ھیچخوازی
فەلسەفەی ڕەتکردنەوەی واقیع / From Wikipedia, the free encyclopedia
ھیچخوازی، ھیچباوەڕی یان توناباوەڕی (بە ئینگلیزی: Nihilism، بە عەرەبی: عدمية • لە Nihil لە لاتینییەوە ھاتووە بە واتای ھیچ) بیر و باوەڕێکی فەلسەفییە کە پێشنیاری باوەڕنەکردن بە یەک یان زیاتر لە لایەنە واتادارەکانی ژیان دەدات. بە گشتی، ھیچخوازی بە شێوازی ھیچخوازیی ھەبوونی دەبیندرێت، بیردۆزەیەکی فەلسەفەیی کە دەڵێت ژیان ھیچ واتا و نرخێکی نییە و مرۆڤەکانیش بێبایەخ و بێ ئامانجن. ھیچخوازە ئاکارییەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە ھیچ ڕەوشتێکی خۆیی بوونی نییە، ھەروەھا ئەو پێوەرە ڕەوشتیانەی کە بە پەسەند داندراون بە تەواوی و واتایی داھێندراون. ھیچخوازی لەوانەیە بە شێوازەکانی مەعریفەتناسی، زانینناسی، یان مێتافیزیکی ببینرێن، واتا لە ڕووی ھیچخوازییەوە، لە ھەندێک لایەنەوە زانین لە توانادا نییە، یانیش واقیع بوونی نییە.
ئەم فەلسەفەیە زۆربەی جار لەگەڵ دەستەواژەی بەڕەڵایی کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت بۆ دەربڕینی ئەو ھەستە بێ ھیواییەی کە کەسێک لەوانەیە درکی پێ بکات دوای زانینی ئەوەی کە ھەبوون بێ سوود و گرنگییە و ھیچ نەریت و یاسا و ڕێسایەک لە ڕاستیدا بوونیان نییە. جووڵانەوەی وەک ڕاپەڕین و داھاتووخوازی لەلایەنی خەڵکی ترەوە بە ھیچخواز لە قەڵەم دراون.
ھەروەھا ھیچخوازی خەسڵەتێکە کە دەدرێتە پاڵ کات و دەمەکان: بۆ نموونە جان بۆدریارد لە پاڵ چەند کەسانێکی تر سەردەمی پۆست مۆدێرنێتی (پۆست مۆدێرنێتی باری ئابووی و کەلتووری کۆمەڵگەیەکە کە دوای نوێخوازی ھاتووەتە ئاراوە) بە ھیچخواز دەزانن، ھەروەھا ھەندێک لە خواناسە دینییەکان و کەسایەتییە دینییە دیارەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە پۆست مۆدێرنێتی یان زۆرینەی لایەنەکانی نوێخوازی ڕەتکردنەوەیەکی باوەڕدارییان لەگەڵدایە، و بێ باوەڕی بە مەزھەبەکانی ئەوان ھیچخوازی دەنوێنێت.
ھیچخوازی زۆرجار دەدرێتە پاڵ ڕەشبینی و شکی تۆخ کە ھەبوون ڕیسوا دەکات. وا باوە لەلای خەڵکی کە ھیچخوازێکی ڕاستەقینە بڕوای بە ھیچ شتێک نییە، دڵسۆز نییە و لەوانەیە ھیچ مەبەستێکی نەبێت لە لەناوبردن زیاتر. ھیچخوازی زۆرجار دەدرێتە پاڵ فەیلسەسوف فریدریش نیچە، کە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کاتێک دێت کە کاریگەرییە مەزنەکانی ھەموو دین و بیر و باوەڕی ئاکاری و زانستی مێتافیزیکی لەناودەبات، و گەوەرەترین کارەسات دروست دەکات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لە زووەکانی سەدەی ١٩ھەمدا، فریدریش یاکوبی ئەم دەستەواژەیەی بەکارھێنا بۆ وەسفکردنی ئایدیالیزم بە شێوەیەکی خراپ. ھیچخوازی کاتێک بەناوبانگ بوو کە یەکێک لە ڕۆماننووسە ڕووسییەکان بەناوی ئیڤان ئێس تەرگینێڤ لە ڕۆمانەکەیدا بە ناوی باوکەکان و کوڕەکان (١٨٦٢) دەستەواژەکەی بەکارھێنابوو. لەدوای ئەمەوە لە ڕووسیا جووڵەیەکی گەورە ھاتە ئاراوە کە ھەموو دەسەڵاتێکیان ڕەتدەکردەوە، وەک دینەکان و حکوومەت و دەسەڵاتدارەکان (١٨٣٠–١٩١٧).