![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/2/26/Ferhadshakely.png/640px-Ferhadshakely.png&w=640&q=50)
فەرھاد شاکەلی
From Wikipedia, the free encyclopedia
فەرھاد شاکەلی شاعیر و ئەکادیمیکار و نووسەرێکی کوردە، ساڵی ١٩٥١ لەباشووری کوردستان، ناوچەی گەرمیان، لە دایک بووە. شاکەلی یەکێکە لەو شاعیرانەی کە شیعری کوردییان لە ١٩٧٠دا تازە کردەوە و بزووتنەوەیەکی گەورەی نوێخوازییان ھێنایە ناو ئەدەبی کوردییەوە. فەرھاد شاکەلی خوێندنی دواناوەندیی لە شاری کفری تەواو کردووە و لە سەرەتای حەفتاکاندا لە زانکۆی بەغدا، بەشی زمانی کوردی خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ چووە ڕێزی شۆڕشی کوردستانەوە و بوو بە پێشمەرگە و دوای ھەرەسھێنانی شۆڕش ماوەیەک خەباتی نھێنیی کرد و پاشان لە ڕێگەی بیابانەوە ڕووی کردە سووریا و ماوەیەک خەریکی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بوو. لە ھاوینی ١٩٧٧دا بە یەکجاری وازی لە کاری سیاسی ھێنا و ڕووی کردە ئەوروپا. شاکەلی دوای خوێندنی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، زمانانی نۆرد، زمانە کۆن و تازەکانی ئێران، وەک مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی لە زاانستگەی ئوپسالا، سوێد، دەستی بە کار کرد و ھەتا ئێستایش لەو زانستگەیە کار دەکات. فەرھاد شاکەلی تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی چاپ کردوون کە بەشێکی زۆریان دیوانی شیعرە، ئەوانی دیکەیش لێکۆڵینەوەی ئەکادێمی، کورتە چیرۆک، وەرگێڕان لە سوێدی و ئینگلیزییەوە و وتاری فکری و فەلسەفین. لە ساڵانی ١٩٨٥-١٩٩٦دا گۆڤاری (مامۆستای کورد) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی فەرھەنگی و فکری بوو، سەرجەم ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو. ھاوکاتیش ، ١٩٨٥-١٩٨٨، بە زمانی سوێدی گۆڤاری Svensk-kurdish journalی بڵاو کردەوە. فەرھاد شاکەلی ئەمڕۆ شاعیر، ئەکادێمی و زمانەوانێکی ناسراوی کوردستانە و بە شێوەیەکی چالاکانە لە ژیانی فەرھەنگیی کوردستاندا بەشداری دەکات.
![Thumb image](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/2/26/Ferhadshakely.png/320px-Ferhadshakely.png)