شاعیری کورد From Wikipedia, the free encyclopedia
کامەران موکری (ناوی تەواو: محەممەد ئەحمەد تەھا)، (لەدایکبووی ١٩٢٩، لە سلێمانی) شاعیرێکی کورد بوو. لە گەڕەکی دەرگەزێن لەدایک بوو. لە ساڵی ١٩٥٤دا دەستی کردووە بە شیعرنووسین. ساڵی ١٩٥٧ ناوی «کامەران»ی ھەڵبژاردووە وەک نازناوی شیعری، دواتر موکریی کردووەتە نازناو بە ناوی ئەوەی بنج و بنەوانی خێزانیان لە موکریان بووە. بەم جۆرە ناوبانگی شاعیرێکی تازەی کورد لە ساڵی ١٩٥٧ لەسەر ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەو سەردەمە کەوتە ناوەوە.
بنەماڵەی کامەران بنەچەیان دەگەڕێتەوە ناوچەی موکریان. لە پێشاندا ماڵیان گواستووەتەوە پشدەر و لە دواییدا ھاتوونەتە سلێمانی و لەوێ ژیاون. کامەران برای شاعیری کورد ئەخۆلە لە دایکەوە.
سەرەتا خوێندنی شەش ساڵی قوتابخانەی لە سلێمانی تا پۆلی کۆتایی ئامادەیی بوو، بەڵام بەھۆی چەند ھۆیەک تەواوی نەکردووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٩ گیراوە. ماوەی نزیکەی شەش ساڵ (١٩٤٩–١٩٦٣) لە بەندیخانە جیاوازەکانی عێراق بردووەتە سەر. لە پەنجەکانی سەدەی بیستەممدا لە بەندیخانەیەک ڕزگاری بووبێ یەکێکی دیکە چاوەڕێی کردووە. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ی بەغدا دەستی کرد بەجموجۆڵی خوێندەواری. لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٦١ سەرنووسەری گۆڤاری ڕۆژی نوێ بوو لە سلێمانی. لە دوای کودەتا فاشیستییەکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و بەدرێژایی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەنگی کامەران کپ بوو، وەکو زۆربەی ڕۆشنبیرانی تر. لە دواییدا لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلێمانی بەمامۆستای موحازیری ئەدەبی کوردی دامەزرا. تا کۆتایی ژیانی لەسەر ئەم کارەی مایەوە. لەکاتی گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی (١٩٨٢) بۆ ھەولێر و گۆڕینی ناوی بۆ زانکۆی سەلاحەدین کامەرانیش ماڵی گواستەوە ھەولێر. لەبەرواری (٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦) لەشاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.
کامەران موکرى، لە زۆربەى خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەى شارى سلێمانىدا بەشدارى کردووە و ھەمیشە پێشەنگ بووە. ھەر لە خۆپیشاندانەکانیشدا یەکەم کەس بووە کە شارى سلێمانی ناونا (ھەڵمەت و قوربانی)، کاتێک لە خۆپیشاندانی سلێمانی دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس) وتارێکی بە دەنگی بڵند خوێندەوە و وتى: "ئەی جەماوەری بەشەرەفی شاری ھەڵمەت و قوربانی."
لە بوارى وانە وتنەوەدا توانایەکى لێھاتووى ھەبووە، ئەگەرچى پلەی خوێندنی ئامادەیی بووە، بەڵام بەھۆى زیرەکى و لێھاتویى بۆ ماوەیەکى زۆر کراوەتە مامۆستای ئەدەب لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەڵاحەدین.
تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥–١٩٧٢، دیارترین دیوانەکانی (ئاشتی، دیاری، ئاگر و ژیلە و گوڵاڵە سوورە)ن، وە لە دوای مردنیشی لە ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم شیعرەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (کامران موکری) کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوەتەوە. سەرەڕای کاری شاعیری "کامران موکری چیرۆکنوسیش بووە.
تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، کە بریتین لە:
ئەگەر شیعر و ھۆنراوەکانی کامەران موکری بخوێنینەوە، دەبینین کەوا کامران موکری ھۆنراوەکانی بۆ چەند مەبەستێک وتووە:
بەشێکی زۆری ھۆنراوەکانی موکری ھۆنراوەی نەتەوەیین. شاعیرێکی خاوەن ھەستێکی ناسک بووە بەرامبەر بە وڵاتەکەی و شیعرەکانی لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی بوون.
دوو نموونە لە شیعرەکانی:
١.
کاروانی ئێمە کەوتووەتە ڕێگا | بە ئامانجی کورد ھەر ئەبێ بگا | |
ئەگەرچی شەوی خەباتی ژیان | گیانی زۆر لاوی وەک گوڵ ھەڵوەران | |
بەڵام ھەر ئەبێ شەفەق دەرکەوێ | کورد لەم ھەورازە سەختە سەرکەوێ |
٢.
ئەوی مێژووی کورد بخوێنێتەوە | ئەڵقەی زنجیرەی بهۆنێتەوە | |
تێ ئەگا ھەرگیز سەر نانێتەوە | ھیچ ھێزێک نییە بیتوێنێتەوە | |
ئەو چەرخە نەما درەختی ڕەگەز | ڕیشەی دەرکێشن ھی ئێمەی نەبەز |
مەبەستێکی تری شیعرەکانی کامەران، دڵداری و ئەڤینییە. وەک نموونەیەک لە شیعرەکانی تایبەت بە خۆشەویستی:
کە پرچت ئاڵان لە گەردن | گڕت بەردا لە دڵی من | |
کە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕوو | ئاگر لە دەروونم بەربوو | |
ئەی زۆرداری جوانی بچووک | تکایە کچی ئێسکسووک | |
لێرەوە مەیە، شەیدام بۆت | وەباڵی دڵم بە ئەستۆت |
لە ھۆنراوەیەکیدا بە ناوی "فریشتە" کارێکی ھونەریی پێشکەش کردووین و زۆر بەوردی وێنەی ئەو ئافرەتە نازدارەمان بۆ دەکێشێ و دەڵێت:
ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد | چاوی کاڵ ئاوریشمێکی زەرد | |
چاوی کاڵ ئەگەرچی نەرمە | بەڵام نیگای ئێجگار گەرمە |
دوای ئەم سەرەتایە جوانەی، لەسەر ھۆنراوەکەی دەڕوات و ئەو کچە نازدارە دەکاتە فریشتەیەکی ئاسمان و ئەوەندە شۆخ و شەنگی دێنێتە بەر چاو، سەد ئاخ و ئەفسووس دەردەبڕێ کە باسی ئەو جوانییەی ھێشتا ھەر درشتە و ناگاتە ئاستی پێویست و بەوردی لە ھەموو لایەنێکییەوە ناتوانێ بدوێ و دەڵێت:
جوانێکی تاک وەک فریشتە | ئاخ وەسفی من زۆر درشتە | |
کوا شیعرێک ورد، خۆش و گەرم | وەک ئەندامی لەشی، نەرم |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.