمەتر، بەرزییەکەى لەئاستى ڕووی دەریاوە لەنێوان (٤٥٠-٦٠٠) مەترە، چیاکانى هەورامان لە ڕۆژهەڵات و چوارتا لە باکوور و باڵامبۆ لەباشوورەوە دەوریان داوە، بەڵام لەئاڕاستەى باکوورى ڕۆژاوایەوە دەشتى سلێمانییە.
خاکى ئەم دەشتە بە بەرزى ڕێژەى بەپیتیەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان بەشەکانى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى دەشتەکە ئاودێرى دەکەن.
لەڕۆژهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان دروستکراوە، کە ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە.
لەڕووى کارگێڕییەوە ناوچەکانى قەزاى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشوورى ناحیەى تانجەرۆ دەکەونە ئەم دەشتەوە.
گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەى تازە و زەڕایەنە.