ئایدۆلۆژیایەک کە بووە ھۆی دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا From Wikipedia, the free encyclopedia
کەمالیزم (بە تورکی: Kemalizm یان Kamâlizm)، کە لە ئەتاتورکیزمەوە ھاتووە (بە تورکی: Atatürkçülük, Atatürkçü düşünce[1])، یان بە شەش تیرەکە (بە تورکی: Altı Ok) ناسراوە، ئایدۆلۆژیای فەرمیی دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە، و یەکەم بنچینەیی ناسیۆنالیزمە لە تورکیا. کەمالیزم، وەک چۆن لەلایەن مستەفا کەمال ئاتاتورکەوە دوای ڕاگەیاندنی کۆمار لە ساڵی ١٩٢٣دا جێبەجێکرا، بە چاکسازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییە بەرفراوانەکانی ئەتاتورک پێناسە کرا،[2] کە بۆ جیاکردنەوەی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە دەوڵەتی عوسمانی و ئامێزگرتنی شێوازێکی ژیانی سەردەمییانە و لەسەر شێوازی ڕۆژئاوایی، لەوانە دامەزراندنی شارستانی و بنچینەیەکی دنیاگەرایی و دەرھێنانی دەسەڵاتی پیاوە ئایینییەکان لە دامەزراوە حوکوومی و سەربازییەکان، کە پێی دەگوترێت لایسیزم (بە فەڕەنسی: laïcité)،[3] وە پشتیوانی دەوڵەت لە زانستخوازەکان، و خوێندنی بێبەرامبەر و چەندانی تر. زۆربەی ئەوانە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەتاتورکدا ئەنجامدرا، و بەھۆیەوە دەوڵەتی نوێی تورکیا بە ڕووی جیھاندا کرایەوە.[4]
زۆرێک لە بیرۆکە بنەڕەتییەکانی کەمالیزم لە سەردەمی کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا لە ژێر چاکسازییە جۆراوجۆرەکاندا دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی لە داڕمانی نزیکیی ئیمپراتۆرییەتییەکە دوور بکەونەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چاکسازییەکانی ڕێکخستنەکانی دەوڵەت لە سەرەتای سەدەی نۆزدەھەمەوە دەستیپێکردووە. گەنجە عوسمانییەکانی ناوەڕاستی سەدە ھەوڵیان دەدا ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عوسمانی، یان عوسمانیزم، دروست بکەن، بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی لە سەرھەڵدان لە ئیمپراتۆرییەتییەکەدا بڕوخێنن و بۆ یەکەمجار دیموکراسی سنووردار بناسێنن، لە ھەمان کاتدا تایبەندمەندییە ئیسلامییەکان بپارێزن.[3] بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، گەنجە تورکەکان وازیان لە ناسیۆنالیزمیی عوسمانی ھێنا لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی نەتەوەیی تورکی، لە ھەمان کاتدا ڕوانگەیەکی سیاسی دنیاگەرایی گرتەبەر. دوای لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، ئەتاتورک لەژێر کاریگەری گەنجانی عوسمانی و نەتەوەیی تورکی، سەرکردایەتی ڕاگەیاندنیی کۆماری تورکیای کرد لە ساڵی ١٩٢٣،[5][6] بە سوود وەرگرتن لە ئایدۆلۆژیای دنیاگەرایی بزووتنەوەکانی پێشووتر و ناسیۆنالیزمیی تورکی، لە ھەمان کاتدا بۆ یەکەم جار پەروەردەی ئازاد و چاکسازییەکانی دیکەی ھێنایە ئاراوە، کە لەلایەن سەرکردەکانی پێشووترەوە لە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبردنی تورکیادا چەسپێنراون.[7]
کەمالیزم فەلسەفەیەکی نوێخوازییە، کە ڕابەری گواستنەوەی دەسەڵاتە لە نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی فرە ئایین و فرە نەتەوەیی بۆ کۆمارێکی دنیاگەرایی و دیموکراسی و یەکگرتوویی تورکیا دەکات.[8] کەمالیزم سنووری پڕۆسەی کۆمەڵایەتی لە چاکسازی تورکیادا دادەنێت. ئەتاتورک، کە دامەزرێنەری کەمالیزم بوو، ڕێبازەکەی خۆی و ئایدیۆلۆژیاکەی لە درووستکردنی دەوڵەتێکی دنیاگەرا جێبەجێ کرد،[9][10] و خۆی لە بیر و باوەڕی ئایینی بەدوور گرت و ڕێبەری خۆی و میراتگرانی ڕۆحی خۆی بە زانست و مێشک پێناسە کرد:
شەش تیر یان شەش بنەماکە، بیروڕای کەمالیستی لەسەر شەش ئایدۆلۆژیای سەرەکیی ڕێکخراوە، ئەوانیش: کۆماریخوازی (بە تورکی: cumhuriyetçilik)، پۆپۆلیزم (بە تورکی: halkçılık)، ناسیۆنالیزم (بە تورکی: milliyetçilik)، لایسیزم (بە تورکی: laiklik)، ئاماریزم (بە تورکی: devletçilik)، و ڕیفۆرمخوازی (بە تورکی: inkılapçılık).[11]
پێکەوە نوێنەرایەتی جۆرێک لە جاکۆبۆنیزم دەکەن، کە ئەتاتورک خۆی وەکو شێوازێک بۆ بەکارھێنانی حوکمێکی زۆرداریی سیاسیی، بۆ تێکدانی بیرکردنەوە کۆمەڵایەتییەکان،[12] کە لە نێو دانیشتووانی تورکی موسوڵمان وە ئەو کەسانەی زۆر پەیوەستی بابەتە نەریتیی و کولتوورییەکان بوون، کە ئەتاتورک پێی وابوو بەھۆی خۆپەرستی زانا و بانگخوازە ئایینییەکانەوە دروست بووە.[11]
کۆماریخوازی Cumhuriyetçilik. لە چوارچێوەی کەمالیستیدا، دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەھای شانشینیی عوسمانی بە سەروەری یاسا و سەروەری خەڵکی و گیرۆدەیی مەدەنی گۆڕی، لەنێویاندا جەختکردنەوە لەسەر ئازادی، کە لە لایەن ھاوڵاتییانەوە وەک پراکتیزێک دادەنرا.[13] کۆماریخوازی کەمالیستی جۆرێک لە کۆماری دەستووری پێناسە دەکات، کە تێیدا نوێنەرانی خەڵک ھەڵدەبژێردرێن، و دەبێت بەپێی یاسای دەستووری ھەنووکەیی کە دەسەڵاتی حوکوومەت بەسەر ھاووڵاتییاندا سنووردار دەکات، و حوکوومڕانی دەکات. سەرۆکی دەوڵەت و بەرپرسانی دیکە بە ھەڵبژاردن ھەڵدەبژێردرێن نەک میراتگری پۆستەکانیان و بڕیارەکانیان، کە ئەوەش کەوتۆتە ژێر پێداچوونەوەی دادوەرییەوە. کەمالیزم لە بەرگریکردن لە گۆڕانکاری لە دەوڵەتی عوسمانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھەموو یاسا و دەستوورەکانی کۆماری تورکیا، دەبێت ئیلھام لە پێداویستییە ڕاستەقینەکان وەربگرن لەسەر زەوی، و وەک بنەمایەکی بنەڕەتی ژیانیی نەتەوەیی وەربگیرێت. کەمالیزم بانگەشە بۆ سیستەمی کۆماری دەکات وەک باشترین نوێنەری خواستی خەڵک.[14][15]
لە نێوان جۆرە زۆرەکانی کۆماردا، کۆماری کەمالیست، دیموکراسییەکی نوێنەرایەتی و لیبڕاڵی پەرلەمانییە، کە پەرلەمانێکە نوێنەرانی لە ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا ھەڵدەبژێردرێت، سەرۆک کۆمارێکیشوەک سەرۆکی دەوڵەت کە لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، و بۆ ماوەیەکی سنووردار خزمەت دەکات، سەرۆک وەزیرانێکیش کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت، و وەزیرەکانی تر کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان دەکرێن. سەرۆکی کەمالیستی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ڤیتۆی سنووردارە، ھەروەھا مافی کێبڕکێی لەگەڵ ڕیفراندۆم ھەیە. کارکردنی ڕۆژانەی حکومەت لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی دیکەوە پێکھێنراوە. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن سەرۆک و ئەنجومەنی وەزیراندایە، وە یاسادانان بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان لیژنەی دادوەرییە، کە تیایدا ھیچ لقێکی حکومەت دەسەڵاتی بەسەر لقێکی دیکەدا نییە،[16] ھەرچەندە پەرلەمان ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، کە دەتوانرێت بە دەنگی لێسەندنەوەی متمانە ناچار بکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە.[17]
پۆپۆلیزم Halkçılık. بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت کە ئامانجی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسییە بۆ مەدەنییبوون و ھاوڵاتیبوون.[18]
پۆپۆلیزمی کەمالیستی نەک تەنھا مەبەستی دامەزراندنی سەروەری گەلە، بەڵکو گواستنەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی-ئابوورییە بۆ بەدیھێنانی دەوڵەتێکی پۆپۆلیستیی ڕاستەقینە، وە کەمالیستەکان ململانێی چینایەتی و بەکۆمەڵگەرایی ڕەتدەکەنەوە. پۆپۆلیزمی کەمالیستی پێی وایە ناسنامەی نەتەوەیی کۆمەڵایەتی لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە، کۆمەڵایەتییەک کە پێشبینی دەکات: "یەکگرتوویی، جەخت لەسەر ھاوکاری چینایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی دەوڵەت دەکاتەوە".[19] پۆپۆلیزم لە تورکیا بۆ دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتووە، کە ھەستکردنە بە دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی گەل بۆ ھێنانە ناوەوەی ئەو یەکێتییە نوێیەیە بۆ نێو چینەکانیی کۆمەڵگا. ئەتاتورک کە بەتەواوی دژی دەسەڵاتی ئایینی بوو، دەیویست لەڕێگەی دانانی بنچینەیەکی نیشتیمانپەروەریییەوە، زنجیری گەنجان و لاوان بگرێتە دەستی و دژی دەسەڵاتە ئایینییەکان بوەستنەوە، کە دەیگوت:
کە ئەم وتەیەی ئێستا لەنێو کۆمەڵگای تورکیدا باوە، تەنانەت وەک درووشم دەگوترێتەوە.[20][21][22]
ناسیۆنالیزم Milliyetçilik. ھەڵمەتی کەمالیستی ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بوو لە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی.[23]
ناسیۆنالیزمی ئەتاتورک لە بیردۆزی ھاوبەشی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت،[24] کە ئەم سەرچاوەیەش لەسەر بنەمای ناسیۆنالیستە مەدەنییەکان ھاتووەتە بوون، کە ژان ژاک ڕوسۆ و ھاوبەشە کۆمەڵایەتییەکانیی بانگەشەیان بۆی کردووە. ناسیۆنالیزمی ئەتاتورک، دوای ئەوەی ئەزموونی تێکچوونی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی کرد، ئەتاتورک پەیوەندیی و ھاوبەشیی کۆمەڵایەتی، وەک بەرزترین بیرۆکەی خۆی پێناسە دەکرد.[23]
لایسیزم Laiklik. لە ئایدۆلۆژیای کەمالیدا ئامانجی دوورخستنەوەی دەستوەردانی ئایینییە لە کاروباری حکوومەتدا و بە پێچەوانەشەوە. وە ھەروەھا جیاوازە لە چەمکی سستیی ئەنگلۆ-ئەمریکی دنیاگەرا، بەڵام ھاوشێوەی چەمکی laïcité(دنیاگەرایی فەڕەنسی) لە فەڕەنسا.[25][26]
ئاماریزم Devletçilik. ئەتاتورک لە لێدوان و سیاسەتەکانیدا بە ڕوونی باسی لەوە کردووە کە ڕێبازی سەردەمییانەی تەواوەتی تورکیا وابەستەی گەشەسەندنی ئابووری و تەکنەلۆژیا بووە.[27] بنەمای ئاماریی کەمالیستی بە گشتی بەو مانایە لێکدەدرێتەوە کە دەوڵەت دەبوو چالاکییە ئابوورییە گشتییەکانی وڵات ڕێکبخرێت و بەشداری لەو بوارانەدا بکات کە مۆڵگە و کارگە تایبەتییەکان ئامادە نین ئەو کارە بکەن. ئەمەش دەرئەنجامی ئەوە بوو کە تورکیای دوای شۆڕش پێویستی بە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان سەرمایەداری کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیی بوو. شۆڕش تورکیای بە وێرانە جێھێشت، بەو پێیەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی سەرنجی لەسەر کەرەستەی خاو بوو و بازاڕێکی کراوە بوو لە سیستەمی سەرمایەداری نێودەوڵەتیدا.[28] تورکیای دوای شۆڕش تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن کۆمەڵگە کشتوکاڵییەوە پشتگیری دەکرا، کە خاوەن زەوی و بازرگانێکی زۆری لەخۆ گرتبوو. جڵەو گرتنی خەڵک لە ئابووری تورکیادا لە ساڵانی ١٩٢٣ تا ١٩٣٠ تەواو بەدیار کەوتووە، واش تواندراوە لە ڕێگەی وەبەرھێنانی ھاوبەشی بیانییەوە کارگەی ئابووریی دەوڵەتیی دابمەزرێندرێت بەڵام دوای ساڵانی ١٩٣٠، گۆڕانکارییەک ڕوویدا بۆ پلانە گەشە پێدەرەکان، لە سەردەمێکدا کە بە گشتی، بە ئیتاتیزم ناودەبرێت. لەم سەردەمەدا دەوڵەت بەشدارییەکی چالاکانەی ھەبووە لە ھەردوو کەڵەکەکردنی سەرمایە و وەبەرھێنان، و ھەروەھا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی بازرگانە تایبەتەکان. زۆرجار دەوڵەت ھەنگاوی دەنایە ناو ئەو بوارە ئابوورییانەی کە کەرتی تایبەت نەیاندەگرتەوە، یان بەھۆی بەھێز نەبوون یان بە سادەیی شکستی دەھێنا لەو کارەدا. ئەمانە زۆرجار لە پڕۆژەی ژێرخانی و وێستگەی کارەبا ڕوویدەدا، بەڵام پیشەسازی ئاسن و پۆڵایشی دەگرتەوە، لە کاتێکدا کە خەڵکی باجی کەڵەکەبوونی سەرمایەیان دەدا.[29]
ڕیفۆرمخوازی یاخود چاکسازیخوازی Inkılapçılık. بنەمایەکە کە داوا دەکات وڵات دامەزراوە بێت و چەمکە نەریتییەکان بگۆڕدرێنەوە بە چەمکی سەردەمییانە. ئەم بنەمایە بانگەشە بۆ پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی چاکسازییەوە وەک ستراتیژییەک بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و کەشخە دەکات.[30] بە مانای کەمالیستی، ئەگەری گەڕانەوە بۆ سیستەمە کۆنەکان نییە، چونکە بە دواکەوتوو ھەژمار دەکران، لەوانەش خوو گرتن بە داب و نەریتە ئایینییەکان.[25]
ڕیفۆرمخوازی ئێستای کەمالیستەکان، بەرھەمی ئەو چاکسازییانەیە کە لە سەردەمی ژیانیی ئەتاتورکدا ئەنجامدران، چاکسازییەکانی ئەتاتورک لە کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا توانیوییەتی سۆزی گەل و لایەنە نەتەوەییەکانی وەک کورد و عەرەب بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. تێگەیشتنی ئێستا لەم چەمکە، دەتوانرێت بە بیرۆکەیەکی گەورە وەسف بکرێت.[13] زیاتر دەربارەی ئەم ئایدۆلۆژیایە ئەوەیە، تورکیا و کۆمەڵگاکەی، بە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەکان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا دەبێت جۆر و نەخشەی تورکییان بۆ زیاد بکات و لەگەڵ کولتووری تورکیدا بیگونجێنێت، بە گوێرەی کەمالیزمییەکان، واتا ھەرشتێک کە بوونی ھەیە و پێیدەگوترێت ماددە، مۆرکی تورکی لێبدرێت و وەک کاڵایەکی تورکی بناسێندرێت. وە ئەم چاکسازیانەش، ئەزموونی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەوێت،[31] کە ئەمەش لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان ئێستا لە تورکیا فێرخوازان لەسەر بیرێکی کەمالیستی فێردەکرێن، کە نەوەیەکی کەمالیستیی کەمالیزم بەرھەم دەھێنێت.[32][33]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.