From Wikipedia, the free encyclopedia
حیکمەت تێگەیشتەیەکی زۆر گرنگە لە دین و لە فەلسەفەدا کە بەکورتی بریتییە لە زانایییەکی ھاوڕێ لەگەڵ کردەوە (عیلم + عەمەل). [1] وشەکە زیاتر وەک بەرامبەری ڕۆژھەڵاتی-ئیسلامیی وشەی یۆنانیی «فەلسەفە» بەکار ھاتووە.[2][3]
حیکمەت وشەیەکی عەرەبییە لە ڕیشەی ح ک م. ھەموو ئەو وشانەی لەم ڕیشەیەوە سەریان ھەڵداوە، وەکوو حاکم، حکوومەت، حوکم و، حەکەم، ماناکەیان بەسراوە بە داوەریکردن و بڕیاردان و فەرماندانەوە.[4] جەمال نەبەز وشەی «پیتۆڵی» بە ھاوسەنگی کوردیی وشەی حیکمەت دادەنێ و ئەڵێ «پیتۆڵ بە مانای فەیلەسووف و بلیمەت و قسەزانە و، لە پیت بە مانای حەرفەوە دێ و، عەرەب پێ ئەڵێ حەکیم». [5] بەڵام، ھەژار لە وەرگێڕانی قورئاندا لە بەرانبەر حیکمەتدا «کارزانی» و «لەکارزانی»ی بەکار ھێناوە. بۆ نموونە، ئایەتی ٢٦٩ی سوورەتی بەقەرەی ئاوەھا وەرگێڕاوەتەوە «لەکارزانی دەدا بە ھەر کەس بیھەوێ. بە ھەر کەسیش لەکارزانی بدرێ، ئەوە خێری زۆری پێ دراوە. ئامۆژگاریش بەھرە نادا مەگین بۆ خاوەن ئاوەزان.»[6] [7] یان وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ [8]ی ئاوەھا کردووە بە کوردی «سوێند بە قوڕئان، کە سەرلەبەر کارزانییە.»[7]
یۆنانیانی دێرین حیکمەتیان بە فەزیلەتێکی گەورە ئەزانی و لە کەسایەتیی خواژنەکانیاندا، بەتایبەت میتیس و ئاتینا، شێوەیان پێ دابوو.[9] بە لای سوقرات و ئەفلاتوونەوە، مانای ڕاستەقینەی فەلسەفە حیکمەتدۆستی (فیلۆ "خۆشویستن" + سۆفیا "حیکمەت") بووە. ئەمە تەنانەت لە دیالۆگەکانی ئەفلاتوونیشدا خۆی ئەنوێنێ. بەتایبەت لە کۆماردا کە بڕیارە میران و ڕێبەرانی یوتۆپیاکەی فەیلەسووفان بن، حاکمانێ کە چاکە ئەناسن و ئەو بوێرییەیان تێدایە کە بە گوێرەی بجووڵنەوە. ئەرەستوو، لە میتافیزیکەکەیدا، ئەڵێ حیکمەت تێگەیشتن لە سەبەبە (ھۆ)، واتە زانینی ئەوەی کە شتەکان بۆچی وان، نەک تەنیا زانینی ئەوەی کە شتەکان وان.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.