![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/8/82/SEM_blood_cells.jpg/640px-SEM_blood_cells.jpg&w=640&q=50)
ژینناسیی خانەیی
لێکۆڵینەوەی زانستیی خانەکان / From Wikipedia, the free encyclopedia
ژینناسیی خانەیی (ھەروەھا ژینناسیی خانە یان خانەناسی) لقێکی ژینناسییە کە لێکۆڵینەوە لە پێکھاتە، کار و ئاکاری خانەکان دەکات.[1][2] ھەموو ئۆرگانیزمە زیندووەکان لە خانەکان پێک ھاتوون. خانە یەکەی بنەڕەتیی ژیانە کە لە ژین و کارکردنی ئۆرگانیزمەکان بەرپرسە.[3] ژینناسیی خانەیی لێکۆڵینەوەی یەکە پێکھاتەیی و کردارییەکانی خانەکانە. ھەردووک خانە ناوک سەرەتایی و ناوک ڕاستەقینەکان دەگرێتەوە و چەندین ژێربابەت لەخۆ دەگرێت لەوانە لێکۆڵینەوەی مێتابۆلیزمی خانەیی، ڕاگەیێنیی خانەیی، سووڕی خانە، زیندەکیمیا و پێکھێنانی خانە. لێکۆڵینەوەی خانەکان بە بەکارھێنانی چەند تەکنیکی وردبینی، خانەچاندن و کەرتکەرتکردنی خانەیی ئەنجام دەدرێت. توێژینەوە لە ژینناسیی خانەیی لەگەڵ چەندین بواری تری وەک جێنەتیک، جێنەتیکی گەردی، ژینناسیی گەردی، وردەژینناسیی پزیشکی، بەرگریناسی، و کیمیای خانەیی پێکەوەبەستراوە.