ھۆستل
From Wikipedia, the free encyclopedia
ھۆستل (بە ئینگلیزی: Hostel) شوێنی مانەوەی ھەرزانە کە میوانێک دەتوانێت تەختێکی خەوتن بەکرێ بگرێت، زۆربەی کات تەختەکە دوونھۆمە یان زیاتر. ھۆستل ھاوشێوەی بەشە ناوخۆیی، ھەریەکە لە حەمام، شوێنی پشوودان، ھەندێکجار چێشتخانە لەنێوان میوانەکانی بەشدەکات. ژوورەکان دەکرێن یەک ڕەگەز یان ڕەگەزی جیاواز تێیدا بمێننەوە، ھەروەھا دەکرێت ژوورێکی تایبەت بێت بۆ یەک کەس. لە ٢٠١٠ەوە، زۆربەی ھۆستلەکان وای-فای بۆ میوانەکانیان دابیندەکەن. زۆرینەی کات نرخی ھۆستل لە ھۆتێل و بەکرێگرتنی ماڵ ھەرزانترە، ھەربۆیە خەڵکانێک ھەن بۆ ماوەیەکی درێژ لە ھۆستل دەمێننەوە لەبڕی بەکرێگرتنی ماڵێک.
لەوڵاتانی نیمچەکیشوەری ھیندی و باشووری ئەفریقا، وشەی ھۆستل بۆ شوێنی مانەوە یان بەشەناوخۆیی قوتابیان لە خوێندنگا و زانکۆکانیش بەکاردەھێنرێت. ئەمەش لەوکاتەی بەشێوەیەکی گشتی لەزۆربەی وڵاتان وشەی ھۆستل بۆ شوێنی مانەوەی ھاوبەشیکراو لەنێو گەشتیاران و باکپاکەرەکان بەکاردێت.
ڕێکخراو و کۆمەڵەی ھۆستلەکان لەوانە ھۆستل ئینتەرناشیۆنال یان زۆستل لە ھیندستان، ھەوڵدەدەن کە بەبازاڕکردنێکی تایبەت بە میوانی تایبەت ڕێکبخەن، نموونە پۆلینکردنی ھۆستلەکان بەپێی چالاکی کۆمەڵایەتی، گەڕانی گەشتیاری لە شوێنە لۆکاڵییەکان، سەیرکردنی فیلمی سینەمایی بەکۆمەڵ، کۆبوونەوەی خوانی ئێوارە یان ھۆستلی ھێمن و ئاسوودە بۆ خەوتن.[1][2] ھۆستلە نوێیەکان لە ئێستادا گرنگی زیاتر بە دیزاینی ناوەوە دەکەن، کە دەتوانین پۆلینی بکەین لەگەڵ ھۆتێلە بۆتیکییەکان.[3][4]
نزیکەی ١٠ ھەزار ھۆستل لە ئەورووپا، ٣٠٠ ھۆستل لە ئەمریکا بوونیان ھەیە.[5] ئەوانەشی کە سەردانی ھۆستلەکان دەکەن تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٣٤ ساڵانە زیاتر.[6] ھەندێ لە میوانەکانی ھۆستل حەزیان بە گەشتی شێوازی کۆنە یانیش دەیانەوێت شوێنی خەوتنیان ئاسوودەتربێت، بۆ ئەوە دەتوانن ژووری تایبەتی بۆخۆیان بگرن لە ھۆستل، مەرج نییە ھەموو ھۆستلێکیش ژووری تاکەکەسی دابینکردبێت.[7][8] لە پاڵ دابینکردنی چێشتخانەیەکی ھاوبەش، ھەندێ ھۆستلەکان مەیخانە و ڕێستورانتیشیان ھەیە.[9] زۆرکات جلشۆر و وشکەکەرەوە دابین دەکرێت لەبەرامبەر بڕێک پارەی زیاتر لە کرێی مانەوەی میوان. ھەندێک لە ھۆستلەکان کۆگایان ھەیە بۆ ھەڵگرتنی کەلووپەلی میوانەکان، ھەندێکیشیان لۆکەر بەکاردێنن کە بەخۆڕایییە بەڵام لەبەرامبەر قوفلەکەی بڕێک پارە وەردەگرن ئەگەر میوان بییەوێت قوفل بەکاربھێنێت. ھۆستلەکان چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخەن وەکو یۆگا، سەیرکردنی فیلم، ئاھەنگی سەربان یان مەلەوانگە و چالاکی جۆراوجۆری دیکە.[10]
بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣ ئەوەی دەرخست کە کەرتی گەشتیاری بۆ وڵاتانی جیھان لە نێو گەنجەکان زیاتر بووە، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ خێراگەشەکردنی کەرتی ھۆستل لەبەرامبەر ھۆتێل. ھەر بەپێی ئەو توێژینەوەیە ئەوا ئەوەی پشاندا کە گەنجەکان زیاتر دەمێننەوە لە گەشتەکانیان بەراورد بە گەشتێکی ئاسایی و باو. لە ساڵی ٢٠٠٧، ڕێژەی ١٣٫٥٪ میوانەکانی نیوزلاند لە ھۆستل مانەوە.[11][12]