نیل
From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕووباری نیل (بە عەرەبی: النیل، بە ئینگلیزی: Nile) ڕووبارێکی گەورەیە لە باکووری خۆرھەڵاتی ئەفریقا کە تەوژمەکەی ڕووەو باکوورە. بە شێوەیەکی گشتی بە درێژترین ڕووباری جیھان دادەنرێت.[1] ٦٨٥٣ کم درێژە. وە ڕووبارێکی نێودەوڵەتیشە لەبەر ئەوەی یانزە وڵات تێیدا پشکدارن، لەوانە: تانزانیا، ئۆگاندا، ڕواندا، بوڕوندی، کۆنگۆ، کینیا، ئیتیۆپیا، ئێریتریا، سوودانی باشوور، سوودان وە میسر. ڕووبارەکە بۆتە شوێنێکی گرنگ بۆ کەرتی کووشتووکاڵی وە داھاتی ساڵانەی ھەیە لە مەبەستی گەشت و گوزاری وێڕای بوونی ھەڕەمەکان لەمیسر وە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەرھەمێنانی کارەبا. نیل دوو زێی گەورەی دەڕژێتە ناو، ئەوانیش نیلی سپی و نیلی شینن. نیلی سپی درێژ ترە لە لقەکەی دیکە و لە ئەفریقای ناوەندی وە ھەڵدەقوڵێ و بەناو تانزانیا، دەریاچەی ڤیکتۆریا، ئووگەندا و سوودانی باشوور دا تێپەڕ دەبێت. نیلی شینیش لە دەریاچەی تانا لە ئێتیۆپیا دەست پێ دەکات و دەڕژێتە ناو سوودان لە باشووری خۆرھەڵاتەوە. ھەردوو زێیەکە لە نزیک خەرتوومی پایتەختی سوودان بەیەک دەگەن.
بەشی باکووری ڕووبارەکە بەناو بیابانی سوودانی دا دەڕوات و دەچێتە میسر دواتر بە دێلتایەکی گەورە کۆتایی دێت و دەڕژێتە ناو دەریای ناوین. شارستانییەتە میسرییەکان و شانشینە سودانییەکان لە دێر زەمانەوە پشت بە ڕووبارەکە دەبەستن. زۆربەی شارە میسرییەکان، بە تایبەتی کۆنەکان، لە نزیک ڕووبارەکە بنیاتنراون.