پووسی پووت لەپێ: کۆتا خۆزگە
From Wikipedia, the free encyclopedia
پووسی پووت لەپێ: کۆتا خۆزگە (بە ئینگلیزی: Puss in Boots: The Last Wish) ھەروەھا بە پووسی پووت لەپێ ٢ ناسراوە، فیلمێکی ئەنیمەیشنی کۆمپیووتەریی سەرکێشیی ئەمریکیی ٢٠٢٢-ە، لەلایەن دریم وۆرکس ئەنیمەیشن بەرھەم ھێنراوە، و لەلایەن یوونیڤەرساڵ پیکچەرز دابەش کراوە. درێژەی فیلمی پووسی پووت لەپێ (٢٠١١) و ھەروەھا شەشەم فیلمی پاشکۆی شڕێکە. لەلایەن جۆڵ کرۆفۆرد لەگەڵ جانوێل مێرکادۆ دەرھێنراوە، ھەروەھا پۆڵ فیشەر کاری نووسینی بۆ کردووە. ئانتۆیۆ باندراس و سەلما ھایێک ڕۆڵی دەنگی پووس و کیتی لە پووسی پووت لەپێ دەردەبڕن و ھەروەھا ئۆلیڤیا کۆلمەن، ھارڤی گیلێن، سامسۆن کایۆ، واگنەر مۆرا، ئەنتۆنی مێندێز، جۆن مولانی، فلۆرێنس پیوو، دوین جۆی ڕاندۆڵف و ڕەی وینستۆنیش وەک کەسایەتیی نوێ دەردەکەون. فیلمەکە دوای ڕووداوەکانی فیلمی شڕێک بۆ ھەمیشە (٢٠١٠) دانراوە، و ئەم فیلمە شوێنی گەشتی پووسی پووت لەپێ دەکەوێت، کە دوای لەدەستدانی ٨ لە ٩ ڕووحی خۆی، دەیەوێت ئەستێرەیی خۆزگەکان بدۆزێتەوە و بۆ ئەوەی ٨ ڕووحەکەی بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ کیتی ئەم گەشتە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا گۆڵدی و جاک ھۆنەری گەورە و گورگی مەرگ ڕاوی ئەوان دەنێن و وەک دوژمنێک لە فیلمەکەدان.
پووسی پووت لەپێ: کۆتا خۆزگە | |
دەرھێنەر | جۆل کراوفۆرد |
---|---|
بەرھەمھێنەر | مارک سویفت |
چەشنی فیلم | سەرکێشی ڕۆمانسی کۆمیدی خێزانی |
کاست | ئانتۆیۆ باندراس سەلما ھایێک ئۆلیڤیا کۆلمەن واگنەر مۆرا سامسن کایو |
مۆسیقا | ھێیتۆر پێریرا |
دەستکاری | جەیمز ڕیان |
کۆمپانیای بڵاوکەرەوە | یوونیڤەرساڵ پیکچەرز |
ڕێکەوتی دەرچوون | ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ (ئەمریکا) |
ماوەی فیلم | ١٠٢ خولەک |
وڵات | ئەمریکا |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | ٩٠ ملیۆن دۆلار |
داھات | ٢٥٣٬١ ملیۆن دۆلار |
بەشی پێشوو | پووسی پووت لەپێ (٢٠١١) |
بەشی دواتر | نییەتی |
پلاندانان بۆ درێژەی فیلمی پووسی پووت لەپێ لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢ دەستی پێ کرد، کاتێک بەرھەمھێنەری جێبەجێکار گیلەرمۆ دێل تۆرۆ ڕای گەیاند کە کەسایەتیی سەرەکی دەباتە سەرکێشییەک بۆ «شوێنێکی زۆر سەرسووڕھێنەر». ھەروەھا ڕای گەیاندووە کە چەندین ڕەشنووس بۆ سیناریۆکە تەواو بووە. بەپێی زانیارییەکانی باندێراس، کارکردن لەسەر درێژەکە لە نیسانی ٢٠١٤ دەستی پێ کردووە. ناوی فیلمەکە لە حوزەیرانی ٢٠١٤ بە ناوی پووسی پووت لەپێ: ٩ ڕووح و ٤٠ دز ڕاگەیەندرا. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیلومینیشن کریس ماڵداندری وەک بەرھەمھێنەری جێبەجێکار پشتڕاست کرایەوە. لە شوباتی ساڵی ٢٠١٩دا ڕاگەیەندرا کە فیلمەکە لە دەرھێنانی بۆب پێرسیچێتییە، کە یەکێکە لە سێ دەرھێنەرەکەی فیلمی پیاوی جاڵجاڵۆکە: بۆناو جیھانی جاڵجاڵۆکەی سۆنی پیکچەرز ئەنیمەیشن. دواتر کرۆفۆرد لە شوباتی ٢٠٢١ وەک ڕاھێنەری نوێ لەگەڵ مێرکادۆ دەستنیشان کرا. زۆربەی ڕۆڵی دەنگی نوێ لەگەڵ ئەندامانی ڕۆڵی دەنگی دووبارە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ ناسێنران. لەبڕی ئەوەی شێوازی فیلمەکە ڕاستەقینەتر دەربکەوێت کە لە فیلمی شڕێک (٢٠٠١)دا بەکارھێنرا، تیمەکە زیاتر سەرنجیان لەسەر دیزاینی شێوازی نیگارکێشان بوو بۆ ئەوەی فیلمەکە وەک جیھانێکی چیرۆکی دەرکەوێت بە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.
پووسی پووت لەپێ: کۆتا خۆزگە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سینەماکانی ئەمریکا لەلایەن کۆمپانیای یوونێڤەرساڵ پیکچەرزەوە نمایش کرا. داھاتی فیلمەکە لە سەرانسەری جیھاندا زیاتر لە ٣٧٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرتووە، کە ستایشی ئەنیمەیشن، چیرۆک، زنجیرە ئەکشنییەکەی، شێوازی بینراو، تەوەر، نواندنی دەنگی و نوکتەی فیلمەکەیان کردووە، و ھەروەھا زۆرێکیان لە فیلمی پێشووتری بە باشتر دەزانن. فیلمەکە بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن لە ٨٠ھەمین خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، ھەروەھا خەڵاتی فیلمی ھەڵبژاردەی ڕەخنەگران بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی درێژ پاڵێوراوە.