![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/1/1a/Irritable_bowel_syndrome.jpg/640px-Irritable_bowel_syndrome.jpg&w=640&q=50)
کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار
تێکچوونێکی فرمانی ھەرسەکۆئەندامە کە جیادەکرێتەوە بە کۆمەڵێک نیشانەی وەک ئازاری سک، ھەوای سک، و گۆڕانی شێوازی پیساییکردن؛ لە نەبوونی هیچ ه / From Wikipedia, the free encyclopedia
کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار یان گرژەکۆڵۆن تێکچوونێکی فرمانی ھەرسەکۆئەندامە کە جیادەکرێتەوە بە کۆمەڵێک نیشانە کە زیاتر باون بە ئازاری سک، بای سک، و گۆڕانی شێوازی پیساییکردن.[1] ئەم نیشانانە دەکرێت ڕووبدەن بە ماوەیەکی درێژ، ھەندێکجار بۆ چەندین ساڵ.[2] گرژەکۆڵۆن دەکرێت کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر کواڵێتی ژیان و لەوانەشە ببێتە ھۆی دواکەوتن بۆ قوتابخانە، کار، یاخود کەمبوونەوەی بەرھەمداری لە کاردا.[3] تێکچوونەکانی وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکیی گەورە، و کۆنیشانی ماندووێتیی درێژخایەن باون لەنێو نەخۆشانی گرژەکۆڵۆن.[1][4][5]
ھۆیەکانی گرژەکۆڵۆن دەکرێت فرەلایەن بێت.[2] بیردۆزەکان بریتین لە تێکەڵەیەک لە کێشەکانی تەوەرەی ھەرس-مێشک، گۆڕان لە جووڵەی ھەرس، فرەھەستیاری ئەندامەکان، تەشەناکان بە زیادەگەشەی بەکتریای ڕیخۆڵەباریکەشەوە، دەمارەگوێزەرەوەکان، ھۆکارە بۆماوەیییەکان، و ھەستیاری خۆراک.[2] دەستپێکەکەی لەوانەیە دنە بدرێت بەھۆی گوشاری ڕووداوێکی ژیان،[6] یان تەشەنایەکی ڕیخۆڵە.[7] کە لەدۆخی دووھەمیاندا، پێیدەوترێت کۆنیشانی ڕیخۆڵەی ھەستیاری پاش-تەشەنا.[7]
دەستنیشانکردن لەسەر بنەمای نیشانەکان دەبێت لە نەبوونی خەسڵەتە نیگەرانکەرەکان و پاش ئەوەی دۆخە مەترسیدارەکانی تریش بەلاوەنرابن.[7] خەسڵەتە یاخود «زەنگە» نیگەرانکەرەکان ئەمانە دەگرێتەوە؛ دەستپێکی نەخۆشییەکە دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی، دابەزینی کێش، خوێن لە پیسایی، یان پێشینەی خێزانی بۆ نەخۆشیی ھەوکردنی ڕیخۆڵە.[7] ئەو دۆخانەی تر کە دەکرێت ھاوشێوە دەربکەون بریتین لە نەخۆشی گەنم، کۆڵۆنەھەوکردنی مایکڕۆسکۆپی، نەخۆشیی ھەوکردنی ڕیخۆڵە، بەدھەرسیی ترشی زراو، و شێرپەنجەی کۆڵۆن.[7]
چارەسەری کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار ئامانجی باشترکردنی نیشانەکانە لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە ڕژێمی خۆراک، دەرمان، پڕۆبایۆتیک، و ڕاوێژی پزیشکی.[8][9] گۆڕانکاری لە ڕژێمی خۆراک، زیادکردنی بڕی ڕیشاڵی تواوە دەگرێتەوە لە خۆراکدا یان پەیڕەوکردنی «low-FODMAP». دەرمانەکانی وەک لۆپێرەماید بۆ سکچوون و شلکەرەوەکانیش بۆ قەبزی سوودیان دەبێت. دژەخەمۆکییەکان، ھەتا بە ژەمی کەمیش، دەتوانن نیشانە و ئازارەکان کەمبکەنەوە. ھەروەھا زانیاریدان بە نەخۆش و پەیوەندییەکی بەھێزی دکتۆر-نەخۆش بنچینەن بۆ چارەسەر.[8][10]
وا بڕوادەکرێت نزیکەی ١٠–١٥٪ ی دانیشتووانی وڵاتانی پێشکەوتوو کارتێکراوبن بە گرژەکۆڵۆن.[1][11]بەربڵاوییەکەی دەگۆڕێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر (١٫١٪ - ٤٥٪) بەھەمان شێوە پێوەرەکانی پێناسەکردنیشی؛ ھەرچۆنێک بێت کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی چەند توێژینەوەیەک بە ١١٫٢٪ دەیخەمڵێنن.[12] ئەم نەخۆشییە زیاتر باوە لە ئەمریکای باشوور و بە ڕێژەیەکی کەمتر باوە لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا.[7] لە جیھانی ڕۆژاواییدا، دوو ھێندە باوترە لەنێوان ژناندا وەک لە پیاوان و بە ئاسایی لە خوار تەمەنی ٤٥ ساڵییەوە ڕوودەدات.[1] بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ژنان ئەگەری تووشبوونیان زیاتر نییە لە پیاوەکانیان، کە دەرخەری ڕێژەی کەمتری ژنانی تووشبووە لەو ناوچانەدا.[13] ھەروەھا بەڵگە ھەیە کە پیاوان لە ئەمریکای باشوور، ئاسیای باشوور، و ئەفریقا بەراورد بە ژنەکانیان ھەمان ئەگەری تووشبوونیان ھەیە بە نەخۆشییەکە ئەگەر زیاتر نەبێت.[14] نەخۆشییەکە وا دەردەکەوێت کەمتر باو بێت لەگەڵ بەساڵاچووندا.[7] کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار تەمەنی پێشبینیکراو کەم ناکاتەوە یاخود سەرناکێشێت بۆ نەخۆشیی مەترسیدار.[15] یەکەم وەسفکردنی نەخۆشییەکە لە ساڵی ١٨٢٠ بوو، بەڵام ئەم دەستەواژەیەی ئێستا کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار ھاتە بەکارھێنان لە ١٩٤٤ دا.[16]