داواکارییەکانی میوانداریی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢
From Wikipedia, the free encyclopedia
پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ پڕۆسەی دیاریکردنی وڵاتی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفایە و بەھۆیەوە فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی تۆپی پێ (فیفا) وڵاتی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ دیاریکردووە.
بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆسەکە لە ئازاری ٢٠٠٩ دەستی پێکرد، ١١ داواکاری لەلایەن ١٣ وڵاتەوە پێشکەشکرا، داواکارییەک کشایەوە و داواکارییەکی تریش پێش دەنگدانی دەستەی جێبەجێکاری فیفا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٠ ڕەتکرایەوە. تەنھا ٢ داواکارییان بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ بوو، ئەوانی تر داواکاری بوون بۆ ھەردوو وەشانەکە.
لەماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا، سەرجەم داواکارییە نائەورووپییەکان بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ کشانەوە و سەرجەم داواکارییە ئەورووپییەکان بۆ وەشانی ٢٠٢٢ دوورخرانەوە. لەکاتی بڕیارداندا، داواکارییەکانی ئینگلتەرا و ڕووسیا و داواکارییە ھاوبەشەکانی بەلجیکا-ھۆڵەندا و ئیسپانیا-پورتوگال بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ مانەوە. وڵاتانی ئوسترالیا، ژاپۆن، قەتەر، کۆریای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکان داواکارییان بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ پێشکەشکرد. داواکاریی ئیندۆنیزیا بەھۆی نەبوونی پاڵپشتی حکوومەتەوە نەپاڵێورا و مەکسیکیش بەھۆی قەیرانی داراییەوە داواکارییەکەی کشانەوە.
لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، ڕووسیا و قەتەر بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ دیاریکران، پڕۆسەی دیاریکردنەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە. مافی دەنگدانی ٢ ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری فیفا ھەڵپەسێندرا بە تۆمەتی فرۆشتنی دەنگیان. دوای سەرکەوتنی قەتەر ئەم تۆمەتانە زیاتر دەرکەوتن. ١١ ئەندام لە کۆی ٢٢ ئەندامی دەستەکە سزادران، ھەڵپەسێنردران، بۆ ھەتا ھەتایی سڕکران یان ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە.