ئێگزیستانسیالیزم
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئێگزیستانسیالیزم یان بوونخوازی (بە ئینگلیزی: Existentialism) دەستەواژەیەکە کە بۆ بەرھەمەکانی ھەندێک لە فەیلەسووفانی کۆتایی سەدەی ١٩ و سەدەی ٢٠ـەمی زایینی بەکاردێ کە سەرەڕای قوتابخانە جیاوازەکانیان لە سەر ئەم باوەڕە ھاودەنگن کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بە بابەتی مرۆڤ دەست پێدەکات نە بەتەنیا بابەتی بیرکردنەوە.[1] ئێگزیستانسیالیزم قوتابخانەیەکە کە جەخت لە گرینگی و ڕەسەنایەتی مرۆڤ دەکاتەوە و بەو پێیەوە ھەر کەس ئازادە لە ئەنجامدانی ھەر کارێک و لە کردەوەکانی خۆی بەرپرسە.[2][3] بە ئاوڕدانەوە لە بەرھەمەکانی نیچە و کیەرکێگۆر، بزووتنەوی ئێگزیستانسیالیزم لە سەدەی بیستەم لەلایەن ھایدگەر، سارتر و مێرلائۆ پۆنتی پەرەی پێدرا و بڵاوبووە. ھایدگێر ڕای خۆی لە دژی فەلسەفەی دیاردەناسی ھوسێرل بە دەربڕینی ئەوەیکە مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتی جێدەگرێ و نەتوانینی ئێمە بۆ تیۆریزەکردن لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە، باسکردووە. سارتر و پۆنتی، ئێگزیستانسیالیزمیان بە پرۆسەی باڵادەست و ئەقڵانەی سەردەمی پاش شەڕ لە ئەورووپا دەگۆڕن.[4]
سۆرێن کیەرکێگۆر بە گشتی وەک ھەوەڵین فەیلەسووفی ئێگزیستانسیالیزم لەقەڵەم دەدرێ،[5] گەرچی ئەو، دەستەواژەی ئێگزیستانسیالیزمی بەکار نەھێناوە.