From Wikipedia, the free encyclopedia
زەھا محەمەد حەدید (بە عەرەبی: زها حديد زها حدید ; ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠ – ٣١ی ئازاری ٢٠١٦) تەلارساز و هونەرمەند و دیزاینەرێکی عێراقی-بەریتانی بوو، وەک کەسایەتییەکی دیار لە بواری تەلارسازیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا ناسراوە. حەدید لە بەغدای پایتەختی عێراق لەدایکبووە،[1] ئەو قۆناغی بەکالۆریۆسی لە بیرکاری خوێندووە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ لە فێرگەی کۆمەڵەی تەلارسازی ناوی تۆمارکردووە.[2]
زەھا حەدید | |
زانیارییەکانی کەسایەتی | |
---|---|
ناوی تەواو | زەھا حەدید |
ڕێکەوتی لەدایکبوون | ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠ |
شوێنی لەدایکبوون | عێراق |
ڕێکەوتی مردن | ٣١ی ئازاری ٢٠١٦ ساڵ ژیاوە) | (٦٥
شوێنی مردن | مەیامی، فلۆریدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان |
ھاوڵاتیبوون | عێراقی-بریتانیایی |
چالاکی | |
خەڵاتەکان | خەڵاتی تەلارسازیی پریتزکێر(٢٠٠٤) |
زەها لەلایەن ڕۆژنامەی گاردیەن بە "شاژنی پێچ" وەسف کراوە،[3] کە "بواری ئەندازیاریی تەلارسازی ڕزگار کرد، بەوەی ناسنامەیەکی نوێی پێبەخشی".[4] کارە سەرەکییەکانی زەها بریتین لە سەنتەری ئەکوای لەندەن بۆ ئۆڵۆمپیادی ٢٠١٢، مۆزەخانەی هونەریی ئیلی و ئیدیتی، مۆزەخانەی MAXXI لە ڕۆما، و ئۆپێراخانەی گوانگژۆ لە چین.[5] هەندێک لە خەڵاتەکانی دوای مردنی پێشکەش کراون، لەنێویاندا پەیکەری بچووکی خەڵاتەکانی بریتانی ساڵی ٢٠١٧. ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد، چەندین کاری تەلارسازیی ئەو هێشتا لە قۆناغی دروستکردندا بوون، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داکسینگ لە پەکین و یاریگای ئەلوەکرە (ئێستا پێی دەڵێن ئەلجەنوب) لە قەتەر کە شوێنی بەڕێوەچوونی مۆندیالی ٢٠٢٢ بوو.[6][7][8]
زەها یەکەم ژن بوو کە خەڵاتی تەلارسازی پریتزکەری وەرگرت، لە ساڵی ٢٠٠٤.[9] لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ بەناوبانگترین خەڵاتی تەلارسازی بەریتانیا وەرگرتووە، ئەویش خەڵاتی ستێرلینگ بوو. لە ٢٠١٢ لەلایەن ئەلیزابێسی دووەمەوە بەهۆی خزمەتەکانی بە تەلارسازییەوە کرایە دام و لە شوباتی ٢٠١٦، مانگی پێش مردنی،[10] بووە یەکەم ژن کە بەشێوەی تاک مەدالیای زێڕی شاهانەی لەلایەن پەیمانگای شاهانەی تەلارسازەکانی بەریتانیاوە پێبدرێت ( پێشتر ڕەی ئیمز و شیلا ئۆدۆنێل بە هاوبەشی لەگەڵ چارڵز ئیمز و جۆن توومی خەڵاتەکەیان پێبەخشرابوو).[11][12]
زەها حەدید لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠ لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق لە خێزانێکی چینی خانەدانی عێراقی لەدایکبووە.[13] باوکی، محەممەد ئەلحەج حوسێن حەدید، سەرمایەدارێکی خەڵکی موسڵ بوو. لە ساڵی ١٩٣٢دا گروپی چەپڕەوی بەناوی ئەل ئەهلی گرووپ دامەزراند، کە ڕێکخراوێکی سیاسی بەرچاو بوو لە ساڵانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا. [13] هەروەها ئەو هاودامەزرێنەری پارتی دیموکراتی نیشتمانی بووە لە عێراق[13] و دوای ڕووخانی شا و کودەتاکەی ١٩٥٨ی عێراق بەسەرپەرشتی جەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم ئەوا بووەتە وەزیری دارایی. دایکی وەجیهە سابونجی هونەرمەندێکی خەڵکی موسڵ بوو.[14] فوڵاز حەدیدی برای نووسەر و ژمێریار و شارەزای کاروباری عەرەب بووە.[15] زەها جارێک لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کرد کە چۆن گەشتەکانی سەرەتای منداڵی بۆ شارە کۆنەکانی سۆمەری لە باشووری عێراق بووە هۆی ئەوەی کە حەزی لە تەلارسازی بێت. حەدید لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە قوتابخانەی بەشەناوخۆیی لە ئینگلتەرا و سویسرا خوێندوویەتی.[16] [17] [18] زەها لەماوەی ژیانیدا شووی نەکرد و منداڵی نەبوو.[19]
زەها لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت بەشی بیرکاری خوێند، ئەمەش پێش ئەوەی لە ١٩٧٢ بچێتە لەندەن بۆ خوێندن لە فێرگەی کۆمەڵەی تەلارسازی. [20] لەوێ لەپاڵ هەریەکە لە ڕێم کولهاس، ئێلیا زێنگێلیس و بێرنارد تشومی خوێندوویەتی.[21] پرۆفیسۆرێکی ئەو، بەناوی کوولهاس، لە کاتی دەرچوونیدا بە "هەسارەیەک لە خولگەی خۆیدا" وەسفی زەهای کردووە.[21] زێنگێلیس بە نایابترین قوتابی وەسفی کردووە کە تا ئێستا وانەبێژی کردووە. 'ئێمە ناومان لێنا داهێنەری ٨٩ پلە. هیچ شتێک هەرگیز لە ٩٠ پلەدا نەبووە. ئەو بینینێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو.[22]
دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، زەها لە ١٩٧٧ لەگەڵ پرۆفیسۆرەکانی پێشووی، کوولهاس و زێنگێلیس دەستی بە کارکردن کرد، ئەوەش لە ئۆفیسی تەلارسازی شارە گەورەکان (ئۆ ئێم ئەی)، لە شاری ڕۆتەردام، لە هۆڵەندا بوو.[23] لە ڕێگەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کوولهاس، ئەندازیاری تەلارسازی پیتەر ڕایسی ناسی، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی کارکردنیدا پشتگیری و هاندانی بە زەها بەخشی.[24][25] دواتر زەها وڵاتینامەی شانشینی یەکگرتووی وەرگرت.[26][27] لە ١٩٨٠، کۆمپانیای تەلارسازی تایبەتی خۆی بە ناوی زاها حەدید ئەرکیتێکت لە لەندەن کردەوە.[22] لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا شێوازی کار و بەرهەمەکانی زەها لە ڕێگەی سکێچە زۆر ورد و ناوازەکانییەوە بینەرانی بە شێوازێکی نوێی تەلارسازی مۆدێرن ئاشنا کرد. لەو کاتەدا خەڵک سەرنجیان لەسەر دیزاینەکانی پۆستمۆدێرنیزم بوو، بۆیە دیزاینەکانی ڕێبازێکی جیاواز بوون لە تەلارسازی کە جیاوازییان هەبوو بەراورد بە دیزاینەرانی دیکە.[25]
پاشان دەستی بە وانەوتنەوە لە بابەتی تەلارسازی کرد، سەرەتا لە فێرگەکەی کۆمەڵەی تەلارسازی، پاشان، بەدرێژایی چەند ساڵانێک لە سکووڵی هارڤارد بۆ دیزاین، زانکۆی کامبریج، زانکۆی شیکاگۆ، Hochschule für bildende Künste لە هامبۆرگ، زانکۆی ئیلینۆیس لە شیکاگۆ, و... زانکۆی کۆڵۆمبیا لەو کارەی بەردەوام بوو. ناوبانگی سەرەتایی خۆی بە وانەوتنەوە و دیزاین و پڕۆژە سەرەتاییە ڕەنگاوڕەنگ و ڕادیکاڵەکانی بەدەستهێنا، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە گۆڤارەکانی تەلارسازیدا بڵاوکرانەوە بەڵام تاڕادەیەکی زۆر بەبێ دروستکردن مانەوە. پڕۆژە گەورە بەڵام دروستنەکراوەکانی بریتی بوون لە پلانێک بۆ لوتکەیەک لە هۆنگ کۆنگ (١٩٨٣)، و پلانێک بۆ ئۆپێراخانەیەک لە کاردیف، وێڵز، (١٩٩٤). ئەزموونی کاردیف بە تایبەتی بێهیواکەر بوو؛ دیزاینەکەی لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێشبڕکێیەکە وەک باشترین هەڵبژێردرا، بەڵام حکومەتی وێڵز ڕەتیکردەوە پارەی بۆ بدات و بڕی پارەی خەڵاتەکەش درا بە دیزاینێکی دیکە کە کەمتری تێدەچوو.[28] ناوبانگەکەی لەم قۆناغەدا تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر وانەوتنەوە و ئەو تابلۆ خەیاڵی و ڕەنگاوڕەنگانەی کە لە بینا پێشنیار کراوەکانی دروستی دەکرد، وەستابوو. ناوبانگی نێودەوڵەتییەکەی لە ساڵی ١٩٨٨دا زۆر بەرزبووەوە کاتێک هەڵبژێردرا بۆ پیشاندانی وێنەکێشان و تابلۆکانی وەک یەکێک لە حەوت تەلارساز کە هەڵبژێردران بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای "دیکۆستراکتڤیزم لە تەلارسازیدا" کە لەلایەن فیلیپ جۆنسۆن و مارک ویگلی لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.[29][30][31]
زەھا حەدید لە ڕۆژی ٣١ ئازاری ٢٠١٦ لە شاری مەیامی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچی دوایی کرد.[32]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.