ھاوپەیمانانی جەنگی جیھانیی یەکەم
From Wikipedia, the free encyclopedia
ھاوپەیمانان یان زلھێزە یەکگرتووەکان، ھاوپەیمانییەکی سەربازی نێودەوڵەتیی بوو بە سەرۆکایەتی فەڕەنسا، شانشینی یەکگرتوو، ڕووسیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و ژاپۆن لە دژی زلھێزە ناوەندییەکانی ئەڵمانیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و بولگاریا لە جەنگی جیھانیی یەکەم (١٩١٤–١٩١٧).[1]
دوای ئەوەی حکومەتی سڕبیا ڕای گەیاند کە ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان لەسەر سنوورەکانی وڵاتی سڕبیا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات، بۆیە سوپای سڕبیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و داوای ھاوکاری لە ڕووسیا کرد.[2] لە ٢٨ی تەممووزدا ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان شەڕی دژ بە سڕبیا ڕاگەیاند و ئاشتی سنوورەکانی نێوان زلھێزانیی ئەورووپا بە خێرایی داڕما.
لە ماوەی ھەفتەیەکدا ڕووسیا، بەلجیکا، فەڕەنسا، بەڕیتانیا و سڕبیا لە دژی نەمسا-مەجارستان و ئەڵمانیا شەڕیان ڕاگەیاند و جەنگی جیھانیی یەکەم دەستی پێکرد. بەم شێوەیەش ھاوپەیمانییەتییەکی کاتی دامەزرا،[3] تا دواتر لە ٤ی نیسانی ١٩١٧ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگیدا بۆ پشتگیریکردن لەو وڵاتانەی لە دژی ئەڵمانیا لە شەڕدان. ئەمریکا لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩١٧ شەڕی دژ بە ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان و ھاوپەیمانانی ئەڵمانیا ڕاگەیاند، بەمەش بەرەی ھاوپەیمانان کە لە دژی ئەڵمانیا و نەمسا-مەجارستان دروست ببوون، بەھێزتر بوو و شەڕەکەی بەرەو یەکلایی بوونەوە برد.[4]