چا
جۆرێک خواردنەوە / From Wikipedia, the free encyclopedia
چا یان چایی چای ناوێکی چینییە بەکاردێت بۆ ئەو درەخت و دەوەن و گەڵا و خواردنەوەیەی لە گەڵا دروستدەکرێت، ڕوەکەکەی ھەردەم سەوزە، و شوێنی بنەڕەتی ڕۆژھەڵاتی ئاسیایە، لە شوێنی خۆیدا تا ٩ مەتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە کێڵگەکاندا دەوەنی بچووکن درێژییان ٩٠–١٥٠ سم. گەڵاکانی ڕمییە لە شێوەدا و ڕەنگی سەوزی تۆخە، وگوڵەکانی سپی زەردباوی بۆنخۆشە، ولە سەدەی ھەشتدا چێنراوە بە شێوەیەکی بازرگانی.
چا بە خواردنەوەیەک ھەژمار دەکرێت کە زۆرترین بەکارھێنانی ھەیە لە دوای ئاوەوە، و گرنگترین وڵاتانی بەرھەمھێنی چا ئەمانەن: ھیند، چین، سریلانکا، ئەندەنووسیا و ژاپۆن. و ئەو وڵاتانەی زۆرترین وەری دەگرن، شانشینی یەکگرتوو، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، ڕووسیا، کەنەدا، ھۆڵەندا. چاندنی پێویستی بە خاکێکی پاراوی سووک ھەیە، لەگەڵ کەشێکی گەرم، و ھەوای شێدار و بارانێکی زۆر. گەڵاکانی بە سەوزی بە دەست لێدەکرێنەوە و وازیان لێ دەھێنرێت تا وشک دەبن.
تامی چا ھۆکارەکەی زەیتێکی فڕۆکە، تایبەتمەندیی بێدارکردنەوەی ھەیە بەھۆی ئەو کافایینەی تیایەتی، لە ناودارترین و بەچێژترین خواردنەوەکانە لە جیھاندا، لە شێوە و تامی جیاوازا پێشکەش دەکرێت و ئامادەکردنی پێنج دەقیقە دەخایەنێت، خەڵک جیاوازن لە خواردنەوەی چادا، ھەندێک زۆر پێیان خۆشە، ھەندێکی تر بە شیرەوە پێیان خۆشترە وھەندێک بە سادەیی.