دەستدرێژیی سێکسی
From Wikipedia, the free encyclopedia
دەستدرێژی سێکسی (بە ئینگلیزی: Rape) بریتییە لە کردنی ھەرجۆرە نزیکیەکی سێکسیە لەگەڵ کەسێک بەبێ ڕازیبوونی ئەو. دەستدرێژی سێکسی دەستەواژەیەکە کە لە پزیشکی دادوەری و تاوانناسی دا بەکار دەھێنرێت. دەستدرێژی سێکسی لە ڕاستی دا تەنیا پەلامارێکی جەستەیی نییە، بەڵکوو ھەروەھا جۆرێک پەلامارێکی مەعنەوی و ھێرشکردنە سەری حورمەت و کەرامەتی مرۆڤە کە تێدا کەسی قوربانی لە مافی خۆی بێبەش دەبێت. ئەم جۆرە دەستدرێژییە کە حاڵەتێک لە توندوتیژییە، زۆرجار لەگەڵ ھەڕەشەی کوشتن دایە.
لە دەستدرێژی سێکسی دا پێویست نییە کە ئەندامی زاوزێی پیاو بچێتە نێو جەستەی ژنەوە وە پرۆسەی ڕاحەتبوون تەواو ببێت؛ کەواتە ھەبوونی پەردەی کچێتی نابێتە ھۆکار بۆ ئەوەی کە بگوترێت دەستدرێژی سێکسی نەکراوە.
بە پێچەوانەی بیروڕای گشتی کە دەستدرێژی سێکسی بە پەلاماری پیاو بۆ سەر ژن یان پیاوێکی دیکە دەزانێت لەوانەیە دەستدرێژی لەلایەن ژنەوە بۆ سەر پیاو بکرێت.
نزیکی سێکسی کەسێکی پێگەیشتوو لەگەڵ کەسانی کەمتەمەن و منداڵ وەکوو دەستدرێژی دادەنرێت، تەنانەت ئەگەر بە ڕازیبوونیش بێت.
سەلماندنی ئەوەی دەستدرێژی سێکسین کراوە یان نە لە ئەستۆی پزیشکی دادوەری دایە وە ھەندێ جار بە ھۆی ھەبوونی نیشانەی زۆر وەکوو ڕووشان، دڕان و کەووبوونەوە زۆر ئاسان و سادەیە وە ھەندێجاریش لەوانەیە بەھۆی نەبوونی ھیچ نیشانەیەک پشتڕاست نەکرێتەوە.