ئەژدیھا: چیرۆکی برووس لی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەژدیھا: چیرۆکی برووس لی (بە ئینگلیزی: Dragon: The Bruce Lee Story) فیلمێکی ساڵی ١٩٩٣ی درامیی ژیاننامەییی ئەمریکییە لە دەرھێنانی ڕۆب کۆھین. لەم فیلمەدا جەیسن سکۆت لی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. کاستی پاڵپشتی لە فیلمەکەدا بریتین لە لۆرن ھۆڵی و نانسی کوان و ڕۆبێرت واگنەر. فیلمەکە باس لە ژیانی ئەکتەر و ھونەرمەندی جەنگی برووس لی (جەیسن) دەکات لە گەشتکردنی بۆ ئەمریکا لە ھۆنگ کۆنگەوە بۆ کارکردن وەک مامۆستای ھونەری جەنگی. دواتر پیشەکەی بۆ ئەکتەری تەلەڤیزیۆنی و فیلم دەگۆڕێت. ھەروەھا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان برووس و ھاوسەرەکەی لیندا لی کادوێڵ، و ئەو ڕەگەزپەرستییەی کە برووس لە ئەمریکا دووچاری بووبوو.
ئەژدیھا: چیرۆکی برووس لی | |
![]() | |
دەرھێنەر | ڕۆب کۆھین |
---|---|
بەرھەمھێنەر | رافایلا دێ لۆرنتیس ڕیک ناتانسۆن دان یۆرک |
سەرچاوەی چیڕۆک | برووس لی: ئەو پیاوەی تەنیا من دەمزانی لەلایەن لیندا لی کادوێڵ |
چەشنی فیلم | درامی |
کاست | جەیسن سکۆت لی لۆرن ھۆڵی نانسی کوان ڕۆبێرت واگنەر |
مۆسیقا | ڕاندی ئێدڵمان |
وێنەگری سینەمایی | دەیڤد ئێگبی |
دەستکاری | پیتەر ئامەدسن |
ستۆدیۆ(کان) | یوونیڤەرساڵ پیکچەرز |
کۆمپانیای بڵاوکەرەوە | یوونیڤەرساڵ پیکچەرز |
ڕێکەوتی دەرچوون | ٧ی ئایاری ١٩٩٣ |
ماوەی فیلم | ١٢٠ خولەک[1] |
وڵات | ئەمریکا |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | ١٦ ملیۆن دۆلار |
داھات | ٦٣ ملیۆن دۆلار |
سەرچاوەی سەرەکی سیناریۆکە، پەرتووکێکی ساڵی ١٩٧٥ی ژیاننامەییی لیندا لی کادوێلە بە ناوی برووس لی: ئەو پیاوەی تەنیا من دەمزانی. سەرچاوەی دیکە بریتین لە پەرتووکی ڕۆبێرت کلاوس بەناوی «برووس لی: ژیاننامە و لێکۆڵینەوەکانی کۆھین»، و سەرچاوەی تری وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ کادوێڵ و کوڕەکەی برووس، براندن لی. لەبری ئەوەی فیلمەکە وەک ژیاننامەیەکی دووبارە و لاساییکەورەوە دەربکەوێت، کۆھین بڕیاری لەسەر دانانی توخمی ئوستوورە دا و دیمەنەکانی شەڕکردن تێیدا بە درامی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ھەمان تۆنی ئەو فیلمانە بدات کە برووس ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە. وێنەگرتنی فیلمەکە بە شێوەی سەرەکی لە ھۆنگ کۆنگ و لۆس ئانجلەس و سانفرانسیسکۆ گیراوە.
ئەژدیھا: چیرۆکی برووس لی بەگشتی پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت. بە شێوەیەکی گشتی ڕەخنەگران بە فیلمێکی سەرنجڕاکێشیان وەسفکرد، گەرچی لە ڕەخنەیان لەو ڕێزە گەروەرەیەی بەرھەمەکە بە برووسی دابوو، ھەبوو. جەیسن بۆ ئەو ڕۆڵەی ستایشی زۆری لێکرا بەھۆی ئاست بەرزییەکەیەوە. فیلمەکە سەرکەوتنێکی بازرگانی بەدەستھێنا و داھاتەکەی لە تێکڕای بۆکس ئۆفیسی فیلمە ژیاننامەیییەکان تێپەڕیدا. ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ لایەنی ڕۆمانسی فیلمەکە و شێوەی جیاوازی گوتنەوەی چیڕۆکەکە بوو کە سەرنجی بینەرانی ڕاکێشا. ساڵی دواتر وەرگێڕانێکی کایەی ڤیدیۆیی بە ھەمان ناو بڵاوکرایەوە. فیلمەکە پێشکەشکراوە بە براندن کە چەند ھەفتەیەک بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆچی دوایی کرد.