کونەڕەش
تەنێکی گەردوونییە کە ھیچ شتێک ناتوانێت لێی دەرباز ببێت / From Wikipedia, the free encyclopedia
کونەڕەش یان کونی ڕەش (بە ئینگلیزی: Black hole) بریتییە لە بۆشایییەک کە لە گەردوون بە شێوەی کونێکی ڕەش دەردەکەوێت. کونەڕەشەکان توانای ڕاکێشانی ھەر شتێکیان ھەیە بۆ ناوەوەیان، کە لە نزیکیانەوە تێپەڕبێت، گەر ئەو تەنە بە سەدان جار لە خۆشیان گەورەتر بێت.
ئەو کۆمەڵە ئەستێرە کوژاوانەیە کە بە ئامڕازە تێڕوانینەکانی وەک تلیسکۆب نابینرێت، بەھۆی ئەو کاریگەرییەی دەیخاتە سەر چواردەورەکەی و ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەوریدا ڕوو دەدات، ئینجا دەتوانین لە بوونی کونە ڕەشەکان ئاگادار بین،[1] ئەگەر بارستایی یەکێک لە ئەستێرەی دامرکاو لە سێ ئەوەندەی بارستایی ڕۆژ زیاتر بێت و کرداری گرژبوونەوە و داپەستان تیای دا بەردەوام بوو تا بە تەواوی دابمرکێ تێیدا ئەوا ھێزی کێشکردن بەسەر ھەموو ھێزەکانی تر زاڵ دەبێت و ئەستێرەکە دەچێتەوە یەک و چڕییەکەی زۆر زیاد دەکات، ئەوکاتە دەگۆڕێت بۆ ئەستێرەیەکی زۆر تاریک پێی دەوترێت کونی ڕەش[2]
کونی ڕەش لاشەیەکە کە ھێزی کێشکردنێکی زۆر بەرزی ھەیە بەڕادەیەک کە ڕێگری دەکات لە دەرچوون و دەربازبوونی ڕووناکی، بڕوا وایە کە کونی ڕەش دوا قۆناغی تەمەنی ئەستێرەکانە،[3] کونی ڕەش بریتییە لە ناوچەیەک کە ھێزی کێشکردن ئەوەندە بەھێزە بەڕادەیەک کە ھیچ زانیارییەکی تەنەکان یاخود ھیچ ئاماژەیەک نەتوانێت لێی دەرباز ببێت[4][5]
کونەڕەش چەقەکەی (ناوەندەکەی) بەوە جیا دەکرێتەوە کە ھێزێکی ڕاکێشەری(ڕاکێشانی) زۆر گەورەی ھەیە لە ناکۆتا نزیک دەبێتەوە بە شێوەیەک کە توانای ھەڵلوشینی ھەموو ئەو شتانەی ھەیە کە لێی نزیک دەبنەوە لەوانە مرۆڤ، کەشتی ئاسمانی، گەرمی، ھەتا ئەستێرەیەک یان ھەسارەیەکیش و تەنانەت ڕووناکی سەرەڕای ئەو خێرایییە زۆرەی کە ھەیەتی ناتوانێت ڕزگاری بێت لەو ھێزە ڕاکێشەرەی کە دەبێتە ھۆی کەوتنە ناوەوەی بۆ ناو ئەو کونە و ھەڵلووشینی. ھەرگیز ڕووناکی ناتوانێت لەو کونە بێتە دەرەوە لەبەر ئەوە تاریکە و ناتوانرێت ببینرێت. کونە ڕەشەکان پارچە پارچە نابن و بچووکیش نابنەوە، بەڵکو بەھۆی ھەڵلوشینی شتەکانی دەوروپشتییانەوە بەردەوام لە گەورەبووندان بۆیە ھێزی کێشکردنیان زۆر دەبێت تاوای لێدێت دوور نییە ئەو گەلە ئەستێرەیەش قووت بدات کە خۆی بەشێکە لێی، و وردە وردە بکەوێتە پەل ھاویشتن بۆ گەلە ئەستێرەکانی دیکەش.
زانست چەند لێکدانەوەیەکی سەبارەت بەم نھێنییە ئەنجامداوە و چەندەھا ڕا و بۆچوون ھەیە لەبارەی دروستبوونی ئەو چاڵانەوە، یەکێک لەو ڕایانە دەڵێت ھەموو شتێک لە گەردووندا ژیانی بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت، ئەم یاسا گەردوونییە ئەستێرەکانیش دەگرێتەوە کە بریتییە لە قۆناغی لەدایکبوون و گەورەبوون و گەشەکردن و لە دوایشدا قۆناغی لاوازی و پیربوون و لە ناوچوونە واتە مردن، زاناکان پێیان وایە ئەم چاڵە ڕەشانە لە دوایین قۆناغی دوا ھەمینی ژیانی خۆیاندان و دەڵێن ھەرکاتێک قەبارەی تەنێک زیاد دەبێت بەو پێیەش ھێزی ڕاکێشانی ئەو تەنە زیاد دەکات، بەپێی ئەم تیۆرییەش چاڵە ڕەشەکان لە قۆناغی گەورەبونێکی ئێجگار زۆردان بۆیە ھێزی ڕاکێشانیان بە شێوەیەکی سەرسووڕھێنەر زیادی کردووە و ھەموو شتێک بەرەو لای خۆیان کێش دەکەن تەنانەت تیشکیش ناتوانێت لە کایەی ڕاکێشانی ئەو چاڵانە ڕزگاری ببێت.
ھەندێک زانا پێیان وایە چاڵە ڕەشەکان پاشماوەی ئەو ئەستێرە گەورانەن کە تەقیونەتەوەو لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەش گەرمایییەکی زۆر بەجێ ماوە لە بۆشایی گەردووندا و لە پاش ئەم تەقینەوەیەش جارێکی تر کۆبووەتەوە و ئەستێرەیەکی نیوترۆنییان دروست کردووە کە تیرەکەی ١٠ کیلۆمەتر دەبێت. چاڵە ڕەشەکان لە گەردیلەی نیۆترۆنی دروستبوون و چڕییەکی ئێجگار زۆریان ھەیە، چڕییەکەیان ھێندە زۆرە ئەگەر بە ئەندازەی کەوچکی چایەک لەو ماددەیە و بە تەرازویەک بیکێشین دەبینین کێشەکەی نزیکەی یەک ملیارد تەن قورسە. چاڵە ڕەشەکان لە گەردوونودا بە خێرایییەکی زۆر لە ھاتوچۆیەکی بەردەوام دان و لە کاتی ئەو ھاتوچۆکردنەشدا ھەر شتیک لێییان نزیکببێتەوە بە خێرایی ھەڵی دەلووشن تەنانەت تیشکیش، لە بەر ئەم ھۆیە ناتوانرێن بەئاسانی ببینرێن مەگەر لە کاتیکدا نەبێت کە ڕوبەڕی ئەستێرەک دەوەستێن.
ھەندێک زانای دیکە وایان پێناسە دەکەن کە وەک پاکژکەرەوەیەکی گەردوونی وەھان بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرانەی کە ژیانیان تێدانەماوە بۆ جیھانیکی دیکە، یەکێک لەو سیفەتە سەیرانەی کە ئەم چاڵانە ھەیانە ئەوەیە لە پاش لووشدانی ھەر تەنێک ئەو تەنە بە شێوەیەک لە گەردووندا ون دەبێت کە دەڵێی ھەرگیز بوونی لەم جیھانەدا نەبووە.