تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی
٢٠١٨ ڕۆژنامەنوسێکی تیرۆرکراوی سعودی / From Wikipedia, the free encyclopedia
تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی، ڕەخنەگرێکی دژی حکومەتی سعودی، نووسەر بۆ واشینگتن پۆست و بەڕێوبەری پێشوو و سەرنووسەری کەناڵی ئەل-عەرەب نیوز، لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، تورکیا ڕوویدا و لەلایەن بریکارانی حکومەتی سعودیەوە ئەنجام درا.[1][2]ھۆکاری تەواوی مردنەکەی نەزانراوە، بەھۆی دیارنەمانی تەرمەکەی.[3][4]حکومەتی وڵاتانی شانشینی سعودیە، تورکیا، شانشینی بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لەو بڕوایەدان کە خاشقچی کوژراوە. تورکیا پێوایە ئەمە کوشتنێکی بەرنامەدارێژراو بووە، و ھەندێک سەرچاوەی سعودیش دانیان بەوە داناوە کە بریکارانی حکومەتی سعودی کارەکەیان ئەنجامداوە.[5]
تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی | |
---|---|
شوێن | کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ |
ڕێکەوت | ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ، دوای چوونەژوورەوەی خاشقچی بۆ نێو کونسوڵخانەکە. |
ئامانج | بێدەنگکردنی ڕەخنەگرێکی دژی دەسەڵاتی سعودی |
جۆری ھێرش | بەرنامەدارێژراو |
قوربانی | جەمال خاشقچی |
ھەنگاونەر(انی) تۆمەتبار | زیاتر لە ١٥ کەس دادگایی کراون |
ژمارەی بەشداربووان | ١٥ |
خاشقچی سەردانی کونسوڵخانەی سعودیەی کردبووە بە مەبەستی دەستکەوتنی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ھاوسەرگیریەکەی کەوا لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەنیازبوون ئەنجامی بدەن. بەھۆی نەبوونی ھیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی خاشقچی لەنێو کونسوڵخانەکەدا، ئەو بە کەسی ونبوو دەستنیشانکرا،[6] سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی کوشتن و پارچە پارچەکردنی لەناوخۆی کونسوڵخانەکەدا.[7][8]لە سەرەتادا کاتێ ھەواڵی ونبوونی بڵاوبوویەوە، سعودیە بێ ئاگایی خۆی ڕاگەیاند و جێھێشتنی کونسڵخانەکەیان لەلایەن خاشقچیەوە پشتڕاست کردبوویەوە.[9] میدیا تورکیەکان بەڵگەی جۆراوجۆریان دەربارەی جێنەھێشتنی کونسوڵخانەکە لەلایەن خاشقچیەوە بڵاوکردەوە. حکومەتی سعودی گشت پەیوەندیەکی بەو ونبوونەی خاشقچی ڕەتکردەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێپرسینەوەی لە تەواوی ئەو کەسانە کرد کە بەرپرسن بوون لەو کوشتنە و داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری لە بەرپرسانی سعودی کرا.[10]لەلایەکی دیکەوەش بەرپرسانی تورکیا بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەی جۆراوجۆر بەدرۆخستنەوەی ڕاگەیاندنەکانی سعودیە. وڵاتی سعودیە خرایە ژێر چاودێریەکی توند، و پەستانی ئابووری و سیاسی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیەکان.[11] لێکۆڵینەوەیەکی نێو کونسوڵخانەکە لەلایەن پۆلیسی سعودی و تورکی لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا. بەرپرسانی تورکیا بەڵگەی پێویستیان بەدەست ھێنابوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە خاشقچی تیرۆرکراوە.[12] دوای ١٨ ڕۆژ، حکومەتی سعودی دۆخی بێ ئێ ئاگایی خۆیان گۆڕی بۆ ئاگاداریان لە مردنی خاشقچی لەنێو کونسوڵخانەکە بەھۆی تێوەگلان لە شەڕە بۆکسێک و دواتر خنکاندنی خاشقچی لە شەڕەکەدا.[13] وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئەم کارەی بە «ئۆپەراسیۆنی یاخیبووەکان» ناوبرد و حکومەتی وڵاتەکەی لێ بێ بەری کرد.[14]
ھەژدە کەسایەتی سعودی لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە دەستگیرکران، لەنێویاندا ١٥ کەسی بەشداری-ڕاستەوخۆی تیرۆرکردنەکە کە ئاشکرایان کرد ئەحمەد ئەسیری ئەوانی ناردبوو بۆ قسەکردن لەگەڵ خاشقچی و دەستگیکردن و گەڕاندەوەی بۆ سعودیە.[15][16] لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا، بەرپرسانی سعودی ڕایانگەیاند تیمێکی ھەمانگی خۆیان و تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کوشتنەکە بە پیلانی پێشوەختە و ورد ئەنجامدراوە. خێزانی شاھانەیی سعودیە تەواوی پەیوەندیەکانیان بەو کوشتنە ڕەت کردەوە.[17] لە ٣١ی تشرینی یەکەم، داواکاری گشت ئیستەنبوڵ بەیاننامەیەکی دەرکرد کەوا تێیدا ئاماژە بە خنکاندنی خاشقچی درابوو لەگەڵ چوونەژوورەوەی بۆ نێو کونسوڵخانەکە. ھەروەھا لە بەیاننامەکەدا، پارجە پارچەکردنی تەرمەکەی و فڕێدانیشی پشتڕاست کرابوویەوە.[18]
بەرپرسانی تورکیا تۆمارێکی دەنگیان بڵاوکردەوە کە تایبەت بوو ساتی کوشتنی خاشقچی و سەلمێنەری ئەوەی کە تیرۆرەکە لەلایەن بڕیارەکانی جێگری تەخت موحەمەد بن سەلمانەوە بڕیاری لەسەر دراوە.[19]دوای چەند ڕۆژێک لە ١٦ی تشرینی دووەمدا، ئەندامانی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی کەوا لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەیان کردبوو، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەوا موحەمەد بن سەلمان بڕیار تیرۆرکردنی خاشقچی دەرکردبوو.[20] لە ٢٠ی تشرینی دووەمدا، سەرۆکی ویلایە یەکگرتووەکانی دۆناڵد تڕەمپ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سی ئای ئەی ڕەتکردەوە و گوتی پێویستە لێکۆڵنیەوەکان بەردەوامیان ھەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجام.[21]
لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا، داواکاری گشتی نووسینگەی سعودیە ڕایگەیاند کەوا یازدە ھاوڵاتی سعودی تۆمەتبارکراون بە کوشتنی جەمال خاشقچی و پێنچ کەسیان ئەگەری سەپاندنی حوکمی مردنیان بەسەردا ھەیە، بەوپێیەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان ھەبووە لە کوشتنەکە. دەگوترێ لەگەڵ چوونەژوورەوەی خاشقچی بۆ نێو کونسوڵخانە، ڕاستەوخۆ بە دەرزی بێھۆشکەر بێ ھەست کراوە. دواتر لاشەی پارچە پارچە کراوە و لە کونسوڵخانە دوورخراوەتەوە لەلایەن پێنچ تۆمەتبارەکە و بە کەسێکی ناوخۆی تورکیا دراوە بۆ فڕێدان و لەناوبردنی تەرمەکەی. بەرپرسانی سعودی بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی بوونی ھیچ پەیوەندیەکی خێزانی شاھانەیی سعودی بە بڕیار دەکردن یان پشتگیریکردنی کوشتاریەکە.[22][23]
ئەڵمانیا، نەرویج و دانیماڕک ھەستان بە ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە دوای ڕووداوەکە، و کەنەداش بیر لە ھەمان ھەنگاوی ئەوان دەکاتەوە.[24]
لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا، خاشقچی بە کەسایەتی ساڵ دەستنیشانکرا لەلایەن گۆڤاری تایمەوە بۆ خزمەتەکانی بە کاری ڕۆژنامەوانی. ڕۆژنامەکە خاشقچی بە «پارێزەری ڕاستیەکان» ناوبرد.[25][26][27]