کارەساتی فەلەستین From Wikipedia, the free encyclopedia
نەکبە (کارەسات) (بە عەرەبی: النَّکْبَة) کارەساتی فەلەستین، پاکتاوی نەتەوەیی[1] فەلەستینییەکانە لە ڕێگەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و زەوتکردنی زەوی و موڵک و کەلوپەلەکانیان، لەگەڵ لەناوبردنی کۆمەڵگاکەیان و سەرکوتکردنی کولتوور و ناسنامە و مافە سیاسییەکان و خواستە نەتەوەیییەکانیان.[2] ئەم زاراوەیە بۆ وەسفکردنی ڕووداوەکانی شەڕی فەلەستین لە ساڵی ١٩٤٨ و ھەروەھا چەوسانەوە و ئاوارەبوونی بەردەوامی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکاردێت.[3] بە گشتی، تێکشکاندنی کۆمەڵگەی فەلەستینی و ڕەتکردنەوەی درێژخایەنی مافی گەڕانەوە بۆ پەنابەرانی فەلەستینی و نەوەکانیان دەگرێتەوە.[4][5]
لە کاتی ڕووداوە سەرەتایییەکانی نەکبە لە ساڵی ١٩٤٨، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی فەلەستین کە زۆرینەیان عەرەب بوون، یان نزیکەی ٧٥٠ ھەزار کەس،[6] لە ماڵەکانیان دەرکران یان لە ڕێگەی توندوتیژی جۆراوجۆرەوە وایان لێکرا ھەڵبێن، سەرەتا لەلایەن میلیشیا زایۆنیستەکانەوە و دوای دامەزراندنی لە دەوڵەتی ئیسرائیل، لەلایەن سوپاوە. دەیان کۆمەڵکوژی عەرەبی فەلەستینییان کردە ئامانج و زیاتر لە ٥٠٠ شارۆچکە و گوند و گەڕەکی شار کە زۆرینەیان عەرەب بوون چۆڵکران،[7] لەگەڵ زۆرێک لەوانە یان بە تەواوی وێران کران یان لەلایەن جوولەکەکانەوە ئاوەدان کرانەوە و ناوی نوێی عیبرییان لێنرا. تا کۆتایی شەڕەکە ٧٨٪ی کۆی ڕووبەری زەوی فەلەستینی مێژووی لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکرابوو.
گێڕانەوەی نەتەوەیی فەلەستین، نەکبە وەک زەبرێکی بەکۆمەڵ دەبینێت کە ناسنامەی نەتەوەیی و خواستە سیاسییەکانیان دیاری دەکات. گێڕانەوەی نیشتمانی ئیسرائیل نەکبە وەک پێکھاتەیەکی شەڕی سەربەخۆیی و سەروەری ئیسرائیل دەبینێت،[8] لە ھەمان کاتدا نکۆڵی یان ئینکاری ئەو توندوتیژیانە دەکات کە ئەنجامدراون، بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە فەلەستینییە دەرکراوەکان بە ئارەزووی خۆیان ڕۆیشتوون، یان دەرکردنیان پێویست بووە. ئینکاری نەکبە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا زیاتر ڕوبەڕوی تەحەدا بووەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن مێژوونووسە نوێیەکانەوە، ھەرچەندە گێڕانەوەی فەرمی نەگۆڕاوە.[8][9][10]
فەلەستینییەکان ١٥ی ئایار وەک ڕۆژی نەکبە یاد دەکەنەوە، کە ڕۆژێک دوای ڕۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیل یادی ڕووداوەکانی شەڕ دەکەنەوە.[11][12] لە ساڵی ١٩٦٧ دوای جەنگی شەش ڕۆژە، زنجیرەیەکی دیکەی کۆچی فەلەستینییەکان ڕوویدا ئەمەش بە نەکسە ناسرا، و ھەروەھا ڕۆژی تایبەتی خۆی ھەیە کە ٥ی حوزەیرانە. نەکبە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کولتوری فەلەستین ھەبووە و ھێمایەکی بنەڕەتی ناسنامەی نەتەوەیی فەلەستینی ئێستایە لەگەڵ کارەکتەری کارتۆنی سیاسی حەنزەڵە و جەمەدانەی فەلەستینییەکان و کلیلی فەلەستینی ساڵی ١٩٤٨. چەندین کتێب و گۆرانی و شیعر لەسەر نەکبە نووسراون. [13]
ڕەگ و ڕیشەی نەکبە دەگەڕێتەوە بۆ ھاتنی زایۆنیستەکان و کڕینی زەوی لە فەلەستینی عوسمانی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا.[14] زایۆنیستەکان دەیانویست دەوڵەتێکی جوولەکە لە فەلەستین دروست بکەن کە زۆرترین خاک و زۆرترین جوولەکە لەخۆبگرێت و کەمترین عەرەبی فەلەستینی تێدابێت.[15]لەوکاتەدا ئینگلیزەکان لە پەیمانی بەلفۆر لە ساڵی ١٩١٧ لە کاتی جەنگی جیھانی یەکەمدا پشتیوانی فەرمی خۆیان بۆ زایۆنیزم ڕاگەیاند،[16] ژمارەی دانیشتووانی فەلەستین نزیکەی ٧٥٠ ھەزار کەس بوون، کە ٩٤٪ عەرەب و ٦٪ جوولەکە بوون. [17]
دوای دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ئینتیدابی بەریتانی [18] دەستیپێکرد. تا ئەو کاتە ژمارەی جوولەکەکان بۆ نزیکەی ١٠٪ زیادی کردبوو. [19] ھەردوو پەیمانی بەلفۆر و ئینتیدابی فەلەستین ئاماژەیان بە ٩٠٪ی دانیشتووانی عەرەب کردووە بە «کۆمەڵگەی غەیرە جوولەکە».[20]
دوای جەنگی جیھانی دووەم و ھۆلۆکۆست، لە شوباتی ساڵی ١٩٤٧، بەریتانییەکان ڕایان گەیاند کە کۆتایی بە ئینتیدابی فەلەستین دێنن و داھاتووی فەلەستین دەخەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان.[21] لیژنەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستین (UNSCOP) دروست کرا، و لە مانگی ئەیلوولدا، ڕاپۆرتێکی پێشکەش بە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پێشنیاری دابەشکردنی فەلەستینی کرد.[22] فەلەستینییەکان و زۆربەی کۆمکاری عەرەبی دژایەتی ئەو دابەشکردنەیان دەکرد.[23] زایۆنیستەکان ئەو دابەشکردنەیان قبوڵ کرد ولەھەمان کاتدا پلانیان دانا سنوورەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەرخانکراوە فراوانتر بکەن.[24] لە پاییزی ساڵی ١٩٤٧ ئیسرائیل و ئوردن بە ڕەزامەندی بەریتانیا بە نھێنی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی ئەو زەویانەی کە بۆ فەلەستین تەرخانکرابوو لە نێوانیاندا لە دوای کۆتایی ھاتنی ئینتیدابی بەریتانیی.[25]
لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٧، کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی ١٨١ (II)ی -پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستین-ی پەسەنکرد.[26] لەو کاتەدا عەرەبەکان نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووان[27] و خاوەنی نزیکەی ٩٠٪ی زەوییەکان بوون،[28] لەکاتێکدا جوولەکەکان لە نێوان چارەکێک بۆ سێیەکی دانیشتووان[29] و خاوەنی نزیکەی ٧٪ی خاکەکە بوون.[30] پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ٥٥٪ی زەوییەکە بۆ ئیسرائیل تەرخانکرا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥٠٠ ھەزار جوولەکە و ٤٠٧–٤٣٨ ھەزار عەرەب بوون. ٤٥٪ی زەوییەکەی دیکە بۆ فەلەستین تەرخانکرا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٧٢٥–٨١٨ ھەزار عەرەب و ١٠ ھەزار جوولەکە بوو. قودس و بەیت لەحم بڕیار بوو ببنە ناوچەی سەربەخۆ بوشێوەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٠٠ ھەزار عەرەب و ١٠٠ ھەزار جوولەکە دەبێت.[31]
پلانی دابەشکردنەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە لایەنگری زایۆنیست دادەنرا، 56%[32] زەوییەکە بۆ دەوڵەتی جوولەکەکان تەرخانکرابوو ھەرچەندە ژمارەی دانیشتووانی عەرەبی فەلەستین دوو ھێندەی ژمارەی جوولەکەکان بوو. [33] پلانەکە لەلایەن زۆربەی جوولەکەکانی فەلەستینەوە ئاھەنگی بۆ گێڕدرا،[34] لەگەڵ سەرکردەکانی زایۆنیستەکان، بەتایبەتی دایڤید بن گوریۆن، پلانەکەیان وەک ھەنگاوێکی کردەیی و بەردی بناغە بۆ فراوانکردنی خاکی داھاتوو بەسەر ھەموو فەلەستین سەیرکرد.[35][36][37][38] لیژنەی باڵای عەرەبی و کۆمکاری عەرەبی و سەرکردە و حکومەتەکانی تری عەرەب ڕەتیانکردەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە جگە لەوەی عەرەبەکان زۆرینەن و دوو لەسەر سێی دانیشتووان پێکدەھێنن، ئەوان خاوەنی زۆرینەی زەوییەکانن.[39] ھەروەھا ئاماژەیان بە ئامادەنەبوونیان کرد بۆ قبوڵکردنی ھەر جۆرە دابەشکردنێکی خاکی فەلەستین،[40] ئاماژەیان بەوە کرد کە بنەماکانی چارەیخۆنوسین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشێل دەکات کە مافی بڕیاردانی چارەیخۆنوسینی بە خەڵک داوە.[41][42] نیازی خۆیان ڕاگەیاند بۆ گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکە.[43][44][45][46]
ڕاستییە سەرەکییەکانی نەکبە لە کاتی شەڕی فەلەستین-جوولەکە ساڵی ١٩٤٨ دا جێگای مشتومڕ نین. [٤٧]
نزیکەی ٧٥٠ ھەزار فەلەستینی - زیاتر لە ٨٠٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە کە دەبێتە دەوڵەتی ئیسرائیل - دەرکران یان لە ماڵەکانیان ھەڵھاتن و بوونە پەنابەر.[6] یازدە گەڕەکی ئاوەدانی عەرەبەکان و زیاتر لە ٥٠٠ گوند وێران یان بێ دانیشتوو بوون.[7] ھەزاران فەلەستینی لە دەیان کۆمەڵکوژیدا کوژران.[47] نزیکەی دەیان دەستدرێژیکردنە سەر فەلەستینییەکان لەلایەن ھێزە سەربازییە ئاسایی میلیشیاکانی ئیسرائیلەوە بەڵگەدارکراون و گومانی ھەبوونی زیاتریش دەکرێت.[48] ئیسرائیلییەکان تاکتیکی شەڕی دەروونییان بەکارھێنا بۆ ترساندنی فەلەستینییەکان بۆ ھەڵھاتن، لەوانە توندوتیژی بە ئامانج، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، پەخشی ڕادیۆیی و بڵندگۆی ڤانەکان.[49] تاڵانکردنی ماڵ و سامان و کێڵگە و کاری ھونەری و کتێب و ئەرشیفی فەلەستینییەکان لەلایەن سەرباز و مەدەنییەکانی ئیسرائیلەوە بەربڵاو بوو.[50]
شەڕ و پێکدادانی بچووکی ناوخۆیی لە ٣٠ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد و وردە وردە تاوەکوو ئازاری ١٩٤٨ پەرەی سەند.[51] کاتێک توندوتیژییەکان دەستیپێکرد، فەلەستینییەکان پێشتر دەستیان بە ھەڵاتن کردبوو، چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکرد دوای تەوابوونی شەڕ.[52] کۆمەڵکوژی و دەرکردنی بەکۆمەڵی عەرەبە فەلەستینییەکان و وێرانکردنی گوندەکانیان لە مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکرد،[53] لەنێویاندا کۆمەڵکوژییەکانی خیساس (١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٤٧)،[54] و بەلەد شێخ (٣١ی کانوونی دووەم).[55] تا مانگی ئازار لە نێوان ٧٠ بۆ ١٠٠ ھەزار فەلەستینی کە زۆربەیان چینی ناوەڕاست و سەرەوە بوون، لە ناوچەکانی خۆیان دەرکران یان ھەڵاتن.[56]
لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ ئیسرائیلییەکان پلان دالێتیان دەستپێکرد، کە ھێرشێکی بەرفراوان بوو بۆ داگیرکردنی زەوی و پاککردنەوەی لە عەرەبە فەلەستینییەکان.[57] لە کاتی ھێرشەکەدا ئیسرائیل ئەو زەویانەی داگیرکرد کە بە بڕیاری دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستینییەکان تەرخانکرابوون.[58] لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠٠ گوند وێران بوون.[59] کۆمەڵکوژی و دەرکردنەکان بەردەوامبوون،[60] لەنێویاندا لە دێر یاسین (٩ی نیسانی ١٩٤٨).[61] گەڕەکەعەرەبییەکان لە تەبەرییە (١٨ی نیسان)، حەیفا (٢٣ی نیسان)، قودسی ڕۆژاوا (٢٤ی نیسان)، عەکا (٦–١٨ی ئایار)، سەفەد (١٠ی ئایار) و یافا (١٣ی ئایار) چۆڵبوون.[62] ئیسرائیل لە مانگی نیسانەوە دەستی بە شەڕی بایۆلۆجی کرد، ئاوی ھەندێک شارۆچکە و گوندی ژەھراوی کرد، لەوانە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو کە بووە ھۆی پەتای تایفۆید لە عەکا لە سەرەتای مانگی ئایاردا، ھەروەھا ھەوڵێکی سەرکەوتوو نەبوو لە غەززە کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا لەلایەن میسرییەکانەوە پووچەڵکرایەوە.[63]
لەژێر توڕەیی توندی جەماوەر لەسەر زیانەکانی فەلەستین لە مانگی نیساندا، و ھەوڵدان بۆ گێڕانەوەی خاکی فەلەستین بۆ خۆیان، و بەمەبەستی بەرپەچدانەوەی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئوردن، دەوڵەتانی کۆمکاری عەرەبی لە کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا بڕیاریان دا بچنە نێو شەڕەکەوە دوای ئەوەی ئینگلیزەکان ڕۆیشتن.[64] بەڵام سوپای دەوڵەتە تازە سەربەخۆکانی کۆمکاری عەرەبی ھێشتا لاواز و ئامادەنەبوون بۆ شەڕ،[65] و ھیچ کام لە دەوڵەتەکانی کۆمکاری عەرەبی حەزیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی نەبوو کە ئەمین حوسێنی سەرۆکایەتی بکات. نە پاشای ئوردن عەبدوڵڵای یەکەم و نە ئینگلیزەکان نەیاندەویست دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین دابمەزرێت.[66] لە ١٤ی ئایاردا، بە فەرمی کۆتایی ھات بە ئینتیدابی بەریتانیا و دوا سەربازی بەریتانیا ڕۆیشت و ئیسرائیل سەربەخۆیی ڕاگەیاند.[67] تا ئەو کاتە کۆمەڵگەی فەلەستینی لەناوچوو بوو و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار فەلەستینی دەرکرابوون یان ھەڵھاتبوون.[68]
لە ١٥ی ئایاردا، سوپای کۆمکاری عەرەبی چوونە ناو خاکی فەلەستین، شەڕی عەرەبی-ئیسڕائیلی ساڵی ١٩٤٨ دەستپێکرد، نیوەی دووەمی شەڕی فەلەستین لە ساڵی 1948.[69] زۆربەی توندوتیژییەکان تا ئەو کاتە لە ناوەند شارەکان و دەوروبەری، لە بەشی ئیسرائیلی زەوییە دابەشکراوەکاندا ڕوویدا، لەکاتێکدا سەربازانی بەریتانیا ھێشتا ئامادەبوون.[70] دوای کۆتایی ھاتنی ئینتیدابی بەریتانی ئیسرائیل دەستی بەسەر زەوی زیاتردا گرت کە بەپێی پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستینییەکان تەرخانکرابوون، و دەرکردن و کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی گوندەکانی ناوچە گوندنشینەکان زیادیان کرد،[71] لەنێویاندا کۆمەڵکوژی تەنتورە (٢٢–٢٣ی ئایار).[72]
یەکەمین ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە سەرەتای مانگی حوزەیران واژوو کرا و نزیکەی مانگێکی خایاند. [73] لە ھاوینی ساڵی ١٩٤٨ ئیسرائیل دەستیکرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دژە گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ ماڵەکانیان.[74] لیژنەیەکی گواستنەوە سەرپەرشتی ھەوڵەکانی کرد بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی فەلەستینییەکان، لەوانە وێرانکردنی گوندەکانیان، نیشتەجێکردنی گوندە عەرەبییەکان لەلایەن کۆچبەرانی جوولەکە، دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی گەڕانەوەی فەلەستینییەکان.[75] لە ماوەی دە ڕۆژ نوێبوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەکان دوای یەکەم ئاگربەست، زیاتر لە ٥٠ ھەزار فەلەستینی لە شاری لود و ڕەملە دەرکران (٩–١٣ی تەممووز).[76] لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا ئاگربەستی دووەم واژوو کرا و تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو. [73] لە کاتی دوو ئاگربەستەکەدا، ئەو فەلەستینیانەی کە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان یان کشتوکاڵەکەیان، کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە بە «دزەکەر» ناوزەد کرابوون، کوژران یان دەرکران.[77]
دەرکردن و کۆمەڵکوژی و فراوانبوونی ئیسرائیل لە پاییزی ساڵی ١٩٤٨دا بەردەوام بوو،[78] لەوانەش کەمکردنەوەی دانیشتووانی بێرشەبا (٢١ی تشرینی یەکەم)،[79] کۆمەڵکوژی دەوایمە (٢٩ی تشرینی یەکەم)، [80] و کۆمەڵکوژی سەفسەف (ھەروەھا ٢٩ تشرینی یەکەم).[81] لەو مانگەدا ئیسرائیل حوکمڕانییە سەربازییە تایبەتەکانی حوکمڕانی بەسەر عەرەبە فەلەستینییەکانی ئیسرائیلدا گۆڕی بۆ حکوومەتێکی سەربازی فەرمی کە نزیکەی ھەموو لایەنەکانی ژیانی ئەوانی کۆنترۆڵ کرد، لەوانە قەدەغەی ھاتوچۆ، سنووردارکردنی ھاتوچۆ، کۆت و بەندی دامەزراندن و کۆت و بەندی ئابووری دیکە، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و سزای دیکە و کۆنترۆڵی سیاسی.[82] یاسای سەربازی یارمەتی ھەوڵەکانی ئیسرائیلی دا بۆ دۆزینەوە و دەرکردن یان کوشتنی «دزەکەران» بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە نیشتەجێبوونی فەلەستینییەکان لە گوندەکانیان.[83]
زۆربەی شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەکان لە زستانی ساڵی ١٩٤٨ کۆتایی ھات.[84] لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ١٩٤ی پەسەند کرد و بڕیاریدا کە پێویستە ڕێگە بە فەلەستینییەکان بدرێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و قەرەبووی موڵک و ماڵی ونبوو یان زیانلێکەوتوو بکرێنەوە، ھەروەھا کۆمیسیۆنی ئاشتەوایی نەتەوە یەکگرتووەکانی دامەزراند.[85] ئاگربەستەکە کە بە فەرمی کۆتایی بە شەڕەکە ھێنا لە نێوان مانگی شوبات و تەممووزی ١٩٤٩دا واژوو کرا،[86] بەڵام کۆمەڵکوژی و دەرکردنی فەلەستینییەکان لە ساڵی ١٩٤٩ و ساڵانی دواتریش ھەر بەردەوام بوو.[87]
تا کۆتایی شەڕەکە فەلەستین دابەش بوو و فەلەستینییەکان پەرش و بڵاو بوون.[88] ئیسرائیل نزیکەی ٧٨٪ی فەلەستینی بەدەستەوە بوو،[89] لەوانەش ئەو ٥٥٪ەی کە لەلایەن پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆی تەرخانکرابوو و نزیکەی نیوەی ئەو زەویانەی کە بۆ دەوڵەتێکی فەلەستینی تەرخانکرابوو.[90] کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە نیوەی دیکەیان پێکھێنابوو، بەڕێککەوتن لەلایەن ئوردن و میسرەوە بەڕێوەدەبران.[91] ناوچەی سەربەخۆ کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەبرا لە نێوان قودسی ڕۆژاوای ژێر دەستی ئیسرائیل و قودسی ڕۆژھەڵات لەژێر دەستی ئوردن بوو.[92] ئیسرائیل بە سنوورە فراوانەکانی لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٩ وەک ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا.[93] نزیکەی ١٥٦ ھەزار فەلەستینی لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدا لە ئیسرائیل مانەوە، لەنێویاندا زۆرێک لە ئاوارە ناوخۆیییەکان.[94] ئەو ٧٥٠ ھەزار فەلەستینییەی کە لە ماڵەکانیان دەرکرابوون یان ھەڵھاتبوون، ئێستا لە کەمپەکانی پەنابەران لە کەناری ڕۆژاوا، کەرتی غەززە، ئوردن، سووریا و لوبنان دەژیان.[95] ڕێگە بە ھیچ کەسێک نەدرا بگەڕێتەوە.[96] ھیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی دروست نەبوو.[97]
نەکبە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ لە ساڵی ١٩٤٩ بەردەوام بوو.[3] ئیسرائیل ڕێگری لە گەڕانەوەی پەنابەرە فەلەستینییەکانی دەرەوەی ئیسرائیل کرد.[98] فەلەستینییەکان بەردەوام بوون لە دەرکردنی خەڵک و شارۆچکە و گوندەکانی فەلەستینی زیاتر وێران کران، لە شوێنی ئەوان کۆمەڵگای نوێی جوولەکە دامەزران.[99] ناوی شوێنەکانی فەلەستین و ناوی «فەلەستین» خۆی لە نەخشە و کتێبەکاندا لابرا. [100]
شەست و نۆ فەلەستینی لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٥٣ی قیبیا کوژران. [101] چەند ساڵێک دواتر لە یەکەم ڕۆژی قەیرانی سوێس لە ساڵی ١٩٥٦ لە کۆمەڵکوژی کەفەر قاسم ٤٩ فەلەستینی کوژران. [102]
فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل تا ساڵی ١٩٦٦ لەژێر یاسای سەربازی تونددا مانەوە.[103]
لە کاتی جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا، سەدان ھەزار پەنابەری فەلەستینی لە کەناری ڕۆژاوا و غەززە و قودسی ڕۆژھەڵاتەوە دوورخرانەوە. زۆربەیان بە ئۆتۆمبێلەکەیان بردرانە ناو ئوردن. [13] ئەمەش بە نەکسە ناسراوە. [104] دوای شەڕەکە ئیسرائیل کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززەی داگیرکرد . [١٠٧]
نزیکەی دوو ھەزار فەلەستینی لە کۆمەڵکوژییەکدا بە سەرۆکایەتی بەرەی لوبنانی لە گەمارۆدانی تەل زەعتەر لە ساڵی ١٩٧٦، لە کاتی شەڕی ناوخۆی لوبنان کوژران. [105] پەنابەرانی فەلەستینی لە لوبنان لە کاتی شەڕی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ کوژران یان ئاوارەبوون کە لەنێوان ٨٠٠ بۆ ٣٥٠٠ کەسیان لە کۆمەڵکوژی سەبرە و شاتیلا کوژران. [١٠٩]
یەکەم ڕاپەڕینی فەلەستین لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی پێکرد و تا ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ بەردەوام بوو. [106] ڕاپەڕینی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستی پێکرد. [١١١] لە ساڵی ٢٠٠٥ ئیسرائیل لە غەززە کشایەوە و گەمارۆیدا . [١١٢] لە کەناری ڕۆژاوا و قودسی ڕۆژھەڵات، ئیسرائیل بەربەستی کەناری ڕۆژاوا و ئیسرائیلی دروست کردووە، [١١٣] و ناوچەی بازنەیی فەلەستینی دروست کردووە. [107]
لە ساڵی ٢٠١١ ئیسرائیل یاسای نەکبەی دەرکرد، کە ڕەتیدەکاتەوە حکوومەت پارە بدات بەو دامەزراوانەی کە یادی نەکبە دەکەنەوە. [١١٥]
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین قوربانیی فەلەستینییەکانی لە دوای شەڕی ١٩٤٨ بەدوای خۆیدا ھێناوە و ترسی لای فەلەستینییەکان دروست کردووە کە مێژوو دووبارە ببێتەوە. ئەم ترسانە کاتێک گەورەتر بوو کە ئاڤی دیچتەر وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە شەڕەکە بە "غەززە نەکبە ٢٠٢٣" کۆتایی دێت. دیچتەر لەلایەن سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاھۆ سەرزەنشت کرا.[108]
نەکبە ئاوارەیی زۆرەملێ و زەوتکردنی فەلەستینییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ لەناوبردنی کۆمەڵگا، کولتوور، ناسنامە، مافە سیاسییەکان و خواستە نەتەوەیییەکانیان.[2]
لە ماوەی شەڕی فەلەستین لە ساڵانی ١٩٤٧–١٩٤٩، بە مەزەندەکردن ٧٥٠ ھەزار فەلەستینی ھەڵھاتن یان دەرکران، کە نزیکەی ٨٠٪ی دانیشتووانی عەرەبی فەلەستینی ئەو وڵاتە پێکدەھێنن کە بوو بە ئیسرائیل.[6] نزیکەی نیوەی ئەم ژمارەیە (زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار فەلەستینی) پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ١٩٤٨ ھەڵاتبوون یان دەرکرابوون،[68] ئەمەش وەک ھۆکاری سەرەکی داندرا بۆ ھاتنە ناوەوەی کۆمکاری عەرەبی بۆ ناو وڵاتەکە، کە بووە ھۆی شەڕی عەرەبی و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨.[109]
بڕگەی ١٠. (ب) لە کەیبڵگرامی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٨ کە پاساو بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی عەرەبی دەھێنێتەوە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەکە ئیدعای کردووە کە "نزیکەی زیاتر لە چارەکێک ملیۆن لە دانیشتوانی عەرەب ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبھێڵن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ”. لە قۆناغی دوای جەنگدا ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینییەکان ھەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان؛ لەم ماوەیەدا لە نێوان ٢٧٠٠ بۆ ٥٠٠٠ فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، کە زۆرینەی ڕەھایان بێ چەک بوون و مەبەستی گەڕانەوەیان بە ھۆکاری ئابووری یان کۆمەڵایەتی بوو.[110]
نەکبە لەلایەن زۆرێک لە زانایانەوە بە پاکتاوی نەتەوەیی وەسف دەکرێت،[111] لەوانە زانایانی فەلەستینی وەک ساڵح عەبدول جواد، [112] بیشارا دومانی، [113] ڕەشید خالیدی، [114] عادل مەننا، [113] نور مەسالحە، [115] نەدیم ڕوحانا، [116] ئەحمەد ە. سەعدی، [117] و ئەریج سەباغ-خوری، [118] زانایانی ئیسرائیل وەک ئەلۆن کۆنفینۆ, [119] ئامۆس گۆڵدبێرگ، [120] باروخ کیمەرلینگ، [121] ڕۆنیت لێنتین، [122] ئیلان پاپێ، [123] و یەھۆدا شێنھاو، [124] و زانایانی بیانی وەک ئەبیگایل باکان، [125] ئیلیا خوری، [126] مارک لیڤین، [127] دێریک پێنسلار، [128] و پاتریک وۆڵف، [129] لەگەڵ زانایانی تر.[130]
زانایانی دیکە، وەک یۆاڤ گێلبەر، [131] بێنی مۆریس، [132] [120] سێس ج. مۆریس لە ساڵی ٢٠١٦دا وەسفی «پاکتاوی نەتەوەیی»ی بۆ ساڵی ١٩٤٨ ڕەتکردەوە، لە ھەمان کاتدا ڕای گەیاند کە ناوی «پاکتاوی نەتەوەیی بەشەکی» بۆ ساڵی ١٩٤٨ جێگەی مشتومڕە؛ لە ساڵی ٢٠٠٤ مۆریس وەڵامی ئیدیعای «پاکتاوی نەتەوەیی» دەدایەوە کە لە ساڵی ١٩٤٨ ڕوویدا و ڕای گەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەدیلەکە «جینۆساید - لەناوبردنی گەلەکەت» بوو، «بارودۆخێک لە مێژوودا ھەبووە کە پاساو بۆ پاکتاوی نەتەوەیی دەھێنێتەوە پێویست بوو بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی ناوەوە، ['پاککردنەوە'] ئەو زاراوەیە بوو کە لەو کاتەدا بەکاریان دەھێنا، ھیچ بژاردەیەک نەبوو جگە لە دەرکردنی دانیشتووانی فەلەستین بۆ ئەوەی لە ڕەوتی شەڕدا لە ڕەگەوە کۆتاییان پێبێت»؛ مۆریس وتی ئەمە بووە ھۆی دەرکردنی «بەشەکی» عەرەبەکان.[133][134]
ھێشتا زانایانی دیکە چوارچێوەی جیاواز لە "پاکتاکردنەوەی نەتەوەیی" بەکاردەھێنن: بۆ نموونە، ڕیچارد بێسێل و کلاودیا ھاک "لابردنی زۆرەملێ" بەکاردەھێنن و ئەلۆن کۆنفینۆ "کۆچی زۆرەملێ" بەکاردەھێنێ. [١٤٨]
لە ھەمان کاتدا زۆرێک لەو فەلەستینیانەی کە لە ئیسرائیل مانەوە، لە ناوخۆدا ئاوارەبوون. لە ساڵی ١٩٥٠ UNRWA مەزەندەی کرد کە لە کۆی ١٥٦ ھەزار فەلەستینی کە لە ناو ئەو سنوورانەدا ماونەتەوە کە بەپێی ڕێککەوتننامەکانی ئاگربەستی ساڵی ١٩٤٩ بە ئیسرائیل دیاریکراون، ٤٦ ھەزاریان پەنابەرە ناوخۆیییەکان بوون.[135][136][137] تا ساڵی ٢٠٠٣، نزیکەی ٢٧٤ ھەزار ھاووڵاتی عەرەبی ئیسرائیل – یان یەک لە ھەر چوار لە ئیسرائیل – لە ناوخۆدا ئاوارەبوون لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ەوە.[138]
پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٧دا ٥٦٪ی فەلەستینی بۆ دەوڵەتی جوولەکەکان تەرخانکرد، لەکاتێکدا فەلەستینییەکان زۆرینە بوون کە ٦٦٪ بوو، دەبوو جوولەکە ٤٤٪ی خاکەکە وەربگرێت. ٨٠٪ی زەوییەکانی ئەو دەوڵەتەی کە دەبێتە جوولەکەکان پێشتر خاوەندارێتی فەلەستینییەکان بووە؛ ١١٪ نازناوی جوولەکەیان ھەبوو. [117] پێش شەڕی ١٩٤٧–١٩٤٩ و لە کاتی شەڕی ١٩٤٧–١٩٤٩ و دوای شەڕی فەلەستین، سەدان شارۆچکە و گوندی فەلەستین بێ دانیشتووان و وێران کران.[139][140] ناوە جوگرافییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا سڕدرانەوە و ناوی عیبریان لێنرا، ھەندێکیان وەرگیراون لە ناوە مێژوویییە فەلەستینییەکان، ھەندێکجاریش داھێنانی نوێن. [141] ژمارەیەکی زۆر شوێنی مێژوویی غەیرە جوولەکە وێران بوون، نەک تەنھا لە کاتی شەڕەکاندا، بەڵکو لە پرۆسەیەکی دواتردا لە ماوەی چەند دەیەیەکدا. بۆ نموونە زیاتر لە ٨٠٪ی مزگەوتەکانی گوندەکانی فەلەستین لەناوچوون و شوێنەوارەکانیش لە مۆزەخانە و ئەرشیفەکاندا لابراون. [142]
بۆ بە یاسایی کردنی زەوتکردنی زەوی فەلەستینییەکان، چەندین یاسای جۆراوجۆر لە ئیسرائیل ڕاگەیەندرا.[143][144]
نەبوونی دەوڵەتی فەلەستین پێکھاتەیەکی ناوەندیی نەکبەیە و تا ئێستاش وەک تایبەتمەندییەکی ژیانی نەتەوەیی فەلەستین بەردەوامە. [13] ھەموو فەلەستینییە عەرەبەکان بێدەوڵەت بوون لە ئەنجامی نەکبە، ھەرچەندە ھەندێکیان ناسنامەی نەتەوەی تریان وەرگرت. [145] لە دوای ساڵی ١٩٤٨ فەلەستینییەکان وازیان لە فەڵەستینی بوون ھێنا، لەبری ئەوە دابەشبوون بەسەر فەلەستینییەکانی ئیسرائیل، فەلەستینییەکانی قودسی ڕۆژھەڵات، فەلەستینییەکانی UNRWA، فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژاوا، و فەلەستینییەکانی غەززە، ھەریەکەیان پێگە و سنووری یاسایی جیاوازیان ھەبوو،[146] جگە لە ڕەوەندی فەلەستینی فراوانتر کە توانیان مافی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی فەلەستین و کەمپەکانی پەنابەران بەدەستبھێنن.[147]
یەکەم یاسای نەتەوەیی ئیسرائیل کە لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٢ پەسەندکرا، فەلەستینییەکانی بێناسنامە کرد و ڕەگەزنامەی پێشووی فەلەستینی «بێبنەما کرد» کرد، «جێگەی ڕەزامەندی نییە و لەگەڵ دۆخی دوای دامەزراندنی ئیسرائیل ناگونجێت».[148][149]
نەکبە ھۆکاری سەرەکی ڕەوەندی فەلەستینی بوو، لە ھەمان کاتدا ئیسرائیل وەک وڵاتی جوولەکەکان دروست بوو، فەلەستینییەکان کرانە «نەتەوەیەکی پەنابەر» کە «ناسنامەیەکی سەرگەردان»یان ھەبوو. [150] ئەمڕۆ زۆرینەی ١٣٫٧ملیۆنێک فەلەستینی لە ئاوارەیدا دەژین، واتە لە دەرەوەی ناوچەی مێژوویی فەلەستین دەژین، بە پلەی یەکەم لە وڵاتانی دیکەی جیھانی عەرەبی. [150] لە ٦٫٢ ملیۆن کەس کە لەلایەن دەزگای تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون بۆ پەنابەرانی فەلەستینی، UNRWA, نزیکەی ٤٠٪ لە کەناری ڕۆژاوا و غەززە دەژین، و ٦٠٪ لە دەرەوە. ژمارەیەکی زۆر لەم پەنابەرانەی ڕەوەند لە وڵاتانی میوانداریاندا یەکنەخراون، وەک لە گرژییە بەردەوامەکانی فەلەستینییەکان لە لوبنان یان کۆچی فەلەستینییەکان لە کوێت لە ساڵانی ١٩٩٠–٩١دا دەردەکەوێت. [150]
ئەم ھۆکارانە بوونەتە ھۆی ئەوەی کە ناسنامەی فەلەستینی «ئازار» بێت، لەکاتێکدا بێ خاککردنی فەلەستینییەکان ھۆکاری یەکگرتووی و خاڵی سەرەکی لە خواستی گەڕانەوە بۆ زێدی ونبووی خۆیان دروست کردووە. [150]
گرنگترین کاریگەرییە درێژخایەنەکانی نەکبە بۆ گەلی فەلەستین لەدەستدانی نیشتمانەکەیان، پارچەپارچەبوون و پەراوێزخستنی کۆمەڵگەی نەتەوەیی خۆیان و گۆڕانیان بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت بوو. [151]
لە کۆتایییەکانی نەوەدەکانەوە دەستەواژەی " نەکبەی بەردەوام " (بە عەرەبی: النکبة المستمرة) بۆ وەسفکردنی "ئەزموونی بەردەوامی توندوتیژی و زەوتکردن" کە گەلی فەلەستین ئەزموونی کردووە، سەریھەڵداوە. [152] ئەم زاراوەیە ھاوکاری تێگەیشتن لە نەکبە دەکات نەک وەک ڕووداوێک لە ساڵی ١٩٤٨، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی بەردەوام کە تا ئێستا بەردەوامە.[153]
لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئاڤی دیچتەر، وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی N12 News سەبارەت بە سروشتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ئاماژەی بەوەدا کە "لە ڕوانگەی ئۆپەراسیۆنییەوە، ناتوانیت شەڕێک ئەنجام بدەیت وەک ئەوەی سوپا دەیەوێت لە غەززە، لە کاتێکدا جەماوەر لە نێوان تانکەکان و سەربازەکاندان”، وتی. "ئەوە نەکبەی غەززەی ساڵی نەکبە٢٠٢٣یە".[154]
زاراوەی نەکبە بۆ یەکەمجار لەلایەن قوستەنتین زورەیق مامۆستای مێژوو لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت لە کتێبی (مانای نەکبە) لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ بەکارھاتووە. [155] زورەیق نووسیویەتی «لایەنی تراژیدیی نەکبە پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە بەدبەختییەکی ڕێکوپێک یان خراپەیەکی کاتی نییە، بەڵکو کارەساتێکە لە خودی کرۆکی وشەکەدا، یەکێکە لەو سەختیانەی کە تا ئێستا عەرەبەکان بەسەر خۆیاندا ناسیویانە لە مێژوویەکی دوور و درێژدا.» [156] پێش ساڵی ١٩٤٨، «ساڵی کارەسات» لەنێو عەرەبەکاندا ئاماژەی بە ساڵی ١٩٢٠ دەکرد، کاتێک زلھێزە کۆلۆنیالییەکانی ئەورووپا ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانییان دابەشکرد بۆ زنجیرەیەک دەوڵەتی جیاواز بەدرێژایی ھێڵەکانی ھەڵبژاردەی خۆیان.[157]
ئەم وشەیە دوای ساڵێک لەلایەن شاعیری فەلەستینی بورھانەدین عەبوشی بەکارھێنرایەوە. [156] دواتر خوێندکارەکانی زورەیق لە ساڵی ١٩٥٢ بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبییان دامەزراند، کە یەکێک بوو لە یەکەم بزووتنەوە سیاسییە فەلەستینییەکانی دوای نەکبە. لە ئینسایکلۆپیدیایەکی شەش بەرگی نەکبە: نەکبت بەیت المقدیس والفیردوس المفقود کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٠ بڵاوکراوەتەوە، [13] عارف عارف نووسیویەتی: " چۆن دەتوانم ناوی بھێنم جگە لە نەکبە، کاتێک ئێمەی گەلی عەرەب بە گشتی و فەلەستینییەکان بە تایبەتی، ڕووبەڕووی کارەساتێکی وەھا بووینەوە (نەکبە) کە ھەرگیز ڕووبەڕووی کارەساتی وا نەبووینەوە بەدرێژایی سەدەکان، نیشتمانمان مۆرکرابوو، ئێمە لە وڵاتەکەمان دەرکریان و زۆرێک لە کوڕە خۆشەویستەکانمان لەدەستدا”. [156] ھەروەھا محەممەد نەمر ھاواری زاراوەی نەکبەی بەکارھێناوە لە ناونیشانی کتێبەکەیدا (نھێنی نەکبە ) کە لە ساڵی ١٩٥٥ نووسیویەتی. بەکارھێنانی ئەم زاراوەیە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە. [158]
لە سەرەتادا بەکارھێنانی دەستەواژەی نەکبە لە نێو فەلەستینییەکاندا گشتگیر نەبوو. بۆ نموونە، بۆ چەندین ساڵ لە دوای ساڵی ١٩٤٨، پەنابەرانی فەلەستینی لە لوبنان خۆیان لە بەکارھێنانی ئەو زاراوەیە بەدوور گرت و تەنانەت چالاکانەش دژی بوون، چونکە ھەمیشەیی بە دۆخێک دەبەخشی کە ئەوان وەک کاتی سەیریان دەکرد، زۆرجاریش پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە پێیان بڵێن "گەڕاوەکان". [159] لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، ئەو زاراوانەی کە بەکاریان دەھێنا بۆ وەسفکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ بریتی بوون لە ئیغتیساب، یان حەدەس ("ڕووداوەکان")، ھیجرە (" کۆچکردن")، و ("کاتێک دەموچاومان ڕەش کرد و ڕۆیشتین"). [159] گێڕانەوەی نەکبە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن سەرکردایەتی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە لوبنان دوور کەوتەوە، بە قازانجی گێڕانەوەی شۆڕش و نوێبوونەوە. [159] گرنگیدان بە نەکبە لەلایەن ڕێکخراوەکانی نوێنەرایەتی پەنابەران لە لوبنان لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەرزبووەوە بەھۆی ئەو تێڕوانینەی کە ڕەنگە مافی گەڕانەوەی پەنابەران لە بەرامبەر دەوڵەتبوونی فەلەستین بە دووری دانوستان بکرێت و خواستەکەش ئەوە بوو کە پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنێردرێت کە ئەمە ڕاستییە جێگەی دانوستان نییە. [159]
گێڕانەوەی نەتەوەیی فەلەستین کاردانەوەکانی نەکبە وەک زەبرێکی فۆرماتیڤ سەیر دەکات کە ئاواتە نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقییەکانی و ناسنامەکەی پێناسە دەکات. گەلی فەلەستین ناسنامەیەکی نەتەوەیی قوربانیی پەرەپێدا کە لە ئەنجامی شەڕی ساڵی ١٩٤٨ وڵاتەکەی لەدەست دابوو. لە ڕوانگەی فەلەستینییەوە، ناچاربوون لە جیاتی ئەوانەی کە بەڕاستی بەرپرسیار بوون، بە ئازادی و موڵک و جەستەی خۆیان پارەی ئەو ھۆلۆکۆستە بدەن کە لە ئەورووپا ئەنجامدرا.[9]
شموێل تریگانۆ کە لە پێداچوونەوەی لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی جوولەکەکاندا دەنووسێت کە لەلایەن سەنتەری قودس بۆ کاروباری گشتی بڵاوکراوەتەوە، گێڕانەوەی نەکبە لە سێ قۆناغدا دەخاتە ڕوو. سەرەتا فەلەستینییەکانی وەک قوربانییەک وێنا دەکرد کە بەھۆی دروستکردنی ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کۆچبەرە جوولەکەکان خۆش بکات. قۆناغی داھاتوو جەنگی شەش ڕۆژە وەک کۆلۆنیکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕشتەوە، دۆزی فەلەستین لەگەڵ ھەستەکانی دژە کۆلۆنیالیزمدا ھاوتەریب دەکات. قۆناغی کۆتایی یادەوەرییەکانی ھۆلۆکۆست بەکاردەھێنێت، ئیسرائیل بە ئاپارتاید تۆمەتبار دەکات، دەنگدانەوەی لەگەڵ تاوانباری ڕۆژاوایییەکان لەسەر ھۆلۆکۆست. ئەو دەڵێت ئەم لێکدانەوە پەرەسەندووانە ھۆکارە مێژوویییە ئاڵۆزەکان دەھێڵنەوە کە بریتین لە ھەوڵە شکستخواردووەکان بۆ نەھێشتنی ئیسرائیل، ئیدیعای خاکی کێبڕکێکراو و ئاوارەبوونی پەنابەرانی جوولەکەکان لە گەلانی عەرەب.[160]
گێڕانەوەی نیشتمانی ئیسرائیل تایبەتمەندی فەلەستینییەکانی ساڵی ١٩٤٨ بە نەکبە (کارەسات) ڕەتدەکاتەوە، لەبری ئەوە وەک شەڕی سەربەخۆیی سەیری دەکات کە دەوڵەت و سەروەری ئیسرائیلی دامەزراندووە.[8][9] ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ وەک لووتکەی بزووتنەوەی زایۆنیستی و خواستی نەتەوەیی جوولەکەکان نیشان دەدات کە لە ئەنجامدا سەرکەوتنی سەربازی لە دژی داگیرکەری سوپای عەرەبی و ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست و دانپێدانانی شەرعییەتی ئیسرائیل لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدەستھێناوە.[8] وێڕای داننان بە ھەندێک نموونەی بەرپرسیارێتی ئیسرائیل لە قەیرانی پەنابەرانی فەلەستین، وەک لەلایەن مێژوونووسانی وەک بێنی مۆریسەوە بەڵگەدار کراوە، گێڕانەوەی سەرتاسەری ئیسرائیل ئەمە لە چوارچێوەی دەرکەوتنی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک لەژێر بارودۆخی سەختی جەنگدا جێگیر دەکات، بەبێ ئەوەی نکۆڵی لە چیرۆکی بنەڕەتی و ناسنامەی ئیسرائیل بکات.[8] شەڕی ساڵی ١٩٤٨ و دەرئەنجامەکەی وەک ڕووداوێکی بە ھەمان شێوە فۆرماتیڤ و بنەڕەتی دەبینێت – وەک کردەوەیەکی دادپەروەری و ڕزگارکردن بۆ گەلی جوولەکە دوای چەندین سەدە لە ئازاری مێژوویی، و ھەنگاوی سەرەکی لە " نکۆڵیکردنی ڕەوەند ".[9]
بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، عەرەبە فەلەستینییەکان لە کاتی جەنگدا خۆبەخشانە ماڵەکانیان بەجێھێشتووە، لەلایەن سەرکردە عەرەبەکانەوە ھانیان دراون کە بە فەلەستینییەکانیان وتووە بەشێوەیەکی کاتی چۆڵیبکەن بۆ ئەوەی سوپای عەرەبەکان بتوانن ئیسرائیل لەناوببەن، و دواتر لەگەڵ دۆڕاندنی شەڕەکەدا، ڕەتیانکردەوە یەکیانبخەن. [161] ھەروەھا ئەم بۆچوونە ئەو پەنابەرە جوولەکانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ھەڵمژراون لەگەڵ ئەو پەنابەرە فەلەستینیانەی کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە وەک پیاوی سیاسی بێ دەوڵەت ڕاگیراون، جیاوازی دەکات. بە پێچەوانەی گێڕانەوەی فەلەستینییەکان، ئەو ئیدیعایانەی کە دەڵێن گوندە عەرەبییەکان بێ دانیشتوو بوون و ماڵە فەلەستینییەکان وێران بوون، لەلایەن گێڕانەوەی سەرەکی ئیسرائیلەوە دانیان پێدا نانێت، بە شێوەیەکی گشتی زاراوەی وەک موڵک و ماڵی "جێھێڵراو" و "ئاڵوگۆڕی دانیشتووان" بەکاردەھێنێت نەک "دەستبەسەرداگرتن" یان "دەرکردن". ." [161][8]
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار ئەم زاراوەیەیان بە بەرجەستەکردنی «درۆیەکی عەرەبی»یان وەک پاساوێک بۆ تیرۆر وەسف کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ وەزارەتی پەروەردەی ئیسرائیل بەکارھێنانی دەستەواژەی «نەکبە»ی لە کتێبی خوێندن بۆ منداڵانی عەرەب قەدەغە کرد.[162]
لە مانگی ئایاری ٢٠٠٩، ئیسرائیل بەیتینو پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد کە ھەموو یادکردنەوەکانی نەکبە قەدەغە دەکات، لەگەڵ سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ ئەو جۆرە یادکردنەوە.[163] دوابەدوای ڕەخنەی گشتی، ڕەشنووسی پرۆژە یاساکە گۆڕدرا، سزای زیندانیکردن ھەڵوەشایەوە و لەبری ئەوە وەزیری دارایی دەسەڵاتی کەمکردنەوەی بوودجەی دەوڵەتی بۆ دامودەزگاکانی ئیسرائیل ھەبوو کە دەرکەوت "یادی ڕۆژی سەربەخۆیی یان ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتە وەک ڕۆژێک". لە ماتەمینی".[164] ڕەشنووسە نوێیەکە لە مانگی ئازاری ٢٠١١ لەلایەن کنێستەوە پەسەندکرا، و بە یاسای نەکبە ناسرا. [165][166] [167] لە ساڵی ٢٠١١، کنێست یاسای نەکبەی پەسەند کرد، کە دامەزراوەکان لە یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە قەدەغە کرد. بەپێی وتەی نێڤ گۆردۆن، مەراسیمێکی قوتابخانە بۆ یادکردنەوەی نەکبە، بەپێی یاسای ساڵی ٢٠١١، دەبێت وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە گوایە ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی و تیرۆری ھانداوە، و سیفەتی دیموکراسی ئیسرائیلی ڕەتکردووەتەوە، لەم کارەدا.[168] لە ساڵی ٢٠٢٣، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یادکردنەوەی نەکبەی لە ١٥ی ئایاردا دامەزراند، باڵیۆزی ئیسرائیل گیلاد ئەردان ناڕەزایی دەربڕی کە خودی ڕووداوەکە دژە جوولەکەکانە.[169] جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکە بەبێ مەبەست زانینی نەکبە لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا بەرەوپێش برد. [124]
بە گوێرەی ھەندێک لە مێژوونووسان و ئەکادیمییەکان، جۆرێک لە نکۆڵیکردنی مێژوویی ھەیە کە پەیوەندی بە دەرکردن و ھەڵاتنی فەلەستینییەکانی ساڵی ١٩٤٨ ەوە ھەیە. ئینکاری نەکبە ناوەندی گێڕانەوەی زایۆنیستی ساڵی ١٩٤٨ە. [170] زاراوەی 'ئینکاری نەکبە' لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ستیڤ نیڤا، سەرنووسەری ڕاپۆرتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەکارھێنرا، لە وەسفکردنی ئەوەی کە چۆن سەرھەڵدانی ئینتەرنێتی سەرەتایی بووە ھۆی گێڕانەوەی کێبڕکێی ئۆنلاین لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨.[171] لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەم زاراوەیە لەلایەن چالاکوانان و زانایانەوە بەکارھێنرا بۆ وەسفکردنی ئەو گێڕانەوەیانەی کە توخمەکانی دەرکردن و پاشھاتەکان بچووکدەکەنەوە، [170] بە تایبەتی لە مێژوونووسانی ئیسرائیل و ڕۆژاوا پێش کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، [112] کاتێک مێژووی ئیسرائیل دەستیکرد بە پێداچوونەوە و لەلایەن مێژوونووسە نوێیەکانەوە نووسراوەتەوە. [161] [117]
ئینکاری نەکبە وەک ئەوە وەسف کراوە کە ھێشتا لە ھەردوو گوتاری ئیسرائیل و ئەمریکادا باو بووە و پەیوەندی بە بابەتی جۆراوجۆرەوە ھەیە کە پەیوەندییان بە ڕەگەزپەرستی دژە عەرەبەوە ھەیە. [172] یاسای نەکبە لە ساڵی ٢٠١١دا ڕێگەیدا بە کشاندنەوەی پارەی دەوڵەت لەو ڕێکخراوانەی کە یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە کە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک ڕۆژی ماتەمینی دامەزرا، یان بوونی ئیسرائیل وەک «دەوڵەتێکی جوولەکە و دیموکراسی» ڕەتدەکەنەوە. [165] بزووتنەوە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل، وەک زۆچرۆت، ئامانجیان یادکردنەوەی نەکبەیە لە ڕێگەی یادکردنەوە و ڕووداوە گشتییەکانەوە. [165] لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ و دوای ٧٥ ساڵەی نەکبە، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین ڕەتکردنەوەی دەرکردنی ساڵی ١٩٤٨ی کردە تاوانێک کە سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٤، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی دووەم یادی نەکبەی فەلەستینی کردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵەکانی دوو ھێندە بکات بۆ کۆتاییھێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل. ھەروەھا بۆنەیەک بە ناوی «١٩٤٨–٢٠٢٤: نەکبەی فەلەستینی بەردەوام» بەڕێوەچوو.[173]
ئەڤراھام سێلا و ئالۆن کادیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یادەوەری نەتەوەیی فەلەستینییەکانی نەکبە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە و ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨یان بنیاتناوەتەوە بۆ خزمەتکردنی داواکارییە نەتەوەیییە ھاوچەرخەکانی فەلەستین. ئەوان دەڵێن مێژوونووسی فەلەستینیی نەکبە مەیلی «بە تەواوی پشتگوێخستنی» ئەو ھێرشانەی ھەیە کە ھێزە ناڕێک و خۆبەخشەکانی عەرەبی دژی ییشوڤ دەستیپێکردووە، ڕۆڵی سەرکردەکانی فەلەستین لە ڕووداوەکانی شەڕ و شکستی ساڵی ١٩٤٨دا کەم دەکاتەوە.[174]
ئیلیاس خووری دەنووسێت کە بەرھەمەکانی ئێدوارد سەعید گرنگ بوون بۆ گرتنەبەری "ڕێبازێکی ڕیشەیی نوێ" بۆ نەکبە بە بەراورد بە بەرھەمەکانی زورەیق و کەسانی دیکەی سەرەتایی ئەم زاراوەیە، کە بەکارھێنانیان "واتای کارەساتێکی سروشتی" ھەبووە و بەم شێوەیە " سەرکردایەتی و حکوومەتە عەرەبییەکان لە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی شکستەکە” بێبەری کردووە. [175]
فیلمی فەرەح, فیلمێکە دەربارەی نەکبە لە دەرھێنانی دەرھێنەری ئوردنی دارین ج. سالم، ھەڵبژێردراوی ئوردن بوو بۆ خەڵاتی نێودەوڵەتی فیلم لە ساڵی ٢٠٢٣. لە بەرامبەردا، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دارایی ئیسرائیل، فەرمانی بە گەنجینەی وڵاتەکە کرد کە بوودجەی حکوومەت بۆ شانۆی سارایا لە یافا بکێشێتەوە، کە بڕیاربوو فیلمەکە لەوێ نمایش بکرێت.[176]
مۆزەخانەی ڕۆشنبیری قەرارە کۆمەڵێک خشڵ و جوانکاری پێش نەکبەی لەخۆگرتبوو، کە لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەناوچوو.[177][178]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.