From Wikipedia, the free encyclopedia
نۆرا مۆرالێس دێ کۆرتینیاس ناسراو بە نۆرا یان نۆریتا کۆرتینیاس (بە ئیسپانی: Nora Morales de Cortiñas)، (٢٢ی ئازاری ١٩٣٠ لە بوێنس ئایریس – ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤ لە مۆرون) دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی و چالاکوان و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی ئەرژەنتینی بووە. ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی دایکانی گۆڕەپانی مایۆ و دواتر ھێڵی دامەزراندنی دایکانی گۆڕەپانی مایۆ بووە.[1] ئەو لە کوردستان بەھۆی پشتگیری کردن لە تێکووشانەکانی خەڵکی کورد لەپێناوی مافی چارەنووس ناسراوە.
نۆرا کۆرتینیاس | |
---|---|
Nora Morales de Cortiñas | |
لەدایکبوون | ٢٢ی ئازاری ١٩٣٠ |
مەرگ | ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤ مۆرون |
نەتەوە | ئەرژەنتین |
پیشە | دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی، چالاکوان، بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ |
بزاڤ | دایکانی گۆڕەپانی مایۆ ھێڵی دامەزراندنی دایکانی گۆڕەپانی مایۆ |
ھاوسەر | کارلۆس کۆرتینیاس |
مناڵ(ەکان) | گوستاڤۆ کۆرتینیاس مارسێلۆ کۆرتینیاس |
کۆرتینیاس دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی و لە کۆلێژی زانستە ئابوورییەکان لە زانکۆی بوێنس ئایریس مامۆستا بوو. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە کورسیی "ھێزی ئابووری و مافی مرۆڤ"ی بەدەستییەوە بوو.[2]
کوڕەکەی بە ناوی گوستاڤۆ کۆرتینیاس، ئەندامی پارتی دادگەری و ڕێکخراوی مۆنتۆنێرۆس بوو.[3] ئەو لە ١٥ی نیسانی ١٩٧٧ لە ناوچەی ڤیلا ٣١ لە شاری کاستێلار، پارێزگای بوێنس ئایریس، کاتێک لە وەزارەتی ئابووری کاری دەکرد، و بەدوای ئەوەیکە لە دامەزراوەی نەتەوەییی ئامار و سەرژمێریی ئەرژەنتین چووبوو بۆ کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی[4]، لەلایەن ئەندامانی ھێزە چەکدارەکانەوە دەستگیر و بێسەروشوێن کراوەتەوە.[1]
کۆرتینیاس لە ساڵی ١٩٧٧ەوە بەشێک بووە لە ھێڵی دامەزراندنی دایکانی گۆڕەپانی مایۆ، کە داوا دەکەن دەسەڵاتداران سزای ئەو کەسانە بدەن کە بە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی سەربازیدا لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٨٣ تاوانبارن. کۆرتینیاس گەشتی بە ھەموو کیشوەرەکاندا کرد و بانگھێشتی بنەماڵەکانی بێسەروشوێنەکان کرد و داوای دەکرد بۆ سزادانی ئەو کەسانە کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە وڵاتەکەیاندا تاوانبارن ھاودەنگ ببن. وەک مامۆستای زانکۆ، لەسەر پەیوەندیی نێوان دیکتاتۆریەتی سەربازی و قەرزی دەرەکی و قەیرانی ئابووری لە ئەرژەنتین شیکاری و لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە.[3]
کۆرتینیاس پشتگیریی خۆی لە خواستی لەباربردنی یاسایی نیشان دا، و لە ڕێپێوانی نی ئوونا مێنۆس (بەواتای: نە یەکێک کەمتر) لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ وەکوو وتاردەر لە بەرژەوەندیی ئەو خواستە وتاری دادەوە.[5]
نۆرا کۆرتینیاس لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە شاری مۆرون لە پارێزگای بوینس ئایرێس کۆچی دوایی کرد.[6]
نۆرا کۆرتینیاس بۆ ئەوەی داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان بکات و لە دژی زوڵم و زۆرداری لەسەر خەڵکی کورد ھەڵوێست وەربگرێت دووجار سەفەری کوردستانی کردووە.[7] [8] [9]
دووەم جار لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ سەفەری کوردستانی کرد و لە ١١٤ەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لەیلا گوڤەن بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لەگەڵیدا کۆبووەوە.[10] [11]
نۆرا کۆرتینیاس لە کەمپەینەکان و کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکان و چالاکییەکانی دژی تاوانە جەنگییەکانی حکومەتی تورکیا بەشداریی دەکردەوە.[12] [13] لە بەڵگەفیلمی «لەچکەیەک بۆ مێژوو»دا (بە ئیسپانی: Pañelos Para la historia) ئازار و بەرخۆدانی ھاوبەشی دایکانی کورد و ئەرژەنتینی ڕەنگی دایەوە.[10] [11]
نۆرا کۆرتینیاس ھەروەھا یەکێک لە بانگھێشتکارانی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەریەکی سیاسی بۆ کوردستان" بوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد.[10] [11] ئەو وێڕای میرتا ئاکوونیا دێ باراوایێ لە شوباتی ٢٠٢٢ ھێرەشەکانی تورکیایان بۆ سەر خاکی کوردستان بەتایبەت بوردۆمانەکانی ڕۆژاوای کوردستان، شنگال و مەخمووری ئیدانە کرد و گوتیان ھەوڵ دەدەن تا دەنگەکانی دژ بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی کوردەکان بەدەستی تورکیا بەرز ببێتەوە[14] و ھەروەھا سەبارەت بە ژنانی کورد گوتبوون:
بەدوای مردنی نۆرا کۆرتینیاس، کۆردیناسیۆنی کۆما ژنێن کوردستان (کەژەکە) بە بڵاوکردنی پەیامێک وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵە و دایکانی گۆڕەپانی مایۆ و خەڵکی ئەرژەنتین، لە چارالامپیدس وەکوو «شۆڕشگێڕ، پێشەنگ و بەرخۆدێری ژنان» و «دۆستی گەورەی گەلی کورد» ناو برد و ڕایگەیاند: "دایە نۆرا دایکی ھەزاران شۆڕشگێڕ لە چیاکانی کوردستان و زیندانەکانە و لە دڵماندا بۆ ھەمیشە دەمێنێتەوە".[7] [8] [9]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.