From Wikipedia, the free encyclopedia
زۆربای یۆنانی (بە یۆنانی: Βίος και Πολιτεία του Αλέξη Ζορμπά) ڕۆمانێکە لەلایەن نووسەری بەناوبانگ نیکۆس کازانتزاکیس نووسراوەتەوە، ڕۆمانەکە باس لە کەسایەتی پیاوێکی ڕۆشنبیر دەکات بەناوی باسێل کە نوقمی جیھانی خوێندنەوە بووە، لە گەشتەکەیدا چاوی بە پیاوێکی نەخوێندەوار دەکەوێت، قوتابخانەی ئەم پیاوە بریتییە لە ژیان و ئەزمونەکانی، زوو دەبن بە ھاوڕێی یەکتر و باسێل زۆر شت لەم پیاوە فێردەبێت کە پێشتر لە پەرتووکەکانیشی نەیخوێندبونەوە، بەو ھۆیەوە بڕیار دەدەن پڕۆژەیەک پێکەوە ئەنجام بدەن بەو پارەیەی کە باسێل لە باوکییەوە بۆی بەجێماوە، ئەم پیاوە نەخوێندەوارە ناوی زۆربایە، دەزگای ھۆڵیود فیلمێکی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە بەرھەم ھێناوە بەھەمان ناونیشان زۆربای یۆنانی کە ئەکتەری بەناوبانگ ئەنتۆنی کوین ڕۆڵی سەرەکی تێدابینیوە.
زۆربا کەسایەتی ڕاستەقینەی ناوەوەی نیکوس کازانتزاکیسی نووسەرە کە لە چەند دەستنووسێکی ئاماژەی پێداوە، کە زۆر خولیای ئەو کەسایەتییەی ناوناخی بووە و ڕۆمانەکەشی بەناو کردووە، بە شێوەیەکی زۆرمەزن پێیداھەڵداوە و، وەھای ناساندووە کە کەسێکە زۆر دڵی بەژیانەوە خۆشە و غەمباری ناناسێت تەنانەت لە کاتە زۆر زۆر سەختەکانیشدا سەما دەکات جۆرەسەمایەک کە ئێستا بە (سەمای زۆربا) بەناوبانگە، لەم سەمایەدا وەک چۆلەکەیەک ھەڵدەفڕێت و ھەرچی ھەیە لەدەوروپشتی لە مرۆڤ و باڵندە و بێگیانەکان لەبیر دەکات.
زۆربا کەسایەتی باسێل بە «سەرۆک» بانگ دەکات ئەم دەستەواژەیە لە یۆنان بۆ کەسانێک بەکاردێت کە بەرھەم ھێنان دەکەن لە ڕێگای پارەوە بەتایبەت ئەوانەی بەرھەم ھێنان لە دەرھێنانی خەڵوز دەکەن لە کانەکاندا، ھەر بۆیە کاتێک لەگەڵ باسێل (سەرۆک) لە کانەیەکی خەڵوز زەرەرمەند دەبن، زۆربا بڕیار دەدات بچێت بۆ شار و کەلوپەلی کاری زیاتر بھێنێت وە سامان و پارەی سەرۆک لەگەڵ خۆی دەبات، کاتێک دەگاتە شار بۆ پشوودان سەردانی مەیخانەیەک دەکات، لە مەیخانەکەدا شۆخێکی جوانکیلە دەبینێت و ھەستی پیاوەتی دەبزوێت و ھەرچی پارە و سامانی سەرۆک ھەیە بەسەریدا دابەش دەکات، وە نامەیەکیش بۆ سەرۆک دەنووسێت کە شتێکی کردووە ھەر پیاوێکی تر بێت لە جێگای ئەو ھەمان شت دەکات.
زۆربا کە کەسێکی نەخوێندەوارە و ھیچ شتێک لە بارەی پەرتووکەوە نازانێت لە بەرامبەردا «سەرۆک» ی ھاوڕێی خوێنەرێکی زۆر کوشندەیە، دەبنە دوو ھاوڕێی خۆشەویستی یەکتر و نابێتە سەرھەڵدانی ھیچ کێشەکی ھیزری و ڕۆشەنبیری لە نێوانیان، جگە لە نەبوونی بەرژەوەندی و خۆویستی دەبنە تەواوکەری یەکتر. ھەر یەکەیان خۆی بەتەواوکەری ئەوی تر دەزانێت.
لە ساڵی ٢٠١٢ «دەزگای کازانتزاکیس» ھەموو بەرپرسیاریەتەکی لە بەرھەم و داھێنان و شاکارەکانی کازانتزاکیسی خستە ئەستۆی خۆی کە نازناوی «شاکارە جیھانییەکان» یان لێنا، کە ھەرچی بڵاوکراوە و چاپەمەنی بەرھەمەکانی ھەیە مافەکانیان پاراست، ھەمان دەزگا ھەڵسا بە وەڕگێڕانی (زۆربای یۆنانی) لە دانە ڕەسەنەکەوە بۆ زۆربەی زمانە جیھانییەکان وەک زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی.
دەرھێنەری یۆنانی مایکڵ کاکۆیانیس لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ھۆڵیود ھەستا بە گواستنەوەی ڕۆمانەکە بۆ سەر شاشەی سینەمایەکان بە پاڵەوانیەتی ئەنتۆنی کوین، وایرین باباس و ئالان بیتس و مۆسیقاکاری یۆنانی میکیس تێۆدۆڕاکیس لەژێر ناونیشانی «ئەلکسیس زۆربا».
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.