ھێرشەکانی مومبای ٢٠٠٨
From Wikipedia, the free encyclopedia
هێرشەکانی مومبای ٢٠٠٨ (ھەروەھا پێی دەگوترێت: ٢٦/١١)[1] چەند هێرشێکی تیرۆریستی بوو لەلایەن گرووپێکەوە کە لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ کرایە سەر شاری مومبای لە هیندستان. ھێرشەکە لەلایەن گرووپی لەشکر تەییبە ئەنجام درا کە گرووپێکی پاکستانی بوون، لە ١٢ ناوچەی مومبای چەندین ڕووداوی تەقەکردن و تەقینەوە لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە مومبای ڕوویاندا.[2][3][4] ڕووداوەکە بەخێرایی لە ئاستی جیهان دەنگدانەوەی هەبوو، کە لە ٢٦ی تشرینی دووەم تاکوو ٢٩ی تشرینی دووەم درێژەی کێشا. بەلانی کەم ١٧٤ کەس مردن، لەنێویاندا ٩ چەکدار هەبوون وە زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.[5][6]
ھێرشەکانی مومبای ٢٠٠٨ | |
---|---|
شوێن | مومبای
|
ڕێکەوت | ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ (2008-11-26) – ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ (2008-11-29) ٢١:٣٠ (٢٦/١١) – ٠٨:٠٠ (٢٩/١١) (بەکاتی ھیند (UTC+05:30)) |
چەکوچۆڵ(ەکان) | ئەی کەی-٤٧، ئار دی ئێکس، ئای ئی دی س، ڕوماننە |
قوربانی | ١٦٦ کەس مردن + ٩ چەکداری ھێرشەکە |
ھەنگاونەر(انی) تۆمەتبار | زەکی رەحمان لەکھوی لەشکر تەیبە |
ژمارەی بەشداربووان | ١٠ |
هەشت لە شوێنەکانی هێرشەکە لە باشووری مومبای ڕوویان دابوو لەوانە وێستگەی شەمەندەفەری چاتراپاتی شیڤاجی، ئۆبێرۆی گرووپ،[7] لیۆپۆلد کافێ، نەخۆشخانەی جاما،[7] نەریمان ھاوس کە سەنتەرێکی کۆمەڵگای جوولەکەیە لە مومبای،[8] تاج مەحەل پالاس ھۆتێل،[7] وە مێترۆ سینەما.[9] هەروەها کۆڵانی پشت باڵەخانەی تایمز ئۆف ئیندیا و کۆلێژی ست خاڤێر.[7] تەقینەوەیەکیش لە ناوچەی مازاگاون ڕوویدا.[10] لە بەرەبەیانی ٢٨ی تشرینی دووەم، سەرجەم ناوچەکان کۆنترۆڵ کرایەوە لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی مومبای جگە لە تاج هۆتێل نەبێت. لە ٢٩ی تشرینی دووەم، ھێزی پاسەوانی ئاسایشی نەتەوەیی ھیند (NSG) ئۆپەراسیۆنی بلاک تۆرنادۆیان ئەنجامدا بۆ کوشتنی ئەو چەکدارانەی کە لە تاج هۆتێل مابوونەوە و لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بوون و هێرشەکەیان بۆ سەر مومبای بە کۆتایی ھێنا.[11]
پاکستان ھێرشکردنە سەر مومبای ئیدانە کرد.[12][13] بەھۆی ئەوەی کە ئەجمەل قەساب، یەکێک بوو لە تەقەکەرەکانی ڕووداوەکە، ئەو لە ڕووداوەکە ڕزگاری بوو بەمەش دەرکەوت کە ھێرشکەرەکان سەر بە گرووپی لەشکر تەییبە بوون.[14] حکوومەتی ھیندستان ئەوەی ڕاگەیاند کە چەکدارەکان لە پاکستانەوە هاتبوونە ناو وڵاتەکەی،[15]دواتر پاکستانیش ئەوە دووپات کردەوە کە تەقەکەرە ڕزگاربووەکە هاوڵاتییەکی پاکستانییە.[16] لە ساڵی ٢٠١٨، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، نەواز شەریف ئاشکرایکرد کە پاکستان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ڕووداوی هێرشەکانی مومبای لە ساڵی ٢٠٠٨.[17][18]