ئەفسەری سەربازی ڕوسی From Wikipedia, the free encyclopedia
دیمیتری ئوتکین (بە ڕووسی Дмитрий Валерьевич Уткин) لەدایکبووی ١١ی حوزەیرانی ١٩٧٠- مردووی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣)[1][2] ئەفسەرێکی سوپای ڕووسیا بوو. وەک ئەفسەری هێزی تایبەت لە «GRU» کاری کردووە، لەوێ پلەی لیوای عەقید بووە.[3] دەوترێت ئەو گروپی ڤاگنەری دامەزراندووە.[4][5][6][7][8]ئوتکین چوار خەڵاتی بوێری وەرگرتووە.
دیمیتری ڤالێریڤیچ ئوتکین لە ١١ی حوزەیرانی ١٩٧٠ لە ئاسبێست، گوندێک لە ئۆبلاستی سڤێردلۆڤسکی یەکێتی سۆڤیەت لەدایک بووە.[9] دایکی ئەندازیاری شارستانییە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا لە باوکی ئوتکین جیابووەوە.[10]
لە سەرەتای منداڵیدا ئوتکین و دایکی گواستراونەتەوە بۆ گوندی سمۆلین لە ئۆکرانیا لە کیرۆڤۆھراد ئۆبلاست و لەوێ گەورە بووە.[11][12], لەلایەن هاوپۆلەکەیەوە بە خوێندکارێکی زیرەک وەسف دەکرا، بەڵام خۆبەزلزانیش بووە.[13] لە سمۆلین دوو منداڵی بووە.[14]
دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە سمۆلین، ئوتکین ڕووی لە لینینگراد (سەنت پیتەرزبورگ) کرد و لەوێ چووە قوتابخانەی فەرماندەیی باڵای چەکی تێکەڵاوی S. M. Kirov و دواتر پەیوەندی بە هێزە تایبەتەکانی GRU کرد.[15]
لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەگەڵ ئیلێنا شێربینینا هاوسەرگیری کردووە کە سێ منداڵیان بوو و لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ جیابوونەتەوە.[16] لە ساڵی ٢٠١٥ شچەربینینا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ئوتکینی راگەیاند.[17]
بەگوێرەی چەند دەزگایەکی هەواڵ، ئوتکین سەرسامی ئەڵمانیای نازییە و چەندین تاتۆی نازی هەیە، لەنێویاندا نیشانەی (SS).[18][19][20][21] دەوترێت ئوتکین خۆی بە ناوی ئاوازدانەری ئەڵمانی ڕیچارد ڤاگنەر ناو بردووە، چونکە ئەدۆلف هیتلەر و نازییەکان زۆر سەرسامی ئاوازەکانی ڤاگنەر بوون.[22][23][24] ئوتکین لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە.[25]
ئوتکین تا ساڵی ٢٠١٣ وەک فەرماندەی مەفرەزە تایبەتە جیاکراوەکانی ٧٠٠ی لیوای تایبەتی دووی جیا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا (GRU) کاری کردووە، کە لە شاری پێچۆری ئۆبلاستی پسکۆڤ جێگیر بووە.[26][27]
دوای خانەنشین بوونی پەیوەندی بە فەیلەقی سلاڤۆنیکەوە کرد، لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەرەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا شەڕی کردوە، و لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ گەڕایەوە مۆسکۆ.[28]
هەر دوای گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا، دەوترێت ئوتکین گروپێکی بەکرێگیراوی بۆ خۆی دروستکردووە. ناوی گروپەکە، گروپی ڤاگنەرە، کە ئاماژەیە بۆ ئەو ناوەی کە ئوتکین لەو کاتەدا بۆ خۆی بەکاری دەهێنا، "ڤاگنەر"، ئاماژەیە بۆ ئاوازدانەری ئەڵمانی ڕیچارد ڤاگنەر.
ئوتکین و "گرووپی ڤاگنەر" هەروەها چەند ئەفسەرێکی دێرین لە فەیلەقی سلاڤۆنی، لە شوباتی ٢٠١٤ لە کریمیا و دواتر لە دۆنباس بینران، کە لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا لە بەرەی ڕووسیا شەڕیان دەکرد.
ماڵپەڕی Gazeta.ru بڵاویکردەوە کە دەکرێت ئوتکین و پیاوەکانی دەستیان هەبووبێت لە کوشتنی چەند فەرماندەیەکی مەیدانی کۆماری گەلی لوهانسک. ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردەوە، ڕەنگە ئوتکین کەسێکی بەناوبانگی کۆمپانیاکە بووبێت، لەکاتێکدا سەرۆکی ڕاستەقینەی ڤاگنەر کەسێکی دیکە بووبێت.[29]
ئوتکین لە کرێملین لە کاتی ئاهەنگی ڕۆژی پاڵەوانانی وڵاتی باوک لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ بینرا. وەک براوەی چوار خەڵاتی بوێری بەشداری ئاهەنگەکەی کردووە، لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین وێنەی گیراوە.[30]
دیمیتری پێسکۆڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ڕووسیا دانی بەوەدانا کە ئوتکین لە نێو بانگهێشتکراوەکاندا بووە، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەکرێگیراوان نەدا.[31]ئاژانسی ئاڕ بی کەی بڵاویکردەوە، دوای تەواوکردنی مەشق و ڕاهێنانەکان لە کراسنۆدار کرای، ئوتکین و پیاوەکانی لە ساڵی ٢٠١٥دا گەڕانەوە بۆ سوریا.[32] هەر زوو دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە سووریا، هەواڵەکان سەبارەت بە کوژرانی بەکرێگیراوانی ڕووسیا کە لەوێ شەڕیان دەکرد، دەرکەوتن. چەند وێنەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، وا دەر دەکەوێت کە پیاوە چەکدارەکانی ڕووسیا بن کە لە شەڕی پاڵمیرا لە مانگی ئازاری ٢٠١٦دا کوژراون.[33] سکای نیوز بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کەس کە زۆربەیان بەکرێگیراوانی ڤاگنەر بوون، لە سوریا کوژراون.[34]
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، ئەمریکا سزای بەسەر ئوتکین وەک سەرۆکی گروپی ڤاگنەر سەپاند.[35]لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ڕێوشوێنی سنووردارکردنی بەسەر ئوتکین و کەسانی دیکەی پەیوەست بە گروپی ڤاگنەردا سەپاند. ئوتکین تۆمەتبار کرابوو بەوەی "بەرپرسە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن گروپەکەیەوە ئەنجامدراون، کە بریتین لە ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتنی لە دەرەوەی یاسا.[36][37]هەروەها بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن حکومەتی نیوزلەندا[38] و بەریتانیاوە سزای بەسەردا سەپێنرا.
ئوتکین لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکەوە لەگەڵ ٩ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا یەڤگنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کەناڵێکی تێلێگرامی سەر بە ڤاگنەر بانگەشەی کردووە کە فڕۆکەکە لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی ئۆبلاستی تیڤەر خراوەتە خوارەوە. [39] [40]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.