From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەسەدەددین شێرکۆ کوڕی شادی کوڕی مەڕوان کوڕی یەعقوب د,ونیی، سەرکردەیەکی کوردی نەژادە، لە شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستان لە دایک بووە لە ساڵی ٥٠٠ی کۆچی، شێرکۆ لە کوردیدا بە مانای شێری شاخ دێت، لەگەڵ نەجمەددین ئەییووبی برای کە باوکی سەلاحەددین بوو بە یەکەوە گەورەبوون لە تکریت هەروەک ئەوەی شادی باوکیان لەوێ ئەژیا، نەجمەدین گەورەتربووە لە ئەسەدەدین، و خاوەنی عەقڵ و دانایی و لەسەرخۆیی بووە، لە کاتێکدا ئەسەدەددین وەک نەیزەکێکی گڕگرتوو بووە و ئارامی نەگرتووە لەسەر هیچ ئازاردان و دوژمنایەتی و پێشێلکردنی پیرۆزییەک لەبەر ئەمەیە کە لە شوێنێکەوە گواستویەتیەوە بۆ شوێنێکی تر.
ئەسەدەددین شێرکۆ | |
---|---|
لەدایکبوون | ٥٠٠ک |
مەرگ | ٥٦٤ک، |
نەتەوە | کورد |
پاش | سەلاحەددین ئەیووبی |
ئایین | ئیسلامی سوننە |
ئەسەدەددین و نەجمەددینی برای لە خزمەتی میر بەهرۆزی سەرۆکی پۆلیسی بەغدادا ئیشیان ئەکرد کەلە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقیەکاندا بوو، میر بەهرۆز قەڵای تکریتی بۆ جیاکردبوونەوە و ناوبانگێکی باشیان هەبوو لەناو خەڵکدا، ساڵی ٥٢٦ک ڕووداوێک ڕوویدا بەکورتیەکەی ئەسەدەددین و نەجمەددین یارمەتی سەرکردەی لێهاتوو (عیمادەددین زەنگی)یان دا دوای ئەوەی بە تێکشکاوی هاتە تکریتەوە لەبەرامبەر هەندێک لە دوژمنەکانی، ئەم دوو برایەش یارمەتی عیمادەددینیان دا تا بڕواتەوە بۆ مووسڵ و میر بەهرۆز لە ناکۆکیەکی توندا بوو لەگەڵ عیمادەددین زەنگی، لەبەرئەوە ئەم هەڵوێستەی ئەسەدەددین و نەجمەددینی بە دڵ نەبوو و بازنەی لێ تەسک کردنەوە و لە فرسەتێک ئەگەڕا تا لێیان بپرسێتەوە، سەربازەکانی بەهرۆز خەڵکی قەڵای تکریت و کەس وکاری ئەسەدەددین و نەجمەددینیان بێزار ئەکرد، هەتا ئەو فرسەتە هات کە ئەیویست، یەکێک لە سەربازەکان ڕێگەی بە کچێکی ماڵی ئەسەدەددین گرتبوو و کچەکەش لای ئەسەدەددینی مای شکاتی لێکرد، لەبەر ئەوە لەگەڵ سەربازەکەدا بەگژیەکدا چوون و بە کوژرانی سەربازەکە کۆتایی پێهات، میر بەهرۆز لەسەر ئەوە توڕەبوو و فەرمانی دەرکردنی نەجمەددین و ئەسەدەدەددین و کەس وکاریانی دەرکرد لە قەڵاکە لە ساڵی ٥٣٢ک و لەو شەوەدا کە سەڵاحەددین لە دایک بوو.
ئەو دووبرایە بڕیاریان دا بڕۆن بەرەو لای میری مووسڵ (عیمادەددین زەنگی)، کە ئەویش پێشوازییەکی گەرمی لێکردن و سوپاسی هەڵوێستەکەیانی کرد، بە بەرپرس و سەرکردەکانی ناساندن و ڕێزێکی ئێجگار زۆری لێگرتن، و ناوچەی بۆ جیا کردنەوە، نەجمەددینی کرد بە والی بەعلبەک و ئەسەدەددین بە یەکێک لە سەرگەورەکانی سوپاکەی، عیمادەددین شارەزا بوو لە ناسینی پیاوەکان و ناسینەوەی تواناکانیان، ئەمەش وایکرد بتوانێت دایانبمەزرێنێت بەپێی لێهاتوویەکانیان، لە نەجمەددیندا عاقڵی و دانایی ئەبینی لە سەرکردایەتی کردن و سیاسەتدا و لە ئەسەدەددیندا سەرکردەیەکی ئازا و بە توانای ئەبینی.
ئەسەدەددین لە خزمەتی عیمادەددیندا مایەوە، و لە هەموو شەڕەکانی خاچھەڵگری لەگەڵیدا بوو، هەروەها لەە ڕۆژی فەتحی ڕەهادا لەگەڵی بووە، عیمادەددین ڕێزی لێدەنا و خۆشی ئەویست لەبەرئەوەی نموونەی سەرکردەیەکی ئازا بوو کە مردن نەیئەترساند، بەم شێوەیە مایەوە و لە سەربازگەکە لەگەڵیدا بوو لەو شەوەی عیمادەددین کوژرا لە ساڵی ٥٤١ک، لەو کاتەدا کە ئەسەدەددین هەستا بە یەکێک لە گرنگترین کارەکان، ئەویش پاراستنی سەربازگەی موسڵمانان بوو لە تاڵان و بڕین کە لە کاتی کوژرانی سەرکردەکاندا ڕوو ئەدات، پاشان مستیلەی پاشایەتی تایبەت بە عیمادەددینی دا بە نورەددینی مەحموود کوڕی بۆ گرتنە دەستی خەلافەت لە جێگەی باوکە شەهیدەکەی، پاشان هەستا بە پارێزگاری نورەددین هەتا بە سەلامەتی گەیشتە شاری حەلەب، نورەددین ئەم چاکەیەی ئەسەدەددنی بینی و کردی بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکان لێوەی، لەو ڕۆژەوە ئەسەدەددین بوو بە سەرکردەی سوپای نورەددینی مەحموودی میری نوێی دیمەشق و شام، و یەکێک بوو لە دڵسۆزترین و بەهیزترین بەرپرسەکانی سوپای شامی، و پیاوێکی گرنگ بوو کە نورەددین مەحموود پشتی پێ ئەبەست لە ناهەمواری و کاتە قورسەکاندا، و چەندین هەڵوێست و پاڵەوانێتی ناوداری هەبوو.
لە دیمەشق میر نورەددین زەنگی و ئەسەدەددین شێرکۆ وەک مامۆستای یەکەم و فێرکاری ڕاستەقینە و دۆزەرەوەی توانا و لێهاتوویەکانی کوڕی براکەی سەڵاحەددین یوسف کوڕی ئەیووب سەلاحەددینی ئەیووبی بوون، ئەمەش لەو کاتانەوە کە سەلاحەدین گەنجێکی لاو بوو کە شێرکۆ بە چاوی شارەزا لەم گەنجە مناڵەدا عەقڵ و دانایی نەجمەددینی باوکی و ئازایەتی و سوارچاکی ئەسەدەددینی مامی و لەخواترسی و دینداری نورەددینی میری تیادا بینیەوە کە ئەم سێ ڕەوشتەش بەسن بۆ ئەوەی ئەم کوڕە لاوە لە داهاتوودا ببێت بە پێشەوای نەتەوە، هەموو ئەمانە ئەسەدەددین لە کوڕی براکەیدا بینییەوە و پەیمانی دا بە چاودێری کردنی و وبردیە لای خۆی و ڕاهێنانەکەی گرتە ئەستۆ لەسەر هونەرەکانی جەنگ وسەرکردایەتیکردنی سوپا و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی داستانەکان بە هێرش و بەرگریەوە، هەروەها فێری هونەرەکانی سیاسەت و وتوێژی کرد، هەتا ئەم لاوە گەنجە پێ گەیشت و بوو بە لاوێکی بەهێز و ئەسەدەددین هاوڕێیەتی ئەکرد لە هەموو شوێنێک و لە شارەکانی شام وەکو دەستی راستی وابوو و هەرکەس نەیناسیایە وای دائەنا کە سەلاحەدین تاکە کوڕی ئەسەدەددین بێت، و هەروەها ڕاهێنان و فێرکردنی سەلاحەددین بە گرنگترین کارەکانی ئەسەدەددین دائەنرێت.
ئەسەدەددین شێرکۆ یەکێک بوو لە سەرکردە گەورەکانی دیمەشق و بەهۆی شارەزاییە سەربازییەکەی و تێراوانینی سیاسی بۆ بارودۆخی ئەو کاتەی جیهانی ئیسلامی، بە پێویستی ئەزانی میسر بگرن و فەتحی بکەنەوە و دەوڵەتی فاتیمی بروخێنن، و قودس بگەڕیننەوە لە دەستی خاچھەڵگرەکان دوای ئەوەی ساڵی ٤٩٢ک گرتبوویان، و ئەسەدەددین کاریگەر بوو بە یەکگرتنی جیهانی ئیسلامی لە بەرامبەر خاچھەڵگرەکان، ئەمەش نەئەکرا بە یەکخستنی شام و میسر نەبێت، لەبەر ئەوە شێرکۆ فەتحکردنی میسری دووپات ئەکردەوە بەڵام میر نورەددین زەنگی کاتەکەی بە گونجاو نەئەزانی و چاوەڕێی فرسەتێکی ئەکرد.
بارودۆخ لە میسر تەواو تێک چوو بوو، ناکۆکی نێوان شاور و زڕغام لەسەر پۆستی وەزیری دەوڵەتی فاتیمی پەرەی سەند، زڕغام سەرکەوت بەسەر شاوردا و لە میسر کردیە دەرەوە ئەویش پەنای بردە بەر نورەددین چەند بەڵێنێکی پێدان لە بەرامبەر ئەوەی وەزارەتەکەی بۆ بگەڕێننەوە، نورەددین ئەمەی بە فرسەتێکی باش زانی بۆ فەتحی میسر، سەرکردەی سوپاکەی ئەسەدەددین شێرکۆی ڕاسپارد بۆ ئەو مەبەستە بڕوات بەرەو میسر، شێرکۆ زۆر دڵ خۆش بوو بەم ئەرکە و بە هاوەڵی برازاکەی سەڵاحەددینی ئەیووبی دەرچوو لە دیمەشق لە ساڵی ٥٥٩ک و تەنها لەگەڵ ١٠٠٠ پیاودا.
ئەسەدەددین لە سەرکردایەتی سوپاکەیدا کە لە هەزار سەرباز پێکهاتبوو گەیشتە بلبیس و لەگەڵ سوپای زڕغامدا بە یەکیاند و سەرکەوت بە سەریاندا و پێشکەوت بەرەو قاهیرە تا زڕغامی گرت و شاوری گێڕایەوە بۆ پۆستەکەی، بەڵام شاور خیانەتی لە بەڵێنەکانی کرد و فەرمانی کرد بە شێرکۆ بگەڕێتەوە و هەڕەشەی لێکرد، ئەسەدەددین چووە شاری بلبیس و بە شاوری ڕاگەیاند کەوا ناگەڕێتەوە بە فەرمانی نورەدین زەنگی میری نەبێت، بەڵام شاور تەنها بیری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەکردەوە لەبەرئەوەی داوای یارمەتی لە خاچھەڵگرەکانی شام کرد تا یارمەتی بدەن لە دژی ئەسەدەددین، و خاچھەڵگرەکان هەر کاتێک ئەسەدەددین بەرەو میسر ڕۆیشت زانیان مەترسیان بۆ مانەوەیان دروست ئەبێت ئەگەر میسر فەتح بکرێت، لەبەر ئەوە خێرا کۆبوونەوە و دڵخۆشبون بەمە و سوپاکانیان نارد و شاور پارەیەکی زۆری پێدان لە بەرامبەریدا.
هێزە خاچھەڵگرەکان کۆبوونەوە لەگەڵ سەربازەکانی شاور و گەمارۆی هێزە شامییەکانیان دا، شێرکۆ سێ مانگ لە بلبیس مایەوە لەگەڵ ئەوە دیوارەکانی دەوری شارەکە کورت بوون و هیچ خەندەق و قەڵایەکی تێدا نەبوو، بەڵام خاچھەڵگرەکان شارەکەیان نەگرت لەبەر ترسیان لە ئەسەدەددین، لەم کاتەدا نورەددین زەنگی هێرشی کردە سەر موڵکەکانی خاچھەڵگرەکان و بەرزایی حارمی گرت و خاچھەڵگرەکانی لە ترسی ئەوەی موڵکەکانی تریان لە دەست نەدەن ناردیان بۆ لای ئەسەدەددین و داوای ڕێکەوتنیان کرد و ئەسەدەددین ڕازی بوو، و هەر یەکێکیان گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان.
ئەسەدەددین شێرکۆ گەڕایەوە شام و داخ لە دڵ بوو لە خیانەتی شاور و بارودۆخی یاخیبووی میسر و ئەیویست جارێکی تر بە خاچھەڵگر و خیانەتی میسرییەکان بگاتەوە، هەتا پاشا نورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٦٢ک ڕازی بوو، و ئەسەدەددین لە سوپایەکدا دەرچوو کە ژمارەیان دوو هەزار بوو، شاور هەروەک پێشتر خێرا داوای یارمەتی لە خاچھەڵگرەکان کرد، ئەوانیش بە هەزارانیان هاتن تا لە بەرامبەر ئەسەدەددین ڕاوەستن و خۆیان میسر داگیربکەن، و شێرکۆ بە هێواشی ئەڕۆیشت و کە پێیان ڕاگەیاند سوپای خاچھەڵگرەکان ئێجگار زۆرن و سەربازەکانی شاوریان لەگەڵدایە، هەموو سەرکردەکانی سوپاکەی داوایان کرد بگەڕێنەوە بۆ شام و خۆیان پڕ چەک بکەن، بەڵام ئەسەدەددین ئازایانە ڕاوەستا و بەردەوام بوو لە ڕێگەی خۆی لەمەشدا سەڵاحەددینی لەگەڵدا بوو، پاشان ئەسەدەددین هەستا بە داڕشتنی پلانێکی سەربازی زیرەکانە کە سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەستهێنا بەسەریاندا پاشان لەگەڵ سەربازەکانیدا ڕۆیشتن بەرەو ئەسکەندەریە، لەسەر بانگەوازی خەڵکەکەی، دوای ئەوەی گرتیان ئەسەدەددین، سەڵاحەددینی وەک پارێزەر لەسەر بە جێ هێشت و خۆی گەڕایەوە بۆ درێژەدان بە فەتحەکانی، و خاچھەڵگرەکان ئەم فرسەتەیان قۆستەوە و گەمارۆی ئەسکەندەریەیان دا نۆ مانگ، ئەسەدەددین گەڕایەوە بۆ سەرخستنی خەڵکی ئەسکەندەریە و سوپای شامی بە سەرکردایەتی سەلاحەددینی ئەیووبی کە لە ئەسکەندەریە گەمارۆدرابوون، لەبەرئەوە خاچھەڵگرەکان زۆر لێی ترسان و داوای ڕێکەوتنیان لێکرد، ئەسەدەددینیش مەرجی ئەوەی بۆ دانان کە میسر بە جێ بهێڵن و تەنها گوندێکیشیان نەبێت تیایدا.
شاور ڕێکەوتنێکی نهێنی کردبوو لەگەڵ خاچھەڵگرەکان، تا شەڕبکەن بەسەر نورەددین زەنگی لە شام، هەروەها ڕێکەوت لەگەڵیان تا سوارەکانی خاچھەڵگرەکان پاسەوانی دەروازەی قاهیرە بکەن لە ساڵی ٥٦٢ک. خاچھەڵگرەکانیش بۆ پاراستنی خەڵکی میسر قبوڵیان نەکرد بەڵکو لە فرسەتێک ئەگەڕان تا بڕۆنە ناو میسرەوە و بیگرن، کە ئەمەش لە سەرەتاکانی ساڵی ٥٦٤ک ڕوویدا، پاشای شانشنی لاتینی خاچھەڵگری لە قودس سوپاکەی کۆکردەوە و وبە خێراییەکی گەورە ڕۆیشتن و شاری بلبیسیان گرت و کوشتارگەیەکیان تیا دامەزراند، پاشان ڕۆیشتن بەرەو قاهیرە و گەمارۆیەکی توندیان لەسەر دانا، شاور لێرەدا یەکێک لە هەڵەکانی تری ئەنجامدا کە هەستا بە سوتاندنی قاهیرە تا خاچھەڵگرەکان بگەڕێنەوە، ٥٤ ڕۆژ قاهیرەیان ئەسوتاند، هەتا خەڵکەکەی و لەسەروو هەموویانەوە خەلیفەی فاتیمی ناردیان بە دوای نورەددین زەنگی تا فریایان بکەوێت لە دەستی خاچھەڵگرەکان و شاوری وەزیر ڕزگاریان بکات.
فەتحی میسر بۆ ئەسەدەددین وک دوایین خەون بوو و چاوەڕێی ئەو فرسەتەی ئەکرد و لە حومس بوو کاتێک نامەی نورەددین زەنگی پێگەیشت کە بچێت بۆ حەلەب تا دەربچێت بۆ ڕزگارکردنی میسر، ئەسەدەدین کە لە ٦٠ ساڵ تێپەڕی کردبوو ئەو کاتە زۆربەخێرایی بەڕێکەوت کە هەر ئەو ڕۆژە گەیشتە حەلەب، و نورەددین بەوە زۆر دڵخۆش بوو و سوپاکەی بۆ کۆکردەوە کە لە ١٠٠٠ سەرباز پێک هاتبوون و ئەسەدەددین خۆی شەش هەزاری تری کۆکردەوە لە خۆبەخشەکانی شام، ووک پێشتر خاچھەڵگرەکان زۆر لە ئەسەدەددین ئەترسان و هەر هەواڵیان پێگەیشت ئەسەدەددین بە توڕەیی بەرەو قاهیرە ئەڕوات، یەکسەر کشانەوە و چۆڵیان کرد و ئەسەدەددین وەک فەتحکەری سەرکەوتوو چووە قاهیرەوە بە بێ شەڕ.
شاور هەوڵی دا کە ئەسەدەددین بباتە سەر خواردنێکی ژەهراوی تا لە ناوی ببات، بەڵام کوڕە گەورەکەی شاور کوڕێکی پیاوچاک بوو بە باوکی ووت ئەوە نەکات ئەگەر نا ئەو هەواڵ ئەدا بە شێرکۆ، بەم شێوەیە شاور پاداشتی هەڵە و خیانەتەکانی وەرگرت و خەلیفەی فاتیمی فەرمانی کرد بە لە سێدارەدانی، و ئەسەدەددین وەزارەتی دەوڵەتی فاتیمی گرتە دەست لە قاهیرە و دەستی بە ئیش کرد بۆ ڕووخانی دەوڵەتی فاتیمی و یەکخستنەوەی میسر و شام لە ژێر حوکمی نورەددین زەنگی لەسەر داوای خەلیفەی عەبباسی.
ئەسەدەددین دوای ئەوەی لە زیاتر لە سەد و پەنجا ڕووداوودا بەشداری کرد و لە زۆر جێگەدا ڕووبەڕووی مردن بوویەوە، بەڵام لەسەر جێگاکەی خۆی مرد لە ساڵی ٥٦٤ک، پاشان هێنانەدی ئاواتەکەی بە فەتحکردنی میسر. و لە پاش ئەو سەلاحەددینی ئەیووبی برازای جێگەی گرتەوە لە وەرگرتنی وەزرات کە دواتر فاتیمییەکانی ڕووخاند و دەوڵەتی ئەیوبی دامەزراند و خاچھەڵگرەکانی کردە دەرەوە لە قودس.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئەسەدەددین شێرکۆ تێدایە. |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.